مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی 70 دابەش دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، بڕیاربوو 08ـی ئەم مانگە مووچەی خانەنشینیی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە خەرج بکرێت، بەڵام مووچەیان پێنەدرا بەهۆی راگرتنییەوە. بەرپرسێک لە خانەنشینی دەڵێت، کێشەکە چارەسەر بووە و دەست بە دابەشکردن کراوە.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، بەرپرسێکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پارە بۆ خانەنشینانی هێزەکانی 70 خەرجکرا و هەر ئەمڕۆ دابەش دەکرێت".
هەرچەندە ئەمڕۆ هەینی پشووی فەرمییە، بەڵام ئێستا دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگەی هێزەکانی 70 بەڕێوەدەچێت و بەردەوامە.
سێ مانگە مووچەی خانەنشینی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە لە کاتی خۆیدا دابەش ناکرێت. ئەو بەرپرسەی خانەنشینی گوتی، "خانەنشینانی پێشمەرگەی هێزەکانی 70 کێشەیان هەیە و تاوەکو ئەمڕۆ بە شێوەی بنەڕەتی چارەسەر نەکراوە."
کێشەی مووچەی خانەنشینانی یەکەی 70 چییە؟
22ـی مانگی تەممووزی ئەم ساڵ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ چەند نوێنەرێکی خانەنشینانی یەکەی 70ی پێشمەرگە رایگەیاند، مووچەی دوو مانگی ئەو خانەنشینانە بە شێوەی سولفە خەرج دەکرێت تاوەک بە فەرمی دۆسیەکانیان دەدەنە وەزارەتەکەیان.
خانەنشینانی یەکەی 70 ژمارەیان زیاتر لە 9000 کەسە و مووچەی مانگانەیان نزیکەی 4 ملیار دینارە. وەزارەتی دارایی 22ی تەممووز رایگەیاند، "مووچەی ئەو خانەنشینانە تاوەکو ئێستا نەخراونەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابووری."
ئاوات شێخ جەناب رایگەیاند، بەگوێرەی یاسای چاکسازی و راپۆرتی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی، نابێت هیچ خانەنشینێک لە دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی وەزارەتی دارایی مووچە وەربگرێت، بەڵام ئەو خانەنشینانەی هێزەکانی 70 "هیچ داتا و زانیاری و دۆسێیەکیان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابووری نییە، بۆیە لە وەزارەتەکانی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانیش هیچ تەرخانکراوێکی داراییان بۆ نەکراوە."
ئاوات شێخ جەناب ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتەکەی بەرپرسیار نییە لە دواکەوتن یان نەدانی مووچەی ئەو خانەنشینانە و داوایکرد، "فەرماندەی هێزەکانی یەکەی 70 کار بکات بۆ ئەوەی بەزووترین کات دۆسێکانیان بگوازرێتەوە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان."
لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، هەردوو یەکەی 70 و 80 هەن. یەکەی یەکەمیان سەر بە یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە و ئەوی دیکەش سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان.