لە سێ ساڵدا هەنگوینی خۆماڵی لە هەرێمی کوردستان 93% کەمیکردووە

11-11-2024
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی سێ ساڵدا، هەنگوینی خۆماڵیی هەرێمی کوردستان لە 700 تۆنەوە بۆ 50 تۆن کەمبووەتەوە. سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان دەڵێت، "بڕی بەرهەم پەیوەستە بە ژینگە و کەشوهەواوە، بۆیە ساڵانە جیاوازە."
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 15 هەزار هەنگەوان هەن و داهاتیان لەسەر هەنگوینە، کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان دەڵێت، "وەرزەکە بۆ هەنگ لەباربێت، بەرهەمی ساڵانە لە 700 تۆن زیاترە."
 
لە 2021 - 2024 بەرهەمهێنانی هەنگوین لە 700 تۆنەوە بۆ 50 تۆن دابەزیوە
 
ساڵانە گۆڕانکاری بەسەر بەرهەمهێنانی هەنگویندا دێت، بۆ نموونە لە ساڵی 2017دا 450 تۆن و ساڵی 2018ش 100 تۆن بەرهەمهاتووە، بەڵام لە ساڵی 2019دا زیادیکردووە بۆ 500 تۆن. هەروەها لە ساڵی 2020دا نزیکەی 500 تۆن هەنگوینی هەرێمی کوردستان هەبووە، بەڵام لە ساڵی 2021 زیادیکردووە و گەیشتووەتە 700 تۆن.
 
ئیسحاق تەها، هەنگەوانێکی سنووری پارێزگای دهۆکە و لە گوندەکانی ناحیەی دینارتە زیاتر لە 200 پوورەی هەیە. لەبارەی بەرهەمی ئەم ساڵەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "هەر پوورەیەک لە ساڵێکی گونجاودا، 7 بۆ 8 کیلۆ هەنگوین بەرهەم دەهێنێت، بەڵام ئەم ساڵ تەنیا دوو کیلۆ بەرهەمی هەبووە."
 
هەنگ لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە تاوەکو ناوەڕاستی مانگی تەممووز دەست بە بەرهەمهێنانی هەنگوین دەکات، واتە لە کۆتایی بەهار شیلە دەمژێت و لە هاویندا هەنگوینەکەی بەرهەم دێت. ئیسحاق تەها دەڵێت، "بەهاری تەڕ و باراناوی کاریگەریی زۆرە، چونکە گوڵ زیاتر دەژی و هەنگ شیلەی زیاتر دەمژێت."
 
بۆچی هەنگوین کەمیکردووە؟
 
عارف شێروانی، سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان بە رووداوی گوت: ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 50 تۆن هەنگوین هەبووە، لەکاتێکدا ساڵی 2021 گەیشتبووە نزیکەی 700 تۆن و چاوەڕوانمان دەکرد بیگەیێنینە هەزار تۆن.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان گوتی، "هەنگەوان هەبووە ئەم ساڵ، لە 500 پوورە تەنیا 30 کیلۆ بەرهەمی هەبووە، ئەمەش لەبەر کاریگەریی کەشوهەوا، بەتایبەتی رەشەبا و بارانی ناوەخت."
 
لەبارەی پێشبینییەکان بۆ بەرهەمی ساڵی داهاتووش گوتی، "پێشبینی بۆ بەرهەم ناکرێت، چونکە پەیوەستە بە کەشوهەوا و ژینگەوە."
 
نرخی هەنگوین گران بووە
 
کەمیی بەرهەمی ئەم ساڵ وایکرد، نرخی هەنگوین گرانتر ببێت، ساڵانی پێشوو کیلۆیەک هەنگوین بە کۆ 35 بۆ 40 هەزار دینار بوو، بەڵام ئەم ساڵ بە 40 بۆ 50 هەزار دینار دەفرۆشرێت.
 
هادی محەممەد، لە سنووری پارێزگای هەولێر هەنگەوانە. ئەو لەبارەی نرخەوە بە رووداوی گوت، نرخی هەنگوین دیاریکراو نییە، بەڵام لە نێوان 50 - 70 هەزار دینارە، ئەگەر بە کۆ بیفرۆشنەوە کیلۆی لەنێوان 40 - 50 هەزار دینار دەبێت، "مارکێت و دووکانەکان، بە نرخێکی هەرزان لە ئێمەی دەکڕنەوە و بە گران دەیفرۆشنەوە، کە هەندێک جار یەک کیلۆ بە 100 دۆلار دەفرۆشنەوە."
 
