زیاتر لە 86٪ـی بەشداربووانی راپرسییەک لە باکووری کوردستان داوادەکەن منداڵەکانیان بە کوردی بخوێنن
رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی سۆسیۆپۆلیتیک راپرسییەکی لەبارەی هەڵوێست بەرامبەر زمانی کوردی و ناسنامەی کوردی لە 15 پارێزگای باکووری کوردستان کردووە، تێیدا دەردەکەوێت زیاتر لە 86٪ـیان داوا دەکەن منداڵەکانیان لە باکووری کوردستان بە زمانی کوردی بخوێنن.
لە راپرسییەکەدا بۆچوونی دوو هەزار و 443 کەس وەرگیراوە. راپرسییەکە لە پارێزگاکانی؛ ئامەد، مێردین، رووها، وان، ئێلیهـ، شرنەخ، جۆلەمێرگ، ئاگری، چەولیگ، بەدلیس، قەرس، ئیدر، سێرت، مووش و دێرسیم کراوە. بەگوێرەی ئەنجامەکەی نەخشەی ناسنامە و ریشەیی بەمجۆرەیە:
ناسنامە:
کورد 85.2٪
تورک 9٪
عەرەب 4.3٪
ئەرمەن 0.2٪
سریان 0.2٪
بەکارهێنانی زمام:
کوردی 60.8٪
تورکی 26.2٪
کوردی و تورکی 9٪
ئازەری 0.9٪
سریانی و ئەرمەنی 0.1٪
زمانی خوێندن بۆ منداڵەکانیان:
داواکاریی خوێندن بە زمانی کوردی 86.7٪
منداڵانمان بە کوردی دەخوێنن 9٪
وەڵامی "نەخێر" 4.3٪
بەڕێوەبەری سۆسیۆپۆڵیتیک: خەڵک داوای خوێندن بە زمانی کوردی دەکەن
سەبری کڵچ، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەیدانیی سۆسیۆپۆڵیتیک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "خەڵک داواکارن زمانی کوردی بە فەرمی و یاسایی بکرێتە زمانی پەروەردە و خوێندن. هەروەها دەڵێن ئەگەر ئەمە نەکرێت، کێشەکان چارەسەر نابن. چونکە ئێستا ئەگەر سەیر بکەین، دەبینین ئاخاوتن بە زمانی کوردی ساڵ بە ساڵ کەمتر دەبێتەوە."
هێزکورد: شوێنی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پەرلەمانە
بارش جەلالی، گوتەبێژی هێزکورد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شوێنی چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە زمانی کوردی پەرلەمانی تورکیایە، جەلالی بانگەوازی لە سیاسەتڤانانی کورد کرد هەوڵی جیدیی زیاتر بدەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و گوتی "بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەکە، بەشێکی زۆری خەڵک داوای خوێندن بە زمانی دایک دەکەن. جا بۆیە دەبێت سیاسەتڤانانی کوردی باکوور، داواکاریی خەڵک جێبەجێ بکەن و هەوڵی بۆ بدەن. چ لە پەرلەمان و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، پێویستە بە گرنگییەوە لەم داواکارییەی خەڵک بڕوانن".
پەرلەمانتارێکی هەدەپ: پێویستە بابەتی زمانی کوردی بەردەوام بکرێتە رۆژەڤ
سینان چیفتیورەکچی، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (هەدەپ) ئاماژەی بەو لێکۆڵینەوە و راپرسییانە کرد، کە سەبارەت بە زمانی کوردی و ویستی کوردان بۆ خوێندن بە زمانی دایک دەکرێن و، گوتی "نزیکەی 80٪ بۆ 85٪ـی گەلەکەمان داوادەکات زمانی کوردی ببێتە زمانی خوێندن. هەموو گەلێک بە زمانەکەیەوە گەلە. نابێت گەل بێ زمان بێت. ئەمڕۆ پاکتاوییەکی زۆر لەسەر زمانی ئێمە هەیە و پێشتریش هەر هەبوو، بەڵام پێویستە بابەتە بەردەوام بکرێتە رۆژەڤ و لە پەرلەمان بورووژێندرێت و باسی لێوەبکرێت."
ئەمساڵ تەمەنی کۆماری تورکیا بووە 100 ساڵ و لەوکاتەوە نزیکەی 20 ملیۆن کوردی باکووری کوردستان، بێبەشن لە خوێندن بە زمانی دایکیان. تورکی، تاکە زمانی فەرمی و خوێندنە. ئەگەرچی وانەی بژاردە بە زمانی کوردی لە چەند زانکۆ و خوێندنگەیەک هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستاش لە کۆماری تورکیادا زمانی کوردی بە فەرمی نەبووەتە زمانی خوێندن.
سزا لەسەر زمانی کوردی
ساڵانێکی زۆر قسەکردن بە زمانی کوردی قەدەخە بوو و بە هەڕەشە بۆ سەر کۆماری تورکیا لەقەڵەم دەدرا. ساڵی 1991 لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی پەرلەماندا، لەیلا زانا، لەگەڵ شەش پەرلەمانتاری دیکەی کورد بە زمانی کوردی سوێندیان خوارد. دواتر هەر
یەک لە لەیلا زانا، ئۆرھان دۆغان، سەلیم ساداک و خەتیب دیجلە بە 15 ساڵ زیندانیکردن سزادران، زوبێر ئایدار و یەشار کایا ـش تورکیایان بەجێهێشت.
لەیلا زانا دوای 10 ساڵ مانەوە لە زیندان، لە 2004 ئازاد کرا. لەیلا زانا لە سێی ئایاری 1961 لە شارۆچکەی فارقین سەر بە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان لەدایکبووە. ساڵی 1991 یەکەمین ژنە کورد بوو توانی ببێتە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا و لە خولەکانی 19، 24، 25 و 26ی پەرلەمانی تورکیادا پەرلەمانتار بوو. ئەگەرچی لەگەڵ هاتنی ئاکپارتی و پرۆسەی چارەسەری لە ساڵانی 2010-2015 قەدەخە و سانسۆری سەر زمانی کوردی تا رادەیەکی زۆر هەڵگیران، بەڵام لەگەڵ لەبارچوونی پرۆسەکە، دووبارە زمانی کوردی کەوتەوە ژێر گوشار.