حکومەتی هەرێمی کوردستان: عێراق ئامادەکاری دەکات تاکلایەنە نەوت و گازی ناوچەکانی مادەی 140 ببات
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی مادەی 140ی دەستووری عێراق، دەبێت پرۆسەی ریفراندۆم لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام بدرێت، بەڵام "ئێستا حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات بە شێوەیەکی تاکلایەنە نەوت و گازی ئەم ناوچانە ببات".
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بەپێی مادەی 140 دەستوری عێراقی فیدرال بۆ ساڵی 2005، دەبێت پرۆسەی ریفراندۆم لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام بدرێت و حکومەتی فیدراڵی پابەند کراوە پێش 31ی کانوونی یەکەمی 2007 ئەو پرۆسەیە جێبەجێ بکات. چ پێش ئەم رێکەوتە، چ لەو 20 ساڵەی رابردوو، سەرجەم حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم بە تەواوی شکستیان هێناوە".
حکومەتی هەرێمی کوردستان عێراق تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، "ئێستا حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات بە شێوەیەکی تاکلایەنە نەوت و گازی ئەم ناوچانە ببات، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی مادەی 140، داواکاری رەوای ئەم ناوچانە دەکات".
حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، "بەپێی هەردوو مادەی 110 و 115ی دەستووری عێراق بۆ ساڵی 2005، مافی رەها و تاکلایەنە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات کێڵگە نەوت و گازە تازە دۆزراوەکان بەڕێوەببات. هەروەها مادەی 112، ئاماژە دەدات حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم کێڵگەی نەوت و گازە پێشتر دۆزراوەکان (کۆنەکان) بە هاوبەشی بەڕێوەببەن، وەک ئەوانەی لە کەرکووک و لە ناوچەکانی دەوروبەی هەن. هەروەها بەغدا پابەند کراوە لەگەڵ هەرێم سەبارەت بە دابەشکردنی داهاتی ئەو کێڵگانەی پێشتر دۆزراونەتەوە (کۆنەکان) رێکبکەوێت".
لە راگەیێندراوەکەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لە بەرپرسیارێتییەکانی بەغدا دەکات و دەڵێت، "حکومەتی هەرێم بەردەوام ئامادە بووە بەشداربێت بۆ ئەم رێککەوتنانە، بەڵام حکومەتی فیدراڵی بە بەردەوامی لە بەرپرسیارێتییە دەستووریەکانی خۆی دزیوەتەوە. ئێستا حکومەتی فیدراڵی لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت و گاز واژۆ بکات بەبێ ئەوەی مادەکانی دەستوور بە گشتی و بە تایبەت هەردوو مادەی 140 و 112، لەبەرچاو بگرێت".
لە بەرامبەر ئەو هەنگاوانەی عێراقی پێ تۆمەتبار دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، "حکومەتی هەرێم بە مافی دەستووریی خۆی دەزانێت، بە هەموو رێکارە جیاوازەکان کە دەستەبەر بێ، بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی بکات و کار لەسەر جێبەجێکردنی یاساکان دەکات بۆ پاراستنی مافە دەستووریەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکووک".