کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی سووریا رەخنە لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی سووریا راپۆرتی نیوەی دووەمی ساڵی 2021ی خۆی رادەستی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد و تێیدا هاتووە، ژیان لە بەشێک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئارامی و دڵنیایی تێدا نییە و ئەو خەڵکەی لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە و هێزەکانی باکووری حەلەبدان زۆرجار دەکەونە دۆخێکی نالەباری ئەمنییەوە و مەترسی ئەوەش هەیە گرژییەکان لە لایەن تورکیاوە زیاتر بن.
راپۆرتەکە بە چەند خاڵێک سەرنجی خستووەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی سووریا، لەوانەش ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر. یەکێک لە خاڵەکان باسی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە سنووری پارێزگای دێرەزوور دەکات و دەڵێت، دۆخێکی شڵەژاوی لێیە، ئەوەش بەهۆی "هێرشە بەردەوامەکانی داعش و ئۆپەراسیۆنەکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری هەسەدە وەک وەڵامدانەوەی هێرشەکانی داعش".
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو کەسانەی دژی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن ترسی ئەوەیان هەیە دەستگیربکرێن، ئەگەر بە ئاشکرا بۆچوونی خۆیان دەربڕن. پاشان، "دۆخی خراپی ژیان و پیسبوون بەهۆی پاڵاوگە نەوتییەکانەوە لە دێرەزوور و حەسەکە مەترسی بۆسەر تەندروستیی هاووڵاتیان دروستکردووە؛ تووندوتیژیش لە کامپەکانی وەک هۆل و رۆژ بەرزە".
تۆپبارانکردن و بۆردوومانکردن
راپۆرتەکەی کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی سووریا دەڵێت، "شەڕ لە نێو شارەکانی عەین عیسا و تل تەمر و دەوروبەریان بەردەوامە و ئەوەش بووەتە هۆی کوژران، برینداربوون و ئاوارەبوونی بەردەوامی خەڵک".
لە راپۆرتەکەدا هەندێک نموونەی تۆپباران و بۆردوومان ئاماژەیان بۆ کراوە؛ بۆ نموونە، تۆپبارانەکەی رۆژی 17ی ئابی 2021 لە گوندێکی نزیک تل تەمر کە بووە هۆی کوژرانی ژنێک لە ماڵەکەی و برینداربوونی 10 کەسی دیکەی سڤیل. هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "لە مانگەکانی ئەیلوول و ئابدا گوندەکانی دیکەی پارێزگای حەسەکە تۆپباران کران و بەو هۆیەوە خەڵکی ئاوارە بوون".
راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر جموجووڵەکانی داعشیش و دەڵێت: "پاشماوەی شانە نووستووەکانی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەن و هێرشیشیان ئەنجامداوە. دوایین هێرشیان رۆژی 20ی کانوونی دووەم بۆسەر زیندانی غوێرانی حەسەکە ئەنجامدا. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزەکانی سووریای دیموکراتیش چەندین ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆریان ئەنجامداوە".
کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی سووریا دەڵێت، چەندین هەواڵیان بەدەستگەیشتووە کە ئاماژە بەوە دەکەن هێرش لە رێگەی درۆنەوە ئەنجامدراوە و گومانی ئەوەش هەیە ئەنجامدەریان تورکیا بووبێت، ئەوە لە کاتێکدایە بەرپرسانی تورکیا دان بەوەدا دەنێن ئەو لایەنانە لە سووریا دەکەنە ئامانج کە ئەوان وەک "تیرۆریست" دایان دەنێن.
دەستگیرکردنی خەڵک
بەشێکی راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەو کەسانە دەستگیردەکەن و دەترسێنن کە ئەندامی پارتە سیاسییەکانی دیکەن یان رۆژنامەڤانن و دەڵێت: "هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوامن لە دەستگیرکردنی هەڕەمەکییانەی ئەو کەسانەی کە ئەندامی پارتە نەیار و ئۆپۆزسیۆنەکانی پەیەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن یان باوەڕ وایە ئەندامی ئەو پارتانە بن. ئەوانەی دەستگیرکراون ئەندامانی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان، چالاکڤانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کارمەندانی دامەزراوە میدیاییەکانن".
لە راپۆرتەکەدا نموونەیەک هێنراوەتەوە و هاتووە: "لە ئایاری 2021دا ئەندامێکی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا لەلایەن ئاسایشەوە لە ماڵەکەی خۆی لە حەسەکە دەستگیرکرا، گوایە بۆ ئەوەی وەڵامی هەندێک پرسیار لە دۆسیەیەکی گەندەڵی بداتەوە. رۆژی 28ی حوزەیرانی 2021 برایەکی ئەو کەسە بانگکرا بۆ نەخۆشخانەی سەربازیی حەسەکە بۆئەوەی تەرمەکەی وەربگرێتەوە و گوایە بە جەڵتە مردووە. کاتێک تەرمەکەی رادەستی کەسوکاری کرایەوە، نیشانەی ئەشکەنجە بە جەستەیەوە هەبوو".
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "دروستکردنی ئاستەنگ بۆ میدیای ئازاد و رۆژنامەڤانان بەردەوام بووە". یەکێک لەو نموونانەی کە راپۆرتەکە ئاماژەی پێکردووە هێرشکردنە سەر نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو بووە لە رۆژی 28ی مانگی ئەیلوولی رابردوودا.
چەکدارکردنی منداڵان
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە: "دوای دەربڕینی پابەندبوونەکەی بۆ وەستاندنی چەکدارکردنی منداڵان، هێزەکانی سووریای دیموکرات وازیان لەو کارە هێنا. کۆمیسیۆنەکە کەیسی سێ کچ و کوڕێکی دۆکیومێنت کردووە کە هەموویان تەمەنیان 15 ساڵ بووە و لە تشرینی دووەمی رابردوودا لە لایەن گەنجانی شۆڕشگێڕەوە لە عامودە و قامشلۆ رفێندران بۆئەوەی بە زۆر بکرێنە چەکدار. پێویستە هێزەکانی سووریای دیموکرات دڵنیایی بدات لەوەی چەکدارکردنی منداڵان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتەکەی بەشێوەیەکی کاریگەر قەدەخە دەکرێت".