کۆنسوڵخانەی ئێران: بێبەرامبەر ڤیزا دەدەینە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان


رووداو دیجیتاڵ
 
کۆنسوڵخانەی ئێران رایگەیاند، ڤیزای گەشتیاری بێبەرامبەر دەدەنە گەشتیارانی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی دەروازەی حاجی ئۆمەران و بەڕێوەبەری دەروازەی پەروێزخانیش دەڵێن، گەشتیار دەبێت کارتی ڤاکسین و پشکنینی کۆرۆنای پێبێت.
 
کۆنسوڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی، لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی چوارشەممە 12-1-2022 بڵاویکردووەتەوە رایگەیاند، ئاگاداری هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە، کە پێدانی ڤیزای گەشتیاری لە ئەمڕۆوە دەستیپێکردووەتەوە و بێبەرامبەرە، جگە لە تێچووی کۆمپانیا گەشتیارییەکان کە "پێنج هەزار دینارە".
 
هەروەها لە راگەیێندراوێکدا دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ رایگەیاند: "لە ئەمڕۆوە هەڵگرانی ڤیزای جۆری گەشتیاری دەتوانن لە رێگەی دەروازەی باشماخەوە گەشت بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەن".
 
لە هەردوو راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە پێویستە رێنمایی و رێکارەکانی تەندروستی جێبەجێ بکرێن.
 
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رێکارە تەندروستییەکان نەبن رێگەی گەشتکردن نادرێت، ئەویش کارتی ڤاکسین و پشکنینی کۆرۆنایە، یەکێک لەوانە بە گەشتیار نەبێت رێگەی گەشتەکەی پێنادرێت.

هەروەها عەباس ئیسماعیل، بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای دوو هەفتە لە راگرتنی هاتووچۆی گەشتیاران لە دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان، لە رۆژی چوارشەممە 12-01-2022ەوە پێدانی ڤیزای گەشتیاری بۆ سەردانی ئەو وڵاتە دەستیپێکردووەتەوە.

بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان گوتیشی، بڕیاری راگرتنی ڤیزا بە گەشتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە دەروازەکە بە بڕیاری ئێران و بە مەبەستی رێگری لە بڵاوبوونەوەی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن بووە.

لەبارەی رێکار و مەرجەکانی گەشتکردن لە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخانەوە، عەباس ئیسماعیل ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کەسانەی ڤیزای گەشتیاری وەردەگرن پێویستە هەردوو ژەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتبێت، هەروەها پشكنینی كۆرۆنایان له‌ جۆری PCR به‌ نێگه‌تیڤ پێبێت، کە ماوه‌ی 48 كاژێری بەسەردا تێنەپەڕیبێت.
 
جگە لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی، سێ دەروازەی نێودەوڵەتی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا هەن، ئەوانیش باشماخ، حاجی ئۆمەران و پەروێزخانن، هەروەها چەند دەروازەیەکی نیمچەفەرمی و لاوەکیش هەن.