پاسێک لە رێگەی شەقڵاوە - باسرمە تووشی رووداوی هاتووچۆ دەبێت؛ زیاتر لە 15 کەس بریندار دەبن


رووداو دیجیتاڵ

ئێوارەی ئەمڕۆ پاسێک لەسەر رێگەی باسرمە - شەقڵاوە تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو و بەهۆیەوە ژمارەیەک کەس برینداربوون کە بەلایەنی کەمەوە 15 کەسن. پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەکرد، "برینی زۆربەیان سووکە."
 
ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو چووەتە شوێنی رووداوەکە و ئاماژەی بەوەکرد، ئەو کەسانەی لە پاسەکەدا بوون لە دەڤەری بارزانەوە گەڕاونەتەوە بۆ هەولێر. 
 
رووداوە هاتووچۆکە لەنێوان ئەو پاسە لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتا هیلۆکس روویداوە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری رووداویش لە نەخۆشخانەی شەقڵاوە دەستی کەوتووە، 7 بریندار گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکە کە برینی یەکێکیان سەخت بووە و رەوانەی هەولێر کراوە، ئەوانی دیکە دەنێردرێنەوە ماڵەکانی خۆیان. هاوکات بریندارەکانی دیکەش لە هەریر چارەسەرکراون.
 
رووداو بەشێک لەو کەسانەی بینیوە کە لە نەخۆشخانەی شەقڵاوە چارەسەر وەردەگرن کە منداڵ و کەسی بەتەمەنیش لەنێو پاسەکەدا بوون. لەمیا رەسوول، پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەکرد، "یەکێک لە بریندارەکان ژن بوو و تەندروستیی جێگیر نەبوو."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، سەرنشینەکان فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی رێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێرن لەگەڵ ماڵباتەکانیان. یەکێک لە بریندارەکانیش کچێکی 16 ساڵانە کە دەستی بە سەختی بریندار بووە و "تەنیا پێستەکەی بە جەستەیەوە هێشتوویەتییەوە."