لە رووداوێکی تەقەکردندا لە ناحیەی سەنگەسەر کەسێک کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
لە ناحیەی سەنگەسەری سەر بە ئیدارەی راپەڕین لە رووداوێکی تەقەکردندا کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکە برینداربوو، بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رووداوەکە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-10-2023، نەهرۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ئەنجامی رووداوێکی تەقەکردن لە نێوان دوو هاونیشتمانیی گەڕەکی فەرمانبەرانی ناحیەکە، کەسێک کوژراوە و یەکێکی دیکە بریندار بووە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر، تاوەکو ئێستا ناسنامەی کوژراو و تەقەکەرەکان ئاشکرانەکراوە، کەیسەکە لەلایەن ئاسایشی سنوورەکە لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، شەڕەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە لەنێوان ئەو دوو کەسەدا، هەردووکیان خەڵکی دەرەوەی ئیدارەی راپەڕینن بەڵام لە ناحیەی سەنگەسەر نیشتەجێن.