ئەندازەی پارکەکانی هەولێر: 100 هەزار دارمان رواند
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر دەڵێت، "سەرەتای ئەم ساڵ رامانگەیاند، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ 100 هەزار دار لە سنووری پارێزگاکە دەڕوێنین. ئەمڕۆ پڕۆسەکە کۆتاییهات".
ئەمڕۆ دووشەممە، 11 تشرینی دووەم، رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێش ئەو کاتەی رامانگەیاندبوو توانیمان 100 هەزار دار لە سنووری پارێزگای هەولێر بڕوێنین. پرۆسەکە زۆر بە باشی و خێرایی بەڕێوەچوو".
رێبین ئەحمەد دەڵێت: "بەشێکی زۆری ئەو دارانە لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر روێندراون. بەشێکی دیکەش بەسەر قوتابخانە، نەخۆشخانە و مزگەوتەکاندا دابەشکران" و ئەوانیش رواندنیانن.
بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر گوتی: "رواندن یەکەم قۆناخ بوو. لە قۆناخەکانی دیکەدا چاودێریی دارەکان دەکەین و خزمەتیان دەکەین. چەند لیژنەیێکمان بۆ چاودێریکردن و خزمەتکردنی ئەو دارانەی کە چاندوومانن پێکهێناوە".
رێبین ئەحمەد گوتیشی: "بۆ ئەم ساڵ وەرزی رواندنی دار کۆتاییهات. ساڵی داهاتووش بەرنامە و پلانی تایبەتمان دەبێت".
بە گوتەی رێبین ئەحمەد، پاریش 100 هەزار دار لە سنووری پارێزگای هەولێر روێندراون.
سەبارەت بە سەوزایی لە پارێزگای هەولێر، رێبین ئەحمەد گوتی: "لە پێنج ساڵی رابردوودا سەوزایی لە پارێزگاکەمان 2.5٪ زیادی کردووە، واتە رێژەکە گەیشتووەتە 20٪، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی ستانداردی جیهانی کە 30٪یە."