کۆمەڵەی کوردانی ئازەربایجان: لێکنزیکبوونەوەی ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە زۆر باشە
رووداو دیجیتاڵ
کۆنفرانسی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا (COP29) بە بەشداری سەرکردە و نوێنەرانی 179 وڵاتی جیهان لە باکوو دەستیپێکرد. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتێکی فەرمی لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارە. زابیت مەمەدۆڤ سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی ئازەربایجان رایدەگەیەنێت، بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشکەوتنێکی گەورەیە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولادا.
زابیت مەمەدۆڤ، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی ئازەربایجان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لێکنزیکبوونەوەی ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان زۆر باشە بۆ کوردانی ئازەربایجان و دۆخ و ژیانیان باشتر دەکات. هەروەها دەشڵێت، جێگای شانازییە بۆ ئەوان کە کورد بەناوی هەرێمی کوردستان بەشداری دەکات.
سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی ئازەربایجان لە رێگەی رووداوەوە داوا دەکات ئەگەر کاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەبێت، پێیان خۆشە وەک کوردانی ئازەربایجان بیبینن، چونکە کوردستان بۆ ئەوان "زۆر گرنگ و پیرۆزە".
سەبارەت به به شداریی کوردانی ئازەربایجان له COP29، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی ئازەربایجان کە میوانی ماوەی هەواڵی نوورۆژ بوو، رایگەیاند هیچ نوێنەرێکی رێکخراو و کۆمەڵە کوردییەکانی ئازەربایجان له کۆنفرانسەکەدا نین. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئازەربایجان 15 رێکخراوی کەمینەکان هەن و هیچ نوێنەرێکیان لە کۆنفرانسەکەدا نییە.
سەبارەت بە دابەشبوونی کورد لە ئازەربایجان، زابیت مەمەدۆڤ باسی لەوە کرد، کورد زیاتر لە ناوچەی زەنگەزووری رۆژهەڵات دەژین. جگە لەوەش گەڕانەوەی کورد بۆ لاچین بەردەوامە، کە دوو هەزار بۆ سێ هەزار کوردی تێدا دەژین، ئەوانە بەهۆی شەڕی ئازەربایجان و ئەرمینیا ئەو ناوچەیەیان بەجێهێشتبوو. ئاماژەی بەوەشکرد، ناوچەی دیکە هەن کوردی تێدا نیشتەجێبوونە، ئەوانیش زەنگیلان و ناحیەی کەلبەجەر و کوباتلین.
کۆنفرانسی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا (COP29) رۆژی (دووشەممە، 11-11-2024) لە باکوو دەستیپێکرد و تاوەکو 22 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، کۆنفرانسەکە بە کۆبوونەوەیەکی گرنگ دادەنرێت بۆ پارەدارکردنی وڵاتانی هەژار بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.