گەنجێک لە بنەسڵاوە بە سێ گولـلە دەکوژرێت و لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی جێدەهێڵرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەینی لەلایەن دوو منداڵەوە تەرمی کەسێک لەنێو سندووقی ئۆتۆمبێلەکەی لە بنەسڵاوە دۆزرایەوە، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێریش دەڵێت، شوێنەواری سێ گولـلەی بەسەر جەستەیەوە بووە.
پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە ئاماژەی بەوە کرد، منداڵەکان بۆ یاریکردن و پیاسە چووبوونە ناوچەکە، "لەسەر بەرزاییەک دەبینن ئۆتۆمبێلێک راگیراوە و کەسی تێدانییە. کاتێک لێی نزیکبوونەتەوە و دەرگەکەیان کردووەتەوە، سویچی ئۆتۆمبێلەکەیان دەرهێناوە و سندووقی ئۆتۆمبێلەکەیان کردووەتەوە و تەرمەکەیان بینیوە."
منداڵەکان کاژێر 10:00 بۆ 10:30 خولەکی بەیانی تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە، هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لەبارەی رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەسەی کوژراوە ناوی عەلی سەباح سوارە و تەمەنی 29 ساڵانە.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر هۆکاری رووداوەکەی ئاشکرا نەکرد، گوتی، لە لێکۆڵینەوەکانمان بەردەوامین. هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ کەسێک لەسەر رووداوەکە دەستگیرنەکراوە.
هۆگر عەزیز ئاماژەی بەوە کرد، "تیمەکانی پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ گەیشتن بە هۆکاری راستەقینەی رووداوەکە و دەستگیرکردنی بکەری سەرەکیی تاوانەکە."