پەروەردەی پێنجوێن: زیاتر لە 400 مامۆستای وانەبێژ پشکنینی چاویان بۆ دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
رێکارەکانی بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەموو پارێزگاکان دەستیپێکردووە. بەڕێوەبەری پەروەردەی پێنجوێن دەڵێت، "ئەمڕۆ تیمێک لە سلێمانییەوە دێت بۆ پێنجوێن و پشکنینی چاو بۆ زیاتر لە 400 مامۆستای وانەبێژ دەکات."
ئەسعەد جەعفەر، بەڕێوەبەری پەروەردەی پێنجوێن ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مامۆستایانی وانەبێژ بوون بە گرێبەست و بۆ تەواوکردنی رێکارەکانیش پێویستە پشکنینی چاو بکەن. بۆ ئەم مەبەستە رۆژی شەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2024، تیمێک لە سلێمانییەوە دێتە پێنجوێن و پشکنینی چاو بۆ زیاتر لە 400 مامۆستای وانەبێژ دەکەن."
ئەسعەد جەعفەر گوتی، "لە پێنجوێن 562 مامۆستای وانەبێژ هەیە. لە ماوەی رابردوودا هەندێک لە مامۆستاکان پشکنینی چاویان کرد، بەڵام بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ مامۆستایانی دیکە، ئەمڕۆ کاژێر 8:30 تیمێک لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە پشکنین بۆ زیاتر لە 400 مامۆستای وانەبێژ دەکات. بڕیارە تیمەکە تەنیا ئەمڕۆ لە پێنجوێن بمێنێتەوە."
وانەبێژان لە کۆتایی مانگی ئابدا بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر داهاتی ناوخۆ کرانە گرێبەست.
لە 2ی تشرینی یەکەم رێکارەکانی بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ لە پارێزگای هەولێر و دهۆک دەستیان پێکرد؛ 5 رۆژ دوای ئەوان رێکارەکانی بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری پارێزگای سلێمانیش دەستیپێکرد.