گوتەبێژی یەکێتی بۆ رووداو: تاوەکو رەواندنەوەی نیگەرانییەکانمان بەشداریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ناکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، بەشداریی هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ناکەن تاوەکو نیگەرانییەکانیان لە حکومەت نەڕەوێندرێنەوە.
 
سۆران جەمال تاهیر، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "تیمی یەکێتی بەشداریی هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ناکەن تاوەکو ئەوکاتەی ئەو گلەییانەی هەیانە لەم کابینەیە، دەڕەوێندرێنەوە."
 
بە گوتەی گوتەبێژی یەکێتی، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە کێشەکان بە گفتوگۆ لەگەڵ پارتی چارەسەر بکەن، "ئەمڕۆش گوتەبێژی پارتی گوتوویەتی ئەوانیش گفتوگۆیان دەوێت،" ئیدی چاوەڕێ دەکەن بزانن دەگەن بەچی.
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە 26-10-2022ەوە بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران ناکات.
 
رۆژی هەینی 09-12-2022، جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی كاروباری مین، کە پلەکەی وەزیرە و لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان وەکو یەكێتی "نیگەران"ن لە حکومەت، "شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ یەکێتی ناتەندروستە، بە نموونە یەکێتی کەسێکی بۆ پۆستی بریکاری وەزیری ناوخۆ بەربژێر کردووە، کەچی دوور لە عورفی ئیداری، وەزیر کە لە پشکی پارتییە ئەو کەسە خانەنشین دەکات، ئەمە ناکرێت."
 
رۆژی شەممە 10-12-2022 لەکاتی کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان و سەرۆکی هەنگاریادا، هەروەها رێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەیەک لە قەزای عەینکاوە، کە جگە لە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەنگاریا، چەند وەزیرێکی پارتی و گۆڕان، هیچ وەزیرێکی یەکێتی بەشدارییان نەکرد.
 
شەوی رابردوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ بەشداریی وەزیرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەیشتنە بەغدا بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن لەسەر پرسی بودجە و نەوت.
 
پۆستەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە جێگری سەرۆکوەزیران:
 
- شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە
- ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
- محەممەد سەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان
- دارا رەشید، وەزیری پلاندانان
- بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو
- خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانووستان، ئێستا لە حکومەتی عێراق وەزیری دادە و پۆستەکەی پڕنەکراوەتەوە
- د. رەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزارەتی تەندروستی
- عەلی عوسمان، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی
- حەکیم ولیا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە 
- ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان
- لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ، ئێستا دەوام ناکات
 
سەرۆکی ئەو دەستە و دەزگایانەشی کە پشکی یەکێتین و پلەکانیان وەزیرە:
 
- ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار
- جەبار مستەفا ئەمین، سەرۆکی دەزگای کاروباری مین
- فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
- جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
 
پۆستەکانی دیکە:
 
- ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان
- ژمارەیەک لە نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتان