رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان هەریەک لە مستەفا توچ، هاوسەرۆکی رێکخستنەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی لە شارۆچکەی مەزماخۆر، محەممەد ئۆزکان هاوسەرۆکی رێکخستنەکانی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان-دەبەپەی شاری دیلۆک و موسلم دەنیزهان هاوسەرۆکی دەبەپەی شارۆچکەی مەزماخۆر دەستبەسەرکران.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 10ـی تشرینی یەکەم کاتێک ئەو سێ بەرپرسەی دەم پارتی و دەبەپە، بە ئۆتۆمبێل دەچوونە شوێنێک، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە رێگە ئۆتۆمبێلەکەیان راگرتوون و دەستبەسەریان کردوون، بەڵام تائێستا هۆکاری دەستبەسەرکردنیان ئاشكرا نەکراوە.
بەیانی هەمان رۆژ هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە شاری ئیدری باکووری کوردستان هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی، محەممەد سەلچوک هاوسەرۆکی دەم پارتی لە ئیدر و شەش کەسی دیکەیان دەستبەسەر کرد.
ئەمە لە کاتێکدایە، دەم پارتی بڕیاری داوە لە 13ـی ئەم مانگەدا لە ئامەد گردبوونەوەیەک رێکبخات و دەڵێت، تێیدا تیشک بخاتە سەر "پرسی کورد و دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە".
بۆ ئەو مەبەستەش ماوەیەکە ئامادەکاری کردووە و خەڵک بانگهێشت دەکات بۆ بەشداریی لە گردبوونەوەکەدا.
لە پارێزگای ئامەد و حەوت پارێزگای دیکەی باکووری کوردستان تاوەکو کاژێر 23:59 خولەکی رۆژی 13ـی ئەیلوولی 2024 هەموو جۆرە خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەک قەدەخە کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