ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان: تاوەکو زویربووەکان نەگەڕێنینەوە کۆنفرانسی نیشتمانی ناکەین

رووداو دیجیتاڵ 

زیاتر لە 20 مانگ بەسەر وادەی دیاریکراوی بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕاندا تێپەڕیوە، بەڵام تائێستا وادەی بەستنی کۆنفرانسەکە دیار نییە و ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی ئەو حیزبەش دەڵێت تاوەکو زوویربووەکان نەگەڕێننەوە، کۆنفرانسی نیشتمانی ناکەن.
 
بڕیاربوو رۆژی 26ـی کانوونی دووەمی 2022، بزووتنەوەی گۆڕان دووەمین کۆنفرانسی نیشتمانیی ببەستێت، بەڵام دواخرا، هێشتاش وادەی نوێ دیارینەکراوە. 
 
دووشەممە 11-09-2023 سته‌م كامیل، ئەندامی‌ جڤاتی‌ نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان‌، رێكخه‌ری ژووری توێژینه‌وه‌ی سیاسیی  بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی ئاشتەوایی نێوخۆییە و دەیەوێ هەموو زوویربووەکان ئاشتبکاتەوە و بیانگەڕێنێتەوە."
 
ستەم کامیل گوتی "تاوەکو ئێستا توانیومانە چەند کەسێکی دیاری زوویربوو بە گەڕانەوە بۆ نێو بزووتنەوەکە رازی بکەین و بەردەوامیشین."
 
بەگوتەی ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، "هێشتا دیار نییە کەی کۆنفرانس دەکەن، دەیانەوێت کاتێک بیکەن کە بە تەواوی ئامادەبن و ئەو برادەرانەش گەڕابنەوە."
 
پێکهاتەی لیژنەی باڵای ئامادەکاریی کۆنفرانسی نیشتمانیی گۆڕان:
 
- لیژنەی بەرنامەی سیاسی 
- لیژنەی دەستووری نێوخۆ 
- لیژنەی درووشم و لۆگۆ 
- لیژنەی پلاتفۆڕمی هەڵبژاردن
- لیژنەی هەڵسەنگاندنی نوێنەران و تیمی حکومەت 
- لیژنەی هەڵسەنگاندنی جڤاتی نیشتمانی 
- ژووری پەیجووری 
- ژووری یاسایی 
- ژووری کارگێڕی و دارایی 
- ژووری رۆژنامەوانی 
- ژووری هەڵبژاردن 
 
ئەرکەکانی کۆنفرانسی نیشتمانی چین؟
 
بەپێی دەستووری رێکخراوەیی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەرکەکانی کۆنفرانسی نیشتمانی بریتین لە:
 
- نوێکردنەوەی بەرنامەی سیاسی لە بوارە جیاوازەکاندا.
- پێداچوونەوە بە دەستووری رێکخراوەیی، هەڵسەنگاندن و دەستکاریکردنی پلاتفۆرمەکانی هەڵبژاردنەکانی پارێزگا و هەرێم و عێراقی فیدراڵ.
- هەڵسەنگاندنی ئەدای تیمەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەت و نوێنەرەکانی لە دەزگا هەڵبژێردراوەکانی؛ پارێزگا، هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ.
- هەڵسەنگاندنی ئەدای جڤاتی نیشتمانی لە چەند ساڵی رابردوودا.
 
بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009 دامەزراوە، رۆژی 28/4/2009 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە فەرمی لیستی گۆڕانی وەک قەوارەیەکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ناساند. بۆ بەشداریکردنیش لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رۆژی 27/8/2009 لیستی گۆڕانی وەک قەوارەیەکی سیاسی فەرمی لەسەر ئاستی عێراق ناساند.
 
بزووتنەوەی گۆڕان، لە 31/5/2010 لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی ژمارە (13382) مۆڵەتی فەرمی وەرگرت.
 
ساڵی 2009 لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، لیستی گۆڕان، لە کۆی 111 کورسی، 25 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، وەک دووەم فراکسیۆنی پەرلەمان بووە گەورەترین هێزی ئۆپۆزیسیۆن لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان. لە هەڵبژاردنی 2013ـشدا، توانی 475 هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت و 24 کورسی پەرلەمان مسۆگەر بکات و ببێتەوە هێزی دووەم، لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانیشدا کە لە 2018 بەڕێوەچوو، بزووتنەوەی گۆڕان 12 کورسی بەدەستهێنا.
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە ساڵی 2010، لیستی گۆڕان وەک سێیەم گەورەترین هێزی سیاسی هەرێمی کوردستان دەرکەوت، لەسەر ئاستی عێراقدا 487 هەزار و 181 دەنگی بەدەستهێنا و هەشت کورسیی مسۆگەر کرد و بووە پێنجەم فراکسیۆن. لە هەڵبژاردنی 2014ـدا، 347 هەزار و 779 دەنگی بەدەستهێنا و ژمارەی کورسییەکانیشی لە پەرلەمان بۆ نۆ کورسی زیادکرد. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018دا تەنیا پێنج کورسی بەدەستهێنا. بەڵام لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کە 10-10-2021 بەڕێوەچوو، بزووتنەوەکە هیچ کورسییەکی بەدەستنەهێنا.