ئامانج رەحیم: پێم وانییە پرسی نەوت ببێتە رێگر لە رێککەوتن لەسەر بودجەی 2021
رووداو دیجیتاڵ
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێستا لەگەڵ بەغدا رێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە لەسەر پرسی دەروازە سنوورییەکان نەکراوە و پێم وانییە ئەو پرسە و پرسی داهاتی گومرگی و رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت کێشەیەکی گەورە بێت لەبەردەم رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا. هەروەها باسی لەوە کرد کە لەمەودوا لە هەرێمی کوردستان باج لە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان وەردەگرن و لە باج نایانبەخشن.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: نێوەرۆکی ئەو کۆبوونەوانە چی بوون کە شاندی باڵای هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ لەسەر کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردنیان؟
ئامانج رەحیم: کۆبوونەوەکانمان لە بەغدا لە دوو رۆژی رابردوودا کە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە و پێنجشەممەش هەندێک کۆبوونەوە کران، بریتیبوو لە درێژەدان بە کۆبوونەوەکانی پێشووتر لەسەر بابەتەکانی پەیوەندیدار بە بودجە، وزە کە وزەش خۆی دەبینێتەوە لە پرسەکانی نەوت، غاز و کارەبا، بابەتی بودجەش پەیوەندیدارە بە بابەتی نەوتیشەوە، بابەتی هەناردەکردنی نەوت لە کوردستان.
ئێستا حکومەتی عێراقی سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجەیە بۆ ساڵی 2020 کە وا بڕیارە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە لە ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر بکرێت و پاشان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بنێردرێت، بۆیە کۆبوونەوەکانی هەفتەی رابردوو درێژەدان بوون بەو دۆسیانە.
رووداو: لەسەر دەروازە سنوورییەکان گەیشتنە چ رێککەوتنێک؟
ئامانج رەحیم: هێشتا هیچ رێککەوتنێکی کۆنکرێتی لەنێوان هەرێم و بەغدا لەسەر ئەو بابەتە نەکراوە، بەڵام دانوستاندنەکان بەردەوامن. لە رۆژی 15ی 8ـدا نووسراوێک لەلایەن ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ئاراستەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی عێراق کرابوو. بەپێی ئەو نووسراوە، بڕیار درا تاوەکو پەسندکردنی بودجەی ساڵی 2021 حکومەتی فیدراڵی 324 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکات، بە مەرجێک دانوستاندنەکانی هەردوولا بەردەوامبن بۆ ئەوەی بگەنە کۆمەڵێک پرەنسیپ تاوەکو لە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2021 جێگەی بکرێتەوە.
ئەوەی پەیوەندیدارە بە دەروازە سنوورییەکانەوە پرسی دەروازەی سنووریی جیاوازە. پرسی سنوور و پاراستنی سنوور بەپێی ماددەی 110ی دەستوور ئەرکی حکومەتی فیدراڵییە، بەڵام دەروازە سنوورییەکان زیاتر پەیوەندیدارن بە بابەتی گومرگەکان.
ئەوانەی یاسایین دەزانن گومرگ لە دەستووردا لە ماددەی 114دا هاتووە کە لە چوارچێوەی دەسەڵاتە هاوبەشەکانی نێوان هەرێمەکان و حکومەتی فیدراڵیدایە.
بۆیە ئێستا لێکتێگەیشتنێکی باش هەیە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە لە چوارچێوەی ئەو ماددە دەستوورییەدا بابەتی دەروازە سنوورییەکان رێک بخەینەوە.
داهاتی دەروازە سنوورییەکانیش بڕیارە 50%ی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت و 50%یشی بۆ حکومەتی فیدراڵی بێت. بێگومان ئەو بابەتە زیاتر لە یاسایەکدا رێکخراوە کە پێی دەڵێن یاسای بەڕێوەبردنی دارایی لە عێراق کە لە ساڵی 2019دا دەرچوو بە ژمارە 6، بەڵام 2020/01/01ـەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەوێ ماددەیەک هەیە پێی دەڵێن ماددەی 29 کە دەستنیشانی کردووە داهاتی جگە نەوتی چۆن لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دابەش دەکرێت.
