زیاتر لە هەزار مامۆستای ئاینیی خۆبەخش تاقیکردنەوەیان پێدەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
تاقیکردنەوەی مامۆستایانی ئاینیی خۆبەخش لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ دیاریکردنی ئاستی زانستییان بەڕێوەدەچێت، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی دەڵێت، تاقیکردنەوەکە لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و ئەو مامۆستایانە بەشداریی دەکەن، کە پێشنوێژ و وتارخوێنی خۆبەخشن.
 
رۆژی شەممە 12-3-2022، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەسەرپەرشتی ئەنجوومەنی زانستی، تاقیکردنەوەی خۆبەخشانی سنووری پارێزگای ھەولێر دەستیپێکرد و ماوەی سێ رۆژ دەخایێنێت، کە نزیکەی 650 مامۆستا تێیدا بەشداردەبن".
 
تاقیکردنەوەکە هەفتەی رابردوو لە سلێمانی بەڕێوەچووە، نەبەز ئیسماعیل دەڵێت، لە سلێمانیش نزیکەی 400 مامۆستای ئاینی تاقیکردنەوەکەی کردووە، دواتر لە دهۆک و هەڵەبجەش هەمان تاقیکردنەوە دەکەن لەوێ ژمارەیەکان کەمە.
 
سەبارەت بە ئامانجی وەزارەتی ئەوقاف لە تاقیکردنەوەکان، نەبەز ئیسماعیل گوتی: "دەمانەوێت ئاستی زانستییان دیاری بکەین، ئەمانە خۆبەخشن و دامەزراو نین، وەکو ئەو خۆبەخشانەی لە کەرتەکانی دیکەدا هەن، ئێمەش دەمانەوێت بزانین کامیان توانایان زیاترە لە داهاتوودا بەگوێرەی یاسا چیمان پێکرا بۆیان بکەین".
 
لە هەرێمی کورستان 5 هەزار و 740 مزگەوت هەن، کە 3200یان نوێژی هەینیان تێدا دەکرێت، بۆ ئەو ژمارە مزگەوتە 2700 مامۆستای ئاینیی دامەزراون. نەبەز ئیسماعیل گوتی، کەمیی میلاکیان هەیە و لە رێگەی ئەو مامۆستا ئاینییە خۆبەخشانەوە کە ژمارەیان زیاتر لە 1000 مامۆستایە میلاکەکە پڕکراوەتەوە.