چیرۆکی بێسەروشوێنبوونی دوو هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان
رووداو - رادیۆ
لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان و هاووڵاتییانی سووریا لەچاوەڕوانیی دۆزینەوە و سۆراخی بێسەروشوێنبووانیاندان کە گوماندەکەن لە زیندانەکانی سووریادا زیندانی و دەستبەسەرکرابن.
بوشرا خەلیل، دایکی بێسەرشوێنبوویێکی خەڵکی قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستانە، لەدوای خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، لە ساڵی 2013 وەکو پەنابەر روویان لە باشووری کوردستان کردووە و لە کەمپی دۆمیزی پارێزگای دهۆک نیشتەجێن.
بوشرا خەلیل بە رادیۆی رووداوی گوت، کوڕەکەم بە ناوی شەپال عەبدولقادر مەلا جەمال لەدایکبووی ساڵی 1995ـە و لە ساڵی 2015ـەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سووریاوە دەستگیرکراوە و بێسەروشوێن بووە، لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا هیچ دەنگ و باسێکی نییە.
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، لەدوای ئەوەی ئێمە لە 2013 هاتینە باشووری کوردستان، کوڕەکەم لە ناوچەی سەع سەع لە پارێزگەی ریفی دیمەشق کاری هەڵکەندنی بیری دەکرد، بەڵام لە 14ـی 8ـی 2015، بێسەروشوێن بوو و گوماندەکەین لە زیندانی سیدنایا بێت.
لەدوای شکاندنی دەرگاکانی زیندانی سیدنایا لە باکووری رۆژئاوای دیمەشقی پایتەختی سووریا، دەرکەوت هەزاران کەس بەشێکیان بەهۆکاری سیاسی لەو شوێنەدا زیندانی و ئەشکەنجەدراون.
بوشرا باس لەوە دەکات "دوو ساڵ پێش ئێستا، کەسێکی عەرەب لەو زیندانە ئازاد بوو لەرێگەی ناسیاوێکمانەوە پێیگوتین کوڕەکەمانی بینیوە. ئێمەش بۆ سۆراخی کوڕەکەم چەند جارێک چووینە سووریا و چوومە بنکەی پۆلیسی ناوچەی قابوون لە دیمەشق، بەڵام پێیان گوتین لای ئێمە نییە و هیچ ناویکی لەو شێوە لای ئێمە تۆمارنەکراوە."
بوشرا، دایکی شەش کوڕە و ئێستا چواریان لەگەڵی دا دەژین، جگە لە کوڕە بێسەروشوێنبووەکەی، کوڕێکی دیکەشی لە ئاودا خنکاوە. دەڵێت،"هەموو رۆژێک لە چاوەڕوانیی هەواڵ و مژدەی گەڕانەوەی شەپالم."
دایکی شەپال دەڵێت، لە رۆژانی رابردوودا، "لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە، کەسێکمان بینی کە شێوەی لە کوڕەکەی من دەچوو، بۆیە گومان دەکەم ئەو بێت، لەڕێگەی رووداوەوە داوا دەکەم هەرکەسێک هەواڵێکی دەزانێت؛ ئاگادارمان بکاتەوە."
چیرۆکی وونبوون و بێسەرشوێنبوونی هاونیشتمانیان، هەر لە سووریا نییە و هاونیشتمانییەک کە پێشمەرگەیەی رۆژئاوای کوردستان 'رۆژ'ـە دەڵیت، "براکەم لە ساڵی 2015 لە هەولێر ون بووە و داواکارە بدۆزرێتەوە."
ئەحمەد رەشید عومەر، هاونیشتمانییەکی خەڵکی شارۆچکەی دێرکە لە رۆژئاوای کوردستان، ئەو ئێستا پێشمەرگەی رۆژە و دانیشتووی سەربازگەی دۆمیزە لە سنووری پارێزگەی دهۆک، بە رادیۆی رووداوی گوت، لە ساڵی 2015ـەوە براکەم لە شاری هەولێر بێسەروشوێن بووە و هیچ دەنگوباسێکی نییە.
ئەحمەد رەشید، دەڵێت،" براکەم، ناوی رەبیع عومەر رەشیدە و لەدایکبووی ساڵی 1987ـە، ئەو لە چێشتخانەیەکی قەزای عەنکاوەی هەولێر کاری دەکرد، لە 2015ـوە بێسەروشوێن بووە و لەوکاتەوە هەرچی سۆراخی دەکەین، هیچ هەواڵێکمان دەست نەکەوتووە. داواکارم چارەنووسی براکەم ئاشکرا بکرێت."
بەگوتەی ئەحمەد، لەدوای دیارنەمان و بێسەروشوێنبوونی رەبیعی برای، ئەوان چەندین جار سەردانی ئاسایش و لایەنە ئەمنییەکانیان لە هەولێر کردووە بەڵام هیچ هەواڵێکیان دەست نەکەوتووە، دوایینجاریش کە براکەی سەردانی ئاسایشی کردووە لە هەولێر، پێیان گوتبوو "ئینشائەڵڵا دەیدۆزرێتەوە."
ئەو هاونیشتمانییە دەشڵێت،" تەنانەت سکاڵا و داواکاریی ونبوونی براکەممان بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیش داوە و ئاگادارمان کردوون لە دیارنەمانی، بەڵام تائێستا هیچ دەنگوباسێکی نییە."
ئەحمەد لە رێگەی رووداوەوە داواکارە، لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکاریان بن بۆ دۆزینەوە و ئاشکرابوونی چارەنووسی براکەی.