تەرمی گەنجێکی 30 ساڵ لە زاخۆ لەناو رووباری خابوور دۆزرایەوە

 
رووداو - زاخۆ

گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی گەنجێکی 30 ساڵیان لەنێو رووباری خابوور دۆزیوەتەوە.
 
رائید ئەحمەد رەمەزان، گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەوروبەری کاژێر 05:30 خوولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 12-03-2024 تەرمی گەنجێکی 30 ساڵیان بەناوی "ی. ا. ی" لەنێو رووباری خابوور لە گوندی چەم کورکی سەر بە ناحیەی رزگاری دۆزیوەتەوە، کە خەڵکی زاخۆیە.
 
بە گوتەی گوتەبێژەکەی پۆلیسی زاخۆ، تەرمی ئەو گەنجە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە بۆ دادپزیشکیی زاخۆ گواستراوەتەوە، بە بڕیاری دادوەریش پەڕەی لێکۆڵینەوە بەپێی مادەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی بۆ کەیسەکە کراوەتەوە.
 
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە، لەم مانگەدا ئەمە دووەم حاڵەتی هاوشێوەیە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ روودەدات، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو تەرمی گەنجێکی تری 26 ساڵ لەناو رووباری خابووری زاخۆ دۆزرایەوە، کە تاوەکو ئێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەو رووداوەش رانەگەیێندراوە.