لەدوای کەمتر لە 48 کاژێر جارێکی دیکە هێرشکرایەوە سەر فڕۆکەخانەی هەریر

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە هەریر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 12:35 خولەکی ئەمڕۆ شەممە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی فڕۆکەخانەی هەریر کرا و لە نزیک هۆڵەکانی فڕۆکەخانەکە کەوتە خوار و تەقیوەتەوە.
 
سەرچاوە ئەمنییەکە راشیگەیاند، فڕۆکەخانەکە چۆڵکراوە و زیانی مادیش بەر هۆڵەکانی فڕۆکەخانەکە کەوتووە. ئەوەش بە کەمتر لە 48 کاژێر لە هێرشێکی دیکەی درۆنی بۆ سەر هەمان فڕۆکەخانەی سەربازی دێت. 
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2023، بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر و ئاگر لە کۆگەی فڕۆکەخانەکە کەوتەوە. 
 
گرووپە چەکدارەکانی شیعە کە خۆیان بە  "مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی ئەوکاتی فڕۆکەخانەی هەریر راگەیاند و ڤیدیۆیەکی 25 چرکەیی هێرشەکەشی بڵاوکردەوە. گرووپەکە رایگەیاند: "موجاهیدانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بنکەی داگیرکاری ئەمریکیی لە هەریری باکووری عێراق بە دوو درۆن کردە ئامانج و راستەوخۆ ئامانجەکەیان پێکا."
 
هاوکات، دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئێوارەی پێنجشەممە کاژێر 19:15 "لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر لە پارێزگای هەولێر کە پێشتر وەک بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەکار دەهات، بەڵام لە 20-10-2023 چۆڵ کراوە، بەهۆی هێرشەکەوە ئاگر لە کۆگەی سووتەمەنیی بنکەکە کەوتووەتەوە." 
 
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند، لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە 46 جار لە عێراق و سووریا هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان و بەهۆیانەوە لانیکەم 56 سەرباز و کارمەندیان "بە سووکی" بریندار بوون.