عەبدوڵڵای حاجی مەحموود: محەممەدی حاجی مەحموود و هێزەکەی دەستیان کردووە بە رووخاندنی خانووەکەم
رووداو دیجیتاڵ
عەبدوڵڵای حاجی مەحموود رایگەیاند، محەممەدی حاجی مەحموودی برای و هێزەکەی دەستیان کردووە بە رووخاندنی خانووەکەی لە گوڵەخانە، سەرچاوەیەکی نزیک لە محەممەدی حاجی مەحموودیش دەڵێت، "تاوەکو خانووەکە لەگەڵ زەوی تەخت نەکرێت، دڵمان ئاو ناخواتەوە".
شەوی دووشەممە 11-11-2024، عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، پەیامێکی بەناوی وەزیری کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان لە بارەی رووخاندنی خانووەکەی لە گوڵەخانە بڵاوکردەوە و رایگەیاند: خانووەکەی پێشتر لە لایەن محەممەدی حاجی مەحموودەوە دەستی بەسەردا گیراوە، بەڵام دوای ئەوەی لە دادگەی هەڵەبجە سکاڵایان تۆمار کردووە، خانووەکەیان رادەست کردنەوە.
عەبدوڵڵای حاجی مەحموود دەڵێت: "بەڵام ئێوارەى 4-4-2024 هێزێکى زۆر کە نزیکى 300 کەس بوون هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەم و دواى بەکارهێنانى چەکى قورس کەسێک کوژرا و کوڕەکەم و چەند پاسەوانێکم بریندار بوون، بەڵام ئێمە رێکارى یاساییمان گرتەبەر و پاش چوار مانگ لێکۆڵینەوە دەرکەوت پاسەوانەکانم بێتاوان بوون".
بە گوتەی عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، دەزگاکانى ئەمنى هەڵەبجەى شەهید بۆ ماوەى حەوت مانگ لەنێو ماڵەکەیدا مانەوە بەمەبەستى پاراستنى، رۆژی 10-11-2024 ئاسایشى هەڵەبجە ئاگاداریان کردوونەتەوە کە کێشە نەماوە خانووەکەیان رادەست بکەنەوە، "بەڵام ئێمە ئامادە نەبووین بچینە نێو خانووەکەى خۆمان بۆ ئەوەى بە بەتاڵى بمێنێتەوە تاوەکو کاتێکى گونجاو بۆ دوورکەوتنەوە لە کێشە، بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندیم بە (عەلی حاجى مەحموود)ى برامەوە کرد و لەگەڵ باخەوانەکەم کلیلەکان وەربگرن و پێم راگەیاندن ئێستا ناگەڕێمەوە ماڵەکەم".
عەبدوڵڵای حاجی مەحموود باسی رووخاندنی خانووەکەی لەلایەن براکەی دەکات و دەڵێت: "محەممەد حاجى مەحموود و هێزەکەى جارێکى دیکە خانووەکەمیان داگیرکردەوە، سەرلەبەیانى ئەمڕۆ 11-11-2024 پەیوەندییان پێوە کردم کە بە ئامێرى رووخاندنى خانوو (دەقاق) دەستیان کردووە بە رووخاندنى خانووەکەم".
عەبدوڵڵای حاجی مەحموود ئاماژە بەوە دەکات، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستانی بەفەرمى لە رووخاندنی خانووەکەی ئاگادار کردووەتەوە و رێکارى یاساییشی گرتووەتەبەر.
عەبدوڵڵای حاجی مەحموود هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئەم خانووە لەگەڵ باخەکەدا و راکێشانى کارەبا بۆى مۆڵەتى فەرمى لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان هەیە و شوێنى نیشتەجێبوونى منداڵەکانی بووە، بۆیە "هیچ کەسێک و لایەنێک بۆى نییە بەبێ مۆڵەتى فەرمى دادگا تەجاوز بکاتە سەر موڵک و ماڵى هەر هاووڵاتییەک".
وەزیری کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان پێیوایە ئەوەی بەرامبەر ئەو کراوە "لە مێژووى حوکمڕانى کوردى و عورفى کۆمەڵایەتیدا نەبووە. ئەم جۆرە کارانە تەنیا لەم کەسانە دەوەشێتەوە کە داماڵراون لە هەموو بەهایەکى کۆمەڵایەتى و مرۆڤایەتى".
سەرچاوەیەکی نزیک لە محەممەدی حاجی مەحموود، رووخاندنی خانووەکەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموودی پشتڕاستکردەوە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چەند مانگێک پێش ئێستا پاسەوانێکی ئێمە لە بەردەم ئەم خانووە کوژرا، هەر ئەو کاتە ویستمان بیڕوخێنین، بەڵام ئاسایش چوونە نێو خانووەکە تاوەکو دوێنێ، دوای ئەوەی زانیمان ئاسایش لە خانووەکە نەماون، خانووەکەمان رووخاند، تاوەکو تەختی نەکەین، وازناهێنین".
ئەو سەرچاوەی باسی لەوەش کرد کە بە نیازن خانوویەکی دیکەش بڕوخێنن و گوتی: "ئەو خانووە سەرچاوەی کێشە بوو بۆ ئێمە، بۆیە رووخانی لە هەموو شتێک باشتربوو، بەم نزیکانە خانووەکەی سەڵاحی حاجی عەلیش دەڕوخێنین".
سەلاحی جاجی عەلی، پێشتر فەرماندەی هێزی سورێنی سەر بە پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بووە.
رۆژی 4ی نیسانی 2024، لە گوڵەخانە کۆنگرەی پارتی سۆسیال دیموکرات بەڕێوەچوو و تێیدا محەممەد حاجی مەحموود بە سەرۆکی حیزب و عەبدوڵڵا حاجی مەحموود و چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی دیکە دەرکران.
ئێوارەی هەمان رۆژ، لە گوڵەخانە شەڕە تەقە دروستبوو، کە دواتر ئاسایشی سلێمانی گوتی، لە شەڕەکەدا کەسێک کوژراوە و چواری دیکەش بریندار بوون.
ئەو کەسەی کوژرا ناوی دابان عوسمان بوو و پاسەوانی کچێکی محەممەد حاجی مەحموود بوو.