باران و رەشەبا لە ئاکرێ و خەبات زیانی لێدەکەوێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە، ئاو چووەتە نێو زیاتر لە 20 ماڵ و بەشێک لە تەکیەی شێخ عەبدولعەزیز گەیلانی لە ئاکرێ. هەروەها لە قەزای خەباتیش بای بەهێز، بارانی بەخوڕ و تەرزەبارین زیانیان هەبوو.
بەپێی پێشبینییەکانی بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کە ئەمڕۆ چوارشەممە 12-04-2023 بڵاویکردووەتەوە، "بارانبارین لە سەرجەم ناوچەکان بەردەوام دەبێت و بارانی بەلێزمە و هەورە برووسکەشی لەگەڵدا دەبێت".
ئەمڕۆ چوارشەممە عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هێڤیدار زانا پێشکێشی کرد، رایگەیاند، لە سیپە و هەندێک لە گەڕەکەکانی ئاکرێ لافاو دروستبووە و ئاو چووتە نێو زیاتر لە 20 ماڵ.
عەقید ئیبراهیم فەریق ئاماژەی بەوە کرد، لە ئاکرێ لە کاژێر 9:00 بۆ 13:00 واتە لە ماوەی چوار کاژێردا 53.4 میلیمەتر باران باری کە لە ماوەیەکی کورتدا بڕێکی زۆرە و ''ئەگەری هەیە ئاو زیاتر بەرزببێتەوە و بچێتە نێو ماڵەکان''.
عەقید ئیبراهیم فەریق گوتیشی، تاوەکو ئێستا لافاو هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و تەنیا زیانی مادی هەبووە و زیاتر کەلوپەلی راخستن لە ماڵەکان زیانیان بەرکەوتووە، گوتی ''ئەو شوێنانەی سەردانمان کردوون، 10 بۆ 15 سانتیمەتر ئاو تێیاندا کۆبووەتەوە''.
چوار بۆ پێنج تیمی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ لە ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی لە ئەگەری روودانی هەر رووداوێکی نەخوازراو بە هانای خەڵکەوە بچن.