ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 54 هەزار منداڵ لەدایکبوون


رووداو دیجیتاڵ

ئەمساڵ 54 هەزار و 39 منداڵ لە هەرێمی کوردستان لەدایکبوون.
 
بەگوێرەی ئەو ئامارەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەشدار شەماڵ، بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵبوونی فێرکاری لە هەولێر وەریگرتووە، تاوەکو کۆتایی ئەیلوولی ئەمساڵ تەنیا لە نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر 15 هەزار و 406 منداڵ لەدایکبوون؛ لەو ژمارەیە 5 هەزار و 80 منداڵیان بە نەشتەرگەری لەدایکبوون و 10 هەزار و 326 منداڵیشیان بە سرووشتی لەدایکبوون.
 
لەدایکبووانی نەخۆشخانەی منداڵبوونی هەولێر 7 هەزار و 827یان کوڕ بوون و 7 هەزار و 579یان کچ بوون. لەو ژمارەیە 380 لەدایکبوونی دووانە و 10 لەدایکبوونی سیانە تۆمارکراون.
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە 9 هەزار و 428 منداڵ بە شێوەی سرووشتی و نەشتەرگەری لە سلێمانی لەدایکبوون. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی وەریگرتوون، ئەو ئامارە لەدایکبووانی نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی و 13 نەخۆشخانەی تایبەتی سنوورەکەیە.
 
بەگوێرەی ئەو ئامارەی رووداو لە تەندروستیی دهۆک وەریگرتووە، لە هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 27 هەزار و 633 منداڵ لەدایکبوون، لەو ژمارەیە 22 هەزار و 407 منداڵیان لە نەخۆشخانەی حکومی لەدایکبوون و 5 هەزار و 226 منداڵیان لە نەخۆشخانە تایبەتەکان لەدایکبوون، کە ژمارەیان سێ نەخۆشخانەیە.
 
لەدایکبووانی دهۆک لەنێو نەخۆشخانەی لەدایکبوونی حکومی 11 هەزار و 249 منداڵیان کوڕ بوون و 11 هەزار و 158یان کچ بوون، لەو ژمارەیە 5 هەزار و 918 منداڵیان بە نەشتەرگەری لەدایکبوون.
 
دکتۆر شانۆ عەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوونی هەڵەبجەش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو کۆتایی مانگی 10ـی ئەمساڵ لە نەخۆشخانەکەیان هەزار و 572 منداڵ لەدایکبوون؛ 811 منداڵ بەشێوازی سرووشتی لەدایکبوون؛ 417 منداڵ بە نەشتەرگەری سارد و 344 منداڵیش بە نەشتەرگەری فریاکەوتن لەدایکبوون.
 
جگە لە پارێزگای دهۆک، ئامارەکان تەواوی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە و زیاتر ناوەندی پارێزگاکان و شار و شارۆچکەکانی دەوروبەریانن.