لویس ساکۆ: سیستانی بێئومێدیی خۆی لە سیاسییەکانی عێراق بۆ پاپا فرانسیس روونکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
کاردیناڵ لویس ساکۆ کە لە کۆبوونەوەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، ئامادەبووە، دەڵێت، عەلی سیستانی بە پاپای گوتووە، "بێئومێدبووم لە سیاسییەکان و هەر بۆیە ماوەی 10 ساڵە لەگەڵ هیچ سیاسییەکدا کۆنەبوومەتەوە".
کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانییەکان لە عێراق و جیهان لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ بێستوون عوسمان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، هەندێک نهێنیی کۆبوونەوەکەی پاپا فرانسیس و عەلی سیستانی ئاشکراکرد.
بە گوتەی کاردیناڵ لویس ساکۆ، عەلی سیستانی و پاپا فرانسیس سەرەڕای تاوتوێکردنی هاووڵاتیبوون و مرۆڤایەتی، ئاماژەیان بە سیاسەتڤانان و بارودۆخی سیاسیی وڵاتەکە کردووە. سیستانی بە پاپای گوتووە، "10 ساڵە پێشوازییم لە سیاسەتڤانان نەکردووە، چونکە بێئومێدیان کردووم". کاردیناڵ ساکۆ دانی بەوەشدانا کە کاتێک مەرجەعی باڵای شیعەکان قسەیەک دەکات، سیاسەتڤانان "بەگوێی ناکەن".
لویس ساکۆ راشیگەیاند، "دەبێت ویژدانمان بجووڵێت و بەرەو بەرزڕاگرتنی بەهاکانی مرۆڤایەتی هەنگاوبنێین و وەکو وڵاتە پێشکەوتووەکان بژین، چونکە "تەنانەت وڵاتانی ئەفریقاش لە عێراق باشتر دەژین."
رۆژی 5ـی ئازاری 2021، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بە سەردانێکی فەرمی سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق کرد، رۆژی دواتریش چووە شاری نەجەف و لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان بۆ ماوەی 45 خولەک کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکانی نووسینگەی پاپا ڤاتیکان و عەلی سیستانی، هەردوولا جەختیان لە هاوئاهەنگیی نێوان ئایینەکان، لێبوردەیی و پێکەوەژیان کردەوە. عەلی سیستانی رایگەیاند، دەبێت هاووڵاتییە کریستیانەکان لە عێراق بە تەواوی مافە دەستوورییەکانیان لە ئاسایش و ئاشتیدا بژین.