كارگه‌یەکی تواندنەوەی تایە لە سلێمانی داخرا


رووداو- سلێمانی

قائیمقامیه‌تی سەنتەری پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی رەچاونەکردنی مەرجە تەندروستییەکانەوە، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت كارگه‌یەکی تواندنەوەی تایه‌ی ئۆتۆمبێلیان داخستووە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، تێیدا ئاماژە بەوە کراوە "به‌هۆی سه‌رپێچیكردن له‌ جێبه‌جێكردنی مه‌رجه‌ ژینگه‌ییه‌كان، لیژنه ‌هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی كارگه‌یه‌كی تواندنه‌وه‌ی تایەیان‌ دا‌خست و خاوه‌نه‌كەشی رووبەڕووی رێكاری یاسایی ده‌بێتەوە".
 
ئەوەیان خستووەتەڕوو کە لیژنەکەی قایمقامیەت ئه‌مڕۆ چوارشەممە 11-12-2019 له‌ ناوچه‌ی تانجەرۆ لە سلێمانی سەردانی کارگەکەیان کردووە و بینیویانە، "كارگه‌ی تایه‌ی له‌رێ هیچ یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌كانی ژینگه‌ی جێبه‌جێنه‌كردووه‌ و بووەته ‌هۆی پیسكردنی ژینگه‌ له ‌ڕووی "ئاو، هه‌وا و خاك"، له‌گه‌ڵ نه‌بوونی پێداویستیی سه‌لامه‌تی بۆ ئه‌و كارمه‌ند و كرێكارانه‌ی له‌وێ كارده‌كه‌ن".
 
ئاماژە بەوە کراوە، پێشتر کارگەکە له‌ كه‌موكورتییه‌كانی ئاگاداركراوه‌ته‌وه تاوەکو سه‌رپێچییه‌كانی چاره‌سه‌ربكات و پابه‌ندی مه‌رجه‌كانی ژینگه‌بێت، "به‌ڵام له‌ سه‌رپێچی به‌رده‌وام بووه‌، بۆیە لیژنه‌ی باڵای لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی پێشنیازیان كردووه‌ كارگه‌كه‌ دابخرێت و نه‌كرێته‌وه‌ تاوەکو ئه‌و كاته‌ی سه‌رجه‌م مه‌رجه‌كانی جێبه‌جێده‌كات‌".