ئەنجوومەنی وەزیران: پێویستە مووچەخۆران مانگانە بێ کێشە لەڕێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مووچەیان وەربگرن
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا رایگەیاند "پێویستە مووچەخۆرانمان مانگانە بێ کێشە و ئاستەنگ، لەڕێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مووچەیان وەربگرن.'
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی "لەناو خشتەکانی بودجەی فیدراڵی بڕە پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی هەرێم تەرخانکراوە و بەهانەی فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیش نەماوە تاوەکو (بەهۆیەوە لەلایەن حکومەتی عێراق) شایستەکانی هەرێم رابگرن'.
کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 11-10-2023) بەسەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری کرا، تێیدا بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی مووچە، نەوت و رەوشی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان کراوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە؛ لەلایەن عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، دوا هەنگاو و بەرەوپێشچوونەکانی کاری وردبینکردنی خشتەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان خرایەڕوو، کە ماوەی هەفتەیەکە دەستبەکار بوون، "ئەم هەنگاوەش، دەستپێشخەریی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بە سەرۆکایەتيی سەرۆکوەزیران لە دوا سەردانیدا بۆ بەغدا."
'حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و ئیدی ئەرکی حکومەتی فیدراڵە'
ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەکەیدا جەخت دەکاتەوە لەوەی؛ وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگ بوون و سەرجەم زانیاریی پێویست خراوەتە بەردەست لیژنە هاوبەشەکە، 'بەم جۆرەش، ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە جێبەجێ کراوە و ئیدی ئەرکی حکومەتی فیدراڵە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم، وەک شایستەی دارایی خۆیان دابین بکات و وابەستە نەکرێت بە ناکۆکیی و کێشە سیاسیيەکان و پابەندییەکان و پێویستە بەیەک چاو سەیری سەرجەم مووچەخۆران بکرێت لە سەرتاسەری عێراقی فیدراڵ.'