شارەوانیی کەسنەزان: ناوچەی پیشەسازیی قیرتاو دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی کەسنەزان رایدەگەینێت، بە گوژمەی حەوت ملیار و 500 ملیۆن دینار پرۆژەی دروستکردنی شەقام و رێگەسازی ناوچەی پیشەسازیی کەسنەزان جێبەجێ دەکرێت. دەشڵیت، ئەم ساڵ بە گوژمەی نزیکەی ملیارێک دینار کاری قیرتاو و رێگەسازییان جێبەجێکردووە.
عەلی رەشاد، سەرۆکی شارەوانیی کەسنەزان میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، باسی لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری کەسنەزان کرد و گوتی، لە مانگی رابردووەوە نزیکەی 14 شەقامی ناوخۆیی لەنێو کەسنەزان بە گوژمەی 284 ملیۆن دینار لەسەر داهاتی شارەوانی و چوار شەقامیش بە گوژمەی 130 ملیۆن دینار لەلایەن بەڵێندەرانەوە قیرتاوکراون.
بەگوتەی سەرۆکی شارەوانیی کەسنەزان، لە ماوەی رابردوودا بە گوژمەی 407 ملیۆن دینار کاری رێگەسازی و قیرتاوکردنی شەقامە ناوخۆییەکان لە گەڕەکەکانی قەرەبوو و 1ی شوبات و کەمئەندامان جێبەجێکراون.
لەبارەی شەقامەکانی گەڕەکی 11ی ئازار، ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا دانانی کێربستۆن و تێکەڵەڕێژی تەواوبووە و رەزامەندیش وەرگیراوە بۆ قیرتاوکردنی شەقامەکانی 11ی ئازار و خۆڕاگر.
عەلی رەشاد دەشڵێت، گەڕەکی خۆڕاگر، 11ی ئازار، حەسەناوا پێویستیان بە پرۆژەی زیاتر هەیە و لە داهاتوودا لە جێبەجێکردنی پرۆژەکاندا پێشینەییان پێدەدرێت.
ناوچەی پیشەسازیی کەسنەزان رووبەرەکەی زیاتر لە 608 دۆنمە، بڕیارە کاری دروستکردنی تۆڕی ئاوەڕۆ و قیرتاوکردنی بۆ جێبەجێبکرێت.
سەرۆکی شاروانیی کەسنەزان گوتی، بە گوژمەی حەوت ملیار و 500 ملیۆن دینار کاری قیرتاوکردن و دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی و سندووقی بۆ ناوچەی پیشەسازی کەسنەزان جێبەجێ دەکرێت و ئێستا لە قۆناخی تەندەریندایە.
لەدوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 27ی ئاداری 2024، بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، شارەوانیی شار و شارۆچکەکان دەستیانکردووە بە تەرخانکردن و دیاریکردنی زەوی بۆ دابەشکردنی.
عەلی رەشاد دەڵێت، ئێمە وەکو شارەوانی شوێنێکمان دیاریکردووە کە رووبەرەکەی زیاتر لە 300 دۆنم زەوییە، هەموو وێنەی تۆمار و نەخشەی پەیوەست بەو زەوییە رادەستی لیژنەی تایبەتمەندکراوە و چاوەڕوانی تەواوکردنی رێکارەکانین، بەڵام دەبێت گونجاوبێت لەگەڵ ماستەرپلانی شاری هەولێر.
چەند هاونیشتمانییەک لە سنووری ناحیەی کەسنەزان پەیوەندییان بە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کردووە و دەڵێن: "خانی بەخێوکردنی ئاژەڵ لەنێو سنووری شارەوانیدا هەیە و بێزاری کردووین، داواکارین لابدرێن و دووربخرێنەوە"
سەرۆکی شارەوانیی کەسنەزان لەو بارەیەوە گوتی: "ئەوانەی گرفتیان بۆ زەویی هاونیشتمانیان دروستکردووە، وردە وردە ئەوانە چارەسەر دەبن، بەڵام بەگشتی گرفتی خانەکان هەر ماوە و چارەسەر نەکراوە."