هێمن گرووپ: کازمی بە شەقامی 120 مەتری و 150 مەتریی هەولێر سەرسام بوو
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای هێمن گرووپ کە جێبەجێکاری پرۆژەی شەقامی 120 مەتری و 150 مەتریی هەولێرە رایدەگەیێنێت، لەکاتی سەردانی بۆ هەولێر، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەردوو پرۆژەکە سەرنجیان راکێشاوە و داوای بینینی خاوەنی کۆمپانیاکەی کردووە.
لە راگەیێندراوی هێمن گرووپ دا هاتووە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی پرۆژەکانی بۆ کازمی کردووە کە "کۆمپانیای گرووپی هێمن سەركەوتووانە لەم بارودۆخە سەختەی دارایی هەرێمی کوردستان، ئەم پرۆژە گرنگانەی بە سەرپەرشتی، هاوكاری و پشتیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەش بە شاری هەولێر و كوردستان كردووە".
رۆژی پێنجشەممە، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوی هێمن گرووپ، جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانە "بەم ئاستە بەرزە و بەپێی ستانداردی جیهانی لەلایەن کۆمپانیایەکی نێوخۆیی" بووەتە جێگەی بایەخی کازمی و "دەستبەجێ" داوای کردووە كۆبوونەوەیەك رێكبخرێت لەگەڵ خاوەنی هێمن گرووپ و ستافەکەی".
کۆبوونەوەکەی مستەفا کازمی لەگەڵ هێمن گرووپ رۆژی پێنجشەممە 10-9-2020 بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و خالید خۆشناو، خاوەنی هێمن گرووپ و ئەندازیار ئەمیر عەبدولخالق، بەڕێوەبەری پرۆژەکانی رێگەوبان و ئەندازیار ئەنەس مازن، بەڕێوەبەری پرۆژەکانی بیناسازی بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، کار و پرۆژەکانی هێمن گرووپ باسکراون، کازمی "زۆر بە گرنگییەوە کارەکانی کۆمپانیاکەی نرخاند و خۆشحاڵیی و بایەخی خۆی بۆ کارەکان نیشانداوە.. كارەكانی ئێمەی زۆر بەرزنرخاند و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ پێشكەشكردنی هەموو ئاسانكارییەك بۆ كاركردن لە بەغدا و شارەكانی دیکەی عێراق و داوای كرد هێمن گرووپ پرۆژەکان لە عێراقیش جێبەجێبكات و ئەوان ئاسانکارییان بۆ دەکەن".
هەردوو شەقامی 120 مەتری و 150 مەتریی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە کە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو، بڕیاریان لەسەردراوە و خۆیشی بەردی بناخەی دەستپێکردنی داناون.
تەواوی شەقامی 120 مەتریی هەولێر بە سێ قۆناخ كارەكانی كرا و بڕی تێچووی تەواوی شەقامەكە 402 ملیۆن دۆلاربووە. بەشی کۆتایی پرۆژەکە 11 کیلۆمەتر پێکهاتبوو لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو لەلایەن مەسرور بارزانی کرایەوە.
لە تایبەتمەندییەکانی شەقامی 120 مەتری ئەوەیە؛ هیچ یوتێرنێک و پێچێکی تێدا نییە، هەموو پێچکردنەوە و لادانەکانیش لەسەر شەقامەکەوە، لەڕێگەی بەرزەپرد و پردی لادانەوە ئەنجامدەدرێن.
لە کاتی کردنەوەی دوایین قۆناخی شەقامی 120 مەتری، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، بڕیاری ئەوەیانداوە گرنگییەکی زیاتر بە ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بدەن و دروستکردنی شەقامەکانیش لەو چوارچێوەیەدایە و "هیوادارین بتوانین لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان تۆڕێکی رێگەوبانی فراوان دروستبکەین کە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان سوودی لێوەربگرن".
لە رێککەوتی 15-1-2013 کارەکانی پرۆژەکە دەستی پێ‌کرد، دیزاینی ئەو شەقامە بە ستانداردی ئەندازیاری جیهانی زۆر پێشکەوتوو ئەنجامدراوە. بۆ ئەوەی بە خێرایی 100 کیلۆمەتر لە کاژێرێژدا هاتووچۆی لەسەر بکرێت بەبێ راوەستان و پچڕان، واتە لە ماوەی 12 خولەک دەتوانرێت شەقامەکە ببڕدرێت.
پانی شەقامە سەرەکیەکە 15 مەترە بۆ هەر سایدێک، هەر سایدێک سێ رێڕەوی تێدایە، واتە لە هەر سایدێک سێ ئۆتۆمبێل دەتوانن هاتووچۆ بکەن، لەگەڵ رێڕەوێک بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل بۆ حاڵەتی لەناکاو و فریاکەوتن، ئەوە جیا لە دوو شەقامی خزمەتگوزاری کە پانی هەر یەکەیان 12 مەترە و لە هەردوولای شەقامەکەوە هەن.
لە کاژێرێکدا 10 هەزار ئۆتۆمبێل دەتوانن بەسەر شەقامەکەدا بڕۆن. هەروەها شەقامەکە هیچ گەڕانەوەی (U-turn)ی تێدا نییە، بەستنەوەی شەقامە خزمەتگوزارییەکان بە شەقامی سەرەکی تەنیا لە شوێنی ئینتەرکێنگەکاندا دەبێت.
پرۆژەکە گشت بڕگەکانی دیکەی رێگای بۆ ئەنجامدراوە، وەکو سیستەمی ئاوەڕۆ، پەرژینی خۆپاراستن، هێڵکاری رێگا، هێماکانی هاتووچۆ و کربستۆن و هەموو پێدوایستییەکانی دیکەی شەقامە مۆدێرنەکانی جیهان.
پرۆژه‌ی شه‌قامی 150 مه‌تری له هه‌ولێریش، یه‌كێكه له پرۆژه ستراتیژییەکانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، درێژی شه‌قامه‌كه 70 كیلۆمه‌تره و هه‌ر ئاراسته‌یه‌كی نزیكه‌ی 20 مه‌تر پانه و پێنج ئۆتۆمبێل دەتوانن به‌ته‌نیشت یه‌كه‌وه له‌سه‌ری رێبکەن، بۆ هه‌ر سایدێكیش شاڕێیه‌كی خزمه‌تگوزاری له ته‌نیشتیدا دروست ده‌كرێت.
نێچیرڤان بارزانی کە ئەوکات سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوو، لەکاتی دانانی بەردی بناخەی شەقامەکە گوتی، "هه‌ولێر، وه‌كو پایته‌خت كه له‌ڕووی جوگرافیشه‌وه كه‌وتووه‌ته ناوه‌ڕاستی هه‌رێمی كوردستان رێڕه‌وی جوڵه و په‌ڕینه‌وه و هاتووچۆی بازرگانییه، رێگای سه‌ره‌كی نێوده‌وڵه‌تی و مه‌رزی سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراقه، له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له وڵاتانی دراوسێ و توركیا و سووریاش، ئه‌م رێگایه ئاسانكاریه‌كی ته‌واو پێشكه‌ش به جوڵه‌ی بازرگانی ده‌كات".
كۆمپانیای هێمن گرووپ له‌سه‌ر بودجه‌ی خۆی شه‌قامی 150 مه‌تری جێبه‌جێ ده‌كات. 131 ملیۆن دۆلاری بۆ قۆناخی یه‌كه‌م ته‌رخانكردووه و پاره‌كه وه‌كو قه‌رز لای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، هه‌ركات دۆخی دارایی ئاسایی بووه‌وه، حكومه‌ت بۆی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
پڕۆژەی شەقامی 150 مەتری درێژییەکەی 70 کیلۆمەترە، واتە 42 کیلۆمەتر لە شەقامی 120 مەتری درێژترە، رێگەکە دووسایدە و هەر سایدێکی 20 مەترە، واتە پانی شەقامەکە 40 مەتر دەبێت. ئەندازیار ئەمیر عەبدولخالق، بەڕێوەبەری پڕۆژەی شەقامی 150 مەتری بە رووداوی راگەیاند، پڕۆژەی شەقامی 150 مەتریی خێرا، درێژییەکەی بەگشتی 70 کیلۆمەترە.
ئەو بەشەی کە کاری تێدادەکرێت لەنێوان چوارڕیانی رێگەی بەحرکە تاوەکو دەگاتە چوارڕیانی رێگەی کۆیەیە، درێژییەکەی 14 کیلۆمەترە، گوژمەکەی 131 ملیۆن دۆلارە، ماوەکەشی 1250 رۆژە. سێ ئینتەرکێنگ و سێ ئەندەر پاسی تێدایە.
شەقامی 150 مەتری دەبێتە شەشەمین شەقامی بازنەیی بە دەوری شاری هەولێر، ئەوەش دوای دروستکردنی شەقامەکانی 30 مەتری، 40 مەتری، 60 مەتری، 100 مەتری، 120 مەتری.
شه‌قامی 150 مه‌تری ده‌بێته شه‌شه‌مین و دواهه‌مین شاڕێی بازنه‌یی به‌ده‌وری هه‌ولێر، شه‌قامكی خێرایه و ناحیه‌كانی بنه‌سڵاوه، كه‌سنه‌زان، داره‌توو، به‌حركه، مه‌لاهۆمه‌ر و رێگای گوێر و قۆریتان و سه‌ركارێز به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و، به‌پێی خێرایی شه‌قامه‌كه‌ش دووری ئه‌مسه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ری شار ته‌نها چه‌ند خوله‌كێكی كه‌می پێده‌چێت.