رێکخراوی ئەمنستی داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی گەریلایەکی پژاک لە ئێران دەکات
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکات چارەنووسی ئیدریس فەقیهی، گەریلای دەستبەسەرکراوی پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان - پژاک، ئاشکرا بکات و لە "دادگەیەکی دادپەروەرانە"دا دادگایی بکرێت و هەوڵ نەدەن لەسێدارەی بدەن.
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رۆژی 10-09-2022 رایگەیاند، چارەنووسی ئیدریس فەقیهی دیار نییە و داوای لە بەرپرسانی ئێرانی کردووە، رێگە بدرێت لێکۆڵینەوە لەو راپۆرتانە بکرێت کە باس لە ئەشکەنجە و ئازاری ئەو گیراوە دەکەن.
لێبووردنی نێودەوڵەتی داوای کردووە، ئەو گیراوە سیاسییە ئازاد بکرێت، رێگە بە خێزانەکەی بدرێت چاویان پێبکەوێت، پارێزەری هەبێت و خزمەتگوزاریی پزیشکیی بۆ دابین بکرێت.
ئیدریس فەقیهی، ئەندامی پژاک رۆژی 27ی تەممووزی 2021 لە رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریدا لەنێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و ژمارەیەک گەریلای پژاک لە ناوچەی بۆکان لە پارێزگای ورمێ، بریندار بووە.
بەپێی راپۆرتی لێبووردنی نێودەوڵەتی، کۆتایی هاوینی ساڵی 2021، چەند شایەتحاڵێک بە خێزانی ئیدریس فەقیهییان گوتووە، ئەو لەو رووبەڕووبوونەوەیەدا بریندار بووە و دواتر بە برینداری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.
بەپێی راپۆرتی تۆڕی مافی کوردستان، ئیدریس فەقیهی دوای تێکهەڵچوونەکە توانیویەتی خۆی حەشار بدات، بەڵام دوو رۆژ دواتر لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە. خەڵکی ئەو ناوچەیە پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ئیدریس فەقیهی بە برینداری گیراوە.
پاییزی ساڵی 2021، دوو گیراوی سیاسیی پێشوو بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانیان گوتبوو، ئیدریس فەقیهییان بە زیندوویی لە گرتووخانەی بنکەی "ئەلمەهدی"ی سوپای پاسدارانی پارێزگای ورمێدا بینیوە. ئەوان گوتبوویان، بەهۆی ئەشکەنجەوە تەندروستیی "زۆر خراپ" بووە.
پژاک رۆژی 6ی ئابی 2021 رایگەیاند، دوو گەریلایان بە ناوەکانی ئیدریس فەقیهی و موحسین قادری لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری بۆکان کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی ئێران و گیانیان لەدەستداوە.
سوپای پاسداران رۆژی 27ی تەممووزی 2021 رایگەیاند، لە شەڕێکدا دوو چەکداریان کوشتووە، چەکدارێکیان بە برینداری گرتووە و هاوکات سێ کەسیش کە ویستوویانە هاوکاریی ئەو تیمە بکەن، دەستبەسەر کراون.