نەمامگەی سیروان لە خورماڵ کێشەی کەمیی فەرمانبەری هەیە
رووداو دیجیتاڵ
نەمامگەی سیروان لە سنووری ناحیەی خورماڵ سەر بە پارێزگای هەڵەبجە بە یەکێک لە گەورەترین نەمامگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت و کێشەی کەمیی فەرمانبەری هەیە.
نەمامگەکە تەنیا شەش فەرمانبەری ماوەتەوە و ئەوانی دیکە خانەنشین کراون، بەو هۆیەشەوە ئێستا کێشەی کەمی فەرمانبەری هەیە.
فەرمانبەرانی نەمامگەی سیروان بۆ پاراستنی نەمامەکان جاری وا هەیە لە دەرەوەی دەوامی ئاسایی خۆیان کاردەکەن تاوەکو پارێزگاری لە نەمامەکان بکەن.
یەکێک لە فەرمانبەرەکانی نەمامگەکە کە شۆفێری بەڕێوەبەری نەمامگەکەیە، دەڵێت، ئەو لەوێ ئاو دەدێرێ، بژار دەکات، دوو بیری ئاو ئیشپێدەکات و جووتیش دەکات، هۆکارەکەشی بۆ کەمیی کارمەند دەگێڕێتەوە لە نەمامگەکە.
بەڕێوەبەری هونەریی نەمامگەکەش دەڵێت، لەبەر نەبوونی کرێکار و خانەنشینبوونیان، ناچارن وەکو کرێکار کار بکەن و گوێیان بە بایکۆتی دەوام نەداوە، چونکە کارنەکردن و دەوام نەکردنیان دەبێتە هۆی وشکبوونی نەمامەکان.
رووبەری نەمامگەکە 122 دۆنمە و 30 جۆر نەمامی جۆراوجۆری تێدایە، ئەمساڵ 50-60 هەزار نەمامی بەرهەمهێناوە.