چوار موەلیدەی شوقەکانی زەریلاند لە دهۆک سووتان
رووداو دیجیتاڵ
موەلیدەکانی شوقەکانی زەریلاند لە دهۆک ئاگری گرت و سووتان. پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە.
ئاگرکەوتنەوەکە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12-01-2023، بووە. چوار موەلیدەی یەکەی نیشتەجێبوونی زەریلاند لە دهۆک بە تەواوی سووتان و بەهۆیەوە زیان بە چەند ئۆتۆمبێلێکیش گەیشت. ناسر عەلی، پەیامنێری رووداو گوتی، "هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەنگێکی بەهێزی هەبووە، هاونیشتمانییان تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بوون."
بەهۆی ئاگرەکەوە مەترسیی تەقینی تانکیی گازیش هەبووە کە نزیک بووە لە موەلیدەکانەوە. عەمید حەسەن خورشید، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دهۆک دەڵێت، تانکەرێک گازی بۆ موەلیدەکان بردووە و لە کاتی بەتاڵکردنی، موەلیدەکان کاریان کردووە و بەهۆیەوە ئاگر کەوتووتەوە.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دهۆک دەشڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام چوار ئۆتۆمبێلی بچووک و تانکەرەکەش سووتاون کە بەهۆی کەمتەرخەمیی خاوەنی موەلیدەکەوە بووە.
چوار بنکەی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە نزیکەی 10 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە بەشدارییان لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە کرد و لە ماوەیەکی کەمدا ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دهۆک باسی لەوەش کرد، بەهۆی قەرەباڵخیی شوێنی رووداوەکەوە کەمێک دواکەوتن لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.
یەکەی نیشتەجێبوونی زەریلاند زیاتر لە هەزار شوقەیە و کارەبایەکەیان لەو چوار موەلیدەوە دابین دەکرێت.