تێچووی کیلۆیەک هەنگوین چەندە؟
 
لە ساڵێکدا پێویستە چەند جارێک ژینگەی هەنگ بگۆڕدرێت، هادی محەممەدی هەنگەوان دەڵێت، "ئەم شوێن گۆڕینە، خەرجییەکی زۆر دەخاتە سەر شانمان، هەروەها سندووق و پوورە، تێچووی تایبەتی خۆی هەیە، بە گشتی، یەک کیلۆ هەنگوین 15-20 هەزار دینار لەسەر هەنگەوان دەکەوێت."
 
ئەو هەنگەوانە گوتیشی، هەندێک ساڵ، ناچار دەبین کە پەڕەمێو و شریتی ڤاروان بدەینە هەنگ، ئەمەش خەرجییەکی دیکەی قورسە لەسەر هەنگەوان.
 
گەرما بەرهەمی هەنگوین زیاتر و باشتر دەکات
 
عارف شێروانی دەڵێت: بارانبارین کە لە کۆتایی مانگی نیسان، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بەرهەمی هەنگوین و هەنگ دەبێت، چونکە گژوگیا دەبووژێنێتەوە و گوڵدارەکان گوڵ دەگرن. 
 
پەڕەمێو و شریتی ڤاروان چین و بۆچی دەدرێنە هەنگ؟
 
پەڕەمێو، کاتێک هەنگ شەڵخە دەدات و ئامادە دەبێت بۆ زاوزێ، هەنگەوان دەیکاتە ناو پوورەیەکی نوێ، چوارچێوەی پوورە (سندوقەکە) دەبێ پەڕە مێوی لێبدرێ، ئەوەش بۆ زیاتر هاوکاریکردنی شارە هەنگەکەیە بۆ بنیاتنانی شاری نوێ.
 
شریتی ڤاروان: (گەنەی هەنگ یان حەشەرە)شی پێدەگوترێت، ئەو گیاندارە بچکۆلە تووشی هەنگ دەبێت و تاوەکو نەیکوژێت وازی لێناهێنێت، سەرەتا تووشی باڵقرتان و پەککەوتنی دەکات و بەرەهەمەکەشی دەخوات، دواتر هەنگەکە بەهۆی پەککەوتەییەوە لە شار دەردەکرێت، هێشتا وازی لێناهێنێت، خوێنی سەری هەنگەکە دەمژێ تا دەیکوژێت.
 
جیاکردنەوەی هەنگوینی ئەسڵی لە ساختە
 
ئەسعەد مەلا ناسر، هەنگەوان لە پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت، هەرێمی کوردستان تائێستا نەیتوانیوە تاقیگەیەک بۆ پۆلێنکردنی هەنگوین دروستبکات، چونکە تائێستاش تەنیا بە ئەزموون هەنگوینی باش و خراپ جیادەکرێتەوە، زۆربەی هاونیشتمانیانیش ئەو ئەزموونەیان نییە. ئێستا هەنگوینە باشەکانیش بوونەتە قوربانی هەنگوینە ساختەکان. ئەسعەد مەلا ناسر دەشڵێت، "تاکە رێگە بۆ کڕیار ئەوەیە خاوەن هەنگەکە بناسێت و متمانەی پێبکات."
 
بەڵام عارف شێروانی، سەرۆكی تۆڕی هەنگەوانانی كوردستان دەڵێت، تەنیا لە هەولێر دوو تاقیگە هەن، یەکێکیان لە کۆلێژی زانست و ئەوی دیکەیان لە کۆلێژی کشتوکاڵە، زۆربەی نموونەکانیش لەوێ دەپشکندرێن، هەر هەنگەوانێک بیەوێت دەتوانێت لەوێ هەنگوینەکەی بپشکنێت و بڕوانامەش وەربگرێت.
 
د. عەبدولڕەحیم عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی كشتوكاڵ ‌و پسپۆڕی بواری هەنگ پێیوایە، هەنگوینی کوردستان باشترین جۆری هەنگوینە و دەڵێت: وەزارەتی کشتوکاڵ تەنیا دان بە کواڵێتی هەنگوینی خۆماڵیدا دەنێ، چونکە هەنگوینەکانی دیکە بە رێگەی نایاسایی هاوردە دەکرێن.
 
لە هەرێمی کوردستان 15 هەزار هەنگەوان هەن، کە 700 هەزار پوورەی هەنگیان هەیە. بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانان، ئێستا کوالێتی هەنگوینی کوردستان بووەتە جیهانی و خواستی زۆری لەسەرە " لەساڵی 2021دا 51 تۆن تەنیا بە ئیماراتی عەرەبی فرۆشراوە."
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.