نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر یەکەمین پرسەنامە بۆ کۆچی دوایی شاژن ئێلیزابێزی دووەم لە 'تۆماری پرسە'دا دەنووسێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکەمین پرسەنامەی بۆ کۆچی دوایی شاژن ئێلیزابێزی دووەم، شاژنی کۆچکردووی بەریتانیا لە "تۆماری پرسە"دا نووسی، کە لە هەولێر لەلایەن کۆنسوڵخانەی گشتیی بەریتانیاوە کراوەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی ئەیلوولی 2022 له پرسهنامهكهدا نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سهرهخۆشيى خۆى و گهلى كوردستانى به شا چارڵزى سێيهم و خانهوادهى شاهانه و گهلى شانشینی یەکگرتوو و وڵاتانى كۆمۆنوێڵس گهياند و هاوخهمى و هاوسۆزى لهگهڵياندا دهربڕى.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژهى به پێگه و خۆشهويستيى شاژن ئێلێزابێزى دووهم لهسهر ئاستى جيهان كردووە و دووپاتیكردهوه، "لهم كاته سهختهدا بيرى خۆى و هاووڵاتيیانى ههرێمى كوردستان لاى خاوهن شكۆ شا و خانهوادهى شاهانهى شانشینی یەکگرتووه."
کۆشکی بەکینگهام، کۆشکی شاهانەی بەریتانیا رۆژی پێنجشەممە 8ی ئەیلوولی 2022 رایگەیاند، شاژنە ئێلیزابێزی دووەم لە تەمەنی 96 ساڵیدا و دوای 70 ساڵ مانەوە لەو پۆستەدا کۆچی دواییکرد.
لە پەیامێکی هاوخەمیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە 08-09-2022 تویتێکی کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، "زۆر خەمبارم بە کۆچی دوایی خاوەن شکۆ شاژنە ئێلیزابێزی دووەم. لەم کاتە سەختەدا بیرمان لای خێزانی شاهانە و خەڵکی شانشینی بەریتانیایە و نزایان بۆ دەکەین."
راستەوخۆ دوای مەرگی شاژنە ئێلیزابێز، چارلسی کوڕی کە تەمەنی 73 ساڵە، بووە پادشای بەریتانیا. شاژنە ئێلیزابێز زۆرترین ساڵ لە مێژووی شاهانەی بەریتانیا لە پۆستەکەدا بوو.