لە ساڵی نوێ نزیک دەبینەوە و ئاسۆی سێ مووچە و هەمواری یاسای بودجە ناڕوونە
رووداو دیجیتاڵ
بە پشتبەستن بە راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی عێراق، بەغدا بە هەولێری راگەیاندووە، ئەگەر مووچەش بنێرن تەنیا دەتوانن لەسەدا 60ـی مووچەی فەرمانبەران بدەن، لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە بەشەکەی دیکە دابین بکات.
ئەمە دوایین قسەی بەغدایە لە ئەنجامی چەندین دیدار و کۆبوونەوە، بۆ پێدانی قەرزیش لەنێو ئەو هەموو دەنگە ناڕازییەدا چاوەڕێ ناکرێت بڕیارێکی دڵخۆشکەر بدرێت.
عالییە نسەیف، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا دەڵێت، "بێگومان ئەو پارەیەی دەدرێت بە یاسا نییە، بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران نایاساییە، بۆیە سکاڵا لە دژی تۆمار دەکەین وەک ئەوانەی پێشوو، هەر بڕە پارەیەک لە دەرەوەی یاسای بودجە نایاساییە، بۆیە تانەلێدان لێی ئاسانە".
کورد بۆ چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەران چاوی لە هەمواری یاسای بودجەیە، بەڵام هێشتا نیازێکی راستەقینە بۆ ئەمە نابینرێت، روو لە هەر کەسێک دەکەیت دەڵێت بابەتەکە ئەوەندە ئاسان نییە.
محەممەد جاسم خەفاجی، پەرلەمانتارە و باس لەوە دەکات، "پێم بڵێیت ئەمە لە رووی پراکتیکیەوە دەکرێت، دەڵێم ئەمە زۆر ئەستەمە و بە ئاسانی ناکرێت، بۆ هەمواری یاسای بودجە دەبێت هەم لەسەر ئاستی حکومی و هەم لەسەر ئاستی پەرلەمانی و لەنێو لیژنەی دارایش کار و لێکۆڵینەوەی زۆری بۆ بکرێت، بۆیە کە دەپرسیت دەکرێت ئەم هەنگاوە بنرێت منیش دەڵێم لەوانەیە قسەی لەسەر بکرێت بەڵام لە رووی کرداری و واقیعییەوە نەخێر، زۆر زۆر ئەستەمە ئەمە بکرێت".
ئەگەر نەتوانرێت بەزووی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق یەکلایی بکرێتەوە، بابەتی هەمواری یاسای بودجەش بەهۆی پشووی پەرلەمانەوە دەمێنێتەوە بۆ دوای مانگی 1ـی ساڵی داهاتوو.