بووكێكی شەش رۆژە لەسەر ئەوەی خەتەنەكراوە تەڵاق دەدرێ
رووداو – هەولێر
چرا لە سووچێكی هۆڵەكەدا سەری شۆڕ كردبووەوە، وەك ئەوەی تاوانێكی كردبێ و بە زۆر پەلكێشی دادگا كرابێ، دایكی دەیكێشا بە سینگی خۆیدا و دەیگوت: "ئاخر زەمانە، حەیا نەماوە، ئەگینا مەعقولە بووكی شەش رۆژە تەڵاق بدرێ".
كامەرانی تازە زاواش هاواری بەسەر كەسوكارەكەیدا دەكرد "من مافی خۆمە، ژنی خەتەنەكراوم ناوێ".
چرا، تەمەن 24 ساڵ، دوای تەواوكردنی پۆلی سێی ناوەندی، باوكی لە قوتابخانە دەیهێنێتە دەرەوە. چرا خۆی فێری بەرگدروویی دەكات. هەر بەهۆی كارەكەیەوە، یەكێك لە موشتەرییەكانی، خوازبێنی چرا دەكات بۆ براكەی، كە 11 ساڵ بوو لە بەریتانیا دەژیا.
چرا بە شەرمەوە قسەی بۆ (رووداو) كرد و گوتی: "حەزم دەكرد ببم بە مامۆستا، بەڵام لەنێو بنەماڵەی ئێمە ناهێڵن كچ بچێتە زانكۆ و پەیمانگا، پێیانوایە ئەگەر كچ بوو بە مووچەخۆر ناتوانێ خزمەتی مێردەكەی بكات".
چرا لە دیسەمبەری 2018 لە كامەران مارە كرا، سەرەتای مانگی رابردووش گوازرایەوە. تەنیا شەش رۆژ لە مانگی هەنگوینییان بەڕێكردبوو، مێردەكەی لەسەر ئەوەی كە خەتەنەكراوە، یەكسەر داوای جیابوونەوەی كرد.
چرا باسی ئەو شەوە دەكات و دەڵێت: "چەرچەف و سەرینەكەی فڕێدایە سەر زەوی و گوتی تۆ منت هەڵخەڵەتاندووە، چۆن بەمنت نەوتووە خەتەنەكراوی، لەخێزانی مندا ئەم كولتوورە دواكەوتووە نییە، تەنانەت نەنكیشم خەتەنە نەكراوە."
بە گوتەی چرا، خێزانەكەی كامەران زۆر لەبەری پاڕاونەتەوە، بەڵام سوودی نەبووە و چووەتە دادگا سكاڵای جیابوونەوەی تۆمار كردووە. چرا چاوەڕێی هەفتیانەی كردووە، بەڵام لە شەشەم رۆژدا خەزووری لەبەردەرگای ماڵی باوكی دایدەدەنێ و بە چرا دەڵێت "لەبەر ئەو كارەی كوڕەكەم، رووم نایەت بێمە ژوورەوە".
كاتێك چرا دەچێتە ژوورەوە، خێزانەكەی دەحەپەسێن. چرا دەڵێت: "كە دایكمم بینی، 18 ساڵ لەمەوبەرم هاتەوە یاد، كاتێك لەنێو كانتۆردا خۆم شاردبووەوە، منیان دۆزییەوە و خستمیانە بەردەستی پوورە بەلقیس، منیش هێندە ترسابووم، بەهیچ رانەوەستام و زۆر دەجوڵام، بەو هۆیەوە زیاتر لەو بەشەی بڕی كە دەبوو بیبڕێ. وەك بوركانێك بەڕووی دایكمدا تەقیمەوە و هاوارم كرد ئەوە باجی خەتەنەكردنم دا و تەڵاق درام".
چرا تەواو نائومێد بووە، چاوەڕێی پەشیمانبوونەوەی كامەرانیش ناكات "ئەگەر كامەرانیش پەشیمان بێتەوە من ناگەڕێمەوە لای، چونكە شكۆی شكاندم، هەموو خەڵك پێمدەڵێن لەسەر خەتەنە تەڵاق دراوە".
دایكی چرا بە هاوارەوە دەیگوت: "من نەمبینیوە ژن لەسەر خەتەنە تەڵاق درابێت، ئاخرزەمانە و شەرم و حەیا نەماوە، خۆ تەنیا كچی من خەتەنە نەكراوە، چی بكەین، سەردەمی ئێمە خەنەتە نەكردن عەیب بوو".
كامەران پێیوایە بەو كارەی دەیەوێ بەرەنگاری خەتەنەكردن ببێتەوە. ئەو گوتی "دەبێت بەم جۆرە بەرەنگاری ئەقڵیەتی كۆن ببینەوە تا چیدی پیاویش بەهۆی ساردیی ژنەكانیان حەزەكانیان كپ نەكەن، هیچ پیاوێك داوا لە ژنەكەی ناكات كچەكەی خەتەنە بكات، ئەوە ژنە ئازاری ژن دەدات و كەمئەندامی دەكات".
لە كوردستان چەند رێكخراوێكی ناوخۆیی و بیانی كار لەسەر نەهێشتنی خەتەنە دەكەن، دیارترینیان رێكخراوی وادی ئەڵمانییە. بەرپرسێكی رێكخراوەكە بە (رووداو)ی گوت: "خەریكە دیاردەی خەتەنە لە كوردستان نامێنێ، مەگەر لە شوێنە دوورەدەستەكان، ئەویش بە نهێنی دەكرێ، بەڵام بەداخەوە بە دەیان كچ باجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوەی سەردەمی خەتەنەكردن دەدەن".
ئەو نموونەی بە ئافرەتێكی تەمەن 57 ساڵ هێنایەوە كە بەهۆی خەتەنەكردنییەوە تا ئێستا شووی نەكردووە "ئەو ئافرەتە كە تەمەنی 7 ساڵ بووە، ویستوویانە خەتەنەی بكەن، بەڵام لەبەر دەستی دایكی رایكردووە، پاشان كوڕانی ئاوایی دوای كەوتوون و گرتوویانە، ئیدی لەو كاتەوە رقی لە رەگەزی بەرامبەر دەبێتەوە و ئامادە نییە شوو بكات".
ئاری رەفیق، یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، دەڵێت "لەدوای ساڵی 2011 تا ئێستا یەك ئافرەت لەسەر خەتەنە سكاڵای تۆمار نەكردووە، دەتوانم بڵێم خەتەنە نەماوە، ئەگەریش هەبێ، زۆر بە نهێنی دەكرێ، بەڵام ئەوانەی پێشتر خەتەنەكراون، ئێستا باجەكەی دەدەن، كەیسمان لایە بەهۆی خەتەنەوە جیابوونەتەوە".