ئەوەی پەیوەندیدارە بە گومرگەوە بەو شێوەیەی کە باسم کرد 50%ی بۆ حکومەتی فیدراڵییە و 50%یشی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام بیر لەوە دەکرێتەوە چۆن رێکارێک بدۆزرێتەوە کە هەردوولا دڵنیا بن لەو ژمارانەی وەکو داهاتی دەروازە سنوورییەکان دەخرێنەڕوو؛ هەم حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەم حکومەتی فیدراڵیش.
بێ گومان دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئاگادار بێت لە دەروازە سنوورییەکانی دیکەی عێراق کە ئەم بابەتە چۆن دەڕوات.
بۆیە ئەگەر هەر لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش هەبێت لەنێوان هەرێم و بەغدا لەسەر رێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکان، یان بابەتی وردبینیکردنی چاودێریی دارایی، هەردوولا بە هاوئاهەنگی هەرێمی کوردستانیش مافی خۆیەتی زانیاریی لەسەر دەروازە سنوورییەکانی دیکەی عێراق هەبێت.
بۆیە پێم وانییە پرسی دەروازە سنوورییەکان و داهاتی گومرگی لەبەردەم رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا کێشەیەکی گەورە بێت.
رووداو: بەپێی زانیارییەکانی رووداو دوێنێ مستەفا کازمی لە سەردانەکەیدا بۆ دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل زۆر رازیبووە لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئەو دەروازەیە لە هەرێمی کوردستان. ئەمە وا دەکات کە هەڵوێستی عێراق بەرامبەر دەروازە سنوورییەکان لە کوردستان بگۆڕێت؟ بە شێوازێک کە گوتوویەتی دەمانەوێت رێکارێک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی ئێمەش دەروازە سنوورییەکانمان بەو شێوەیە بەڕێوە ببەین.
ئامانج رەحیم: بێگومان ئەو لێکدابڕانەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کاریگەریی زۆر هەبووە لەسەر ئەوەی کە کۆمەڵێک شت بە ناڕاستی و نادروستی بگەنە یەکدی.
خۆتان دەزانن ئێمە هەر لە ساڵی 2019 و 2020ـدا زیاتر لە 7 بۆ 8 جار چووینە بەغدا، خۆم ئەندامی شاندەکانی دانوستاندن بووم لە بەغدا. شەقامی عێراقی زۆر هەڵە تێگەیێنراوە لە بابەتە داراییەکان لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستاندا.
ئەم جۆرە پەیوەندییە و هاتنی بەڕێز مستەفا کازمی وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی لە نزیکەوە خۆی ببینێت و بزانێت چۆن دەروازە سنوورییەکان بەڕێوە دەبرێن، بێ گومان کاریگەریی لەسەر بۆچوونی سەرۆکوەزیران و بۆچوونی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت، چونکە سەرۆکوەزیران لەو گەشتەیدا بە تەنیا نییە، بەڵکو چەندین خەڵکی لەگەڵدایە کە لەم بوارانەدا پسپۆڕن.
بێ گومان ئەمجۆرە پەیوەندییانە گرنگیی خۆیان هەیە، بۆ نموونە ئێمە وەکو شاندی دانوستاندنکار دەچینە بەغدا، زۆرجار کە دێینەوە هەر بۆ تەلەڤزیۆنی رووداو، K24 و کەناڵەکانی خۆمان و بۆ خۆمان قسە دەکەین، بەڵام زۆر گرنگە ئێمە بتوانین لەگەڵ شەقامی عێراقیش قسە بکەین.
پرسی دەروازەی سنووری لە عێراقدا دۆخی زۆر خراپە، ئەگەر بێتو بەراوردێک بکەیت، من ناڵێم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بێ کەموکورتین، نەخێر، دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش کەموکورتیان تێدایە و هێشتا نەتوانراوە بەشێوەیەکی بنەڕەتی پرسی شەفافیەت لەو دەروازە سنوورییانەدا بەرپا بکرێت.
بێ گومان خستنەڕووی داهاتی ئەو دەروازە سنوورییانە پێویستە لە چوارچێوەی بودجەی هەرێمی کوردستاندا بێت کە بەداخەوە ئێمە لەدوای ساڵی 2014وە بودجەمان نەبووە.
کاتێک خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەو متمانەیەی لە لا دروست دەبێت و دەتوانێت متمانە بە حکومەتەکەی خۆی بکات، ئەگەر حکومەت بتوانێت بڕوا بە خەڵک بهێنێت کە ئەو داهاتەی لە بەردەستیەتی هەر ئەوەندەیە بۆیە ناتوانێت مووچە لەکاتی خۆیدا و بە تەواوی خەرج بکات.
بۆیە پێم وایە پرسی شەفافیەت و پەیوەندی و کۆبوونەوە و دانوستاندن و گفتوگۆکردن و لێکتێگەیشتن هەر تاکە رێگەیە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان و بەغدا بگەنە رێککەوتن.
رووداو: ئەو کێشانەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر فڕۆکەخانەکان هەن چین؟
ئامانج رەحیم: یاسایەک هەیە لە بەغدا پێی دەڵێن یاسای دەستەی دەروازە سنوورییەکان. ئەم یاسایە تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە و کاری پێناکرێت. بەپێی ئەو یاسایە فڕۆکەخانەکانیش وەکو دەروازەی سنووری مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. بەڵام ئەوەی کە باسم کرد فڕۆکەخانەکانیش وەکو دەروازە سنوورییەکانی ئیبراهیم خەلیل و باشماخ و پەروێزخان و حاجی ئۆمەران و دەروازە وشکانییەکانی دیکە بە هەمان شێوە ئێستا بابەتی گفتوگۆن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، چ لەسەر پرسی چۆنیەتیی دڵنیابوونی هەردوولا لە داهاتی ئەو دەروازە سنوورییانە و چ لە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنیان.
هاوکات دۆزینەوەی رێکاری هاوبەش لەسەرجەم دەروازە سنوورییەکانی عێراقدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە لە کۆتاییدا وادەکات کە هەردوولا بتوانن بە ئاسانتر بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.
رووداو: لەسەر پرسی نەوت عێراق و هەرێمی کوردستان بە کوێ گەیشتوون؟ عێراق دەیەوێت هەرێمی کوردستان هەموو نەوتی خۆی رادەست بکات؟
ئامانج رەحیم: ئەگەر وا گریمان بکەین ئێستا هەرێمی کوردستان 450 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، لەو 450 هەزار بەرمیل نەوتە 30 هەزار بەرمیلی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیە کە دەدرێتە پاڵاوگەکان، 420 هەزاری لە رێگەی بەندەری جیهانەوە هەناردە دەکرێت. حکومەتی فیدراڵی بەردەوام لە یاساکاندا ئەو پابەندییەی خستووەتە سەر شانی هەرێمی کوردستان، ئەویش رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتە بە کۆمپانیای سۆمۆ بۆ ئەوەی لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت و داهاتەکەی بچێتە سەر وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی.
بێگومان ئەو بابەتە زۆر پەیوەندیدارە بە پرسی دەستنیشانکردنی بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا. بابەتی یەکلاییکردنەوەی نەوت بۆ دەستنیشانکردنی بڕی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا زۆر گرنگە.
بۆیە حکومەتی فیدراڵییش تێدەگات لەوەی لە هەرێمی کوردستان پیشەسازیی نەوتی زۆر نوێیە و کەرتی تایبەت بەڕێوەی دەبات.
بۆ نموونە بۆریی هەناردەکردنی نەوت لە عێراق بۆریی نیشتمانییە. حکومەتی فیدراڵی یان کۆمپانیاکانی نەوت پارە نادەن لەبەرامبەر گواستنەوەی نەوت لە بەسرەوە بۆ بازاڕی جیهانی نەوت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بۆریی نەوتی هی کەرتی تایبەتە و پێویستە لەبەرامبەر هەناردەکردنی هەر بەرمیلێک نەوتدا بڕێک پارە وەکو تەعریفەی ئەو بۆریە بدرێت.
بۆیە ئەمە وایکردووە هەم گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان و هەم گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنانی گرێبەستەکانی عێراق کە گرێبەستی خزمەتگوزارین.
ئێستا من وای بۆ دەچم هەم وەزارەتی نەوت و هەم وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لێکتێگەیشتنێکی باشتریان هەیە لەسەر ئەو بابەتە و پێم وانییە پرسی رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت ببێتە رێگر لەبەردەم رێککەوتن لەسەر بودجەی ساڵی 2021.
رووداو: بۆ پرسی غاز حکومەتی عێراقی لەکاتی دانوستاندنەکاندا هیچ قسەی لەگەڵ ئێوە کردووە؟
ئامانج رەحیم: پرسی غازیش، وەکو باسم کرد، ئێمە نابێت هەموو ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بچووک بکەینەوە لە پرسی وزە و بودجەدا، بەڵکو ئێمە بابەتە نیشتمانییەکانی وەکو ماددەی 140 و ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان و پرسی پێشمەرگە کە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق و مووچەیان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان هەیە. ئەمانە هەموویان جێی گفتوگۆ و دانوستاندنن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی.
ئەگەر بابەتی خاڵ لاببەین و قسە لەسەر پرسی شایستەی دارایی و بودجە و وزە بکەین، داراییمان باسکرد کە داهات و خەرجییە، پرسی قەرزیش زۆر گرنگە، چونکە هەرێمی کوردستان بڕێکی زۆر پابەندی دارایی و قەرزی لە سەرشانە کە هەوڵدەدات لە چوارچێوەی قەرزەکانی عێراقدا جێگەی بکاتەوە، ئەمەش بە خۆشحاڵییەوە لە بودجەی ساڵی 2020ـدا ماددەیەکی بۆ دانراوە.
باسی نەوتمان کرد. ئەگەر بێینە سەر پرسی غاز، چونکە وزە نەوت و غاز و کارەباشە. ئێستا هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە کە دەتوانێت لە رێگەی وێستگەکانی کەرتی تایبەتەوە کارەبا بەرهەم بهێنێت، چونکە وەکو دیارە پرسی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان کاری کەرتی تایبەتە، واتە حکومەت بەشدار نییە لە بەرهەمهێنانی کارەبا.
ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە ئەگەر بکرێت کەرتی تایبەتی بەرهەمهێنانی کارەبا بتوانێت لە بەرامبەر دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا ببێتە بەشێک لە چارەسەری کارەبا لە عێراق، ئەمەش یەکێکە لەو 7 پرسەی کە لە نووسراوەکەی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەغدا هاتووە کە بۆ وەزارەتی دارایی رۆیشتووە.
پرسی دەروازە سنوورییەکان، پرسی غاز و کارەبا پێکەوەن و ئێمە ئێستا بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ پێویستمان بە غازە. نە لە عێراق و نە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی غاز گەیشتووەتە ئەو قۆناخەی بیر لەوە بکەینەوە هەناردەی بکەین.
بۆیە پرسی غاز هێشتا قسەی لەسەر دەکرێت کە ئایا تا چەند دەتوانرێت وەبەرهێنانی هاوبەش بکرێت لە پرسی بلۆکەکانی غاز لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و ئەم غازە چۆن بەکاربهێندرێت بۆ وێستگەکانی کارەبا و سووتەمەنی بۆ دابین بکرێت تاوەکو بتوانین یارمەتیی حکومەتی فیدراڵی بدەن و ببنە بەشێک لە چارەسەری کارەبا، بە مەرجێک ئەمە کاریگەریی لەسