پۆلیسی سلێمانی: بە تۆمەتی دزیکردن کەسێک دەستگیرکرا چەند فەرمانێکی دەستگیرکردنی هەیە

رووداو دیجیتاڵ
 
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، کەسێکیان بە تۆمەتی دزینی زێڕ و پارە دەستگیرکردووە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، "نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی رزگاری، تۆمەتبارێكیان دەستگیرکرد كە دزی لە ماڵێک کردووە و چەند فەرمانێکی دەستگیرکردنی لە چەند بنکەیەکی پۆلیس هەبووە".
 
تۆمەتبارەکە لەسەر سکاڵای هاووڵاتییەک دەستگیرکراوە، کە گوتوویەتی پارە و زێڕی لێ دزراوە. پۆلیس دەڵێت، لە كاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەکەدا دەستگیراوە بەسەر چەند پارچەیەک زێڕدا.
 
بەگوێرەی پۆلیسی سلێمانی، تۆمەتبارەکە ناوی (چ ، ل)ـە و بە بڕیاری دادوەر راگیراوە. پۆلیس ئاماژەی بەوەشکرد، لە كاتی لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوتووە تۆمەتبارەکە چەند فەرمانێكی دیکەی دەستگیرکردنی هەیە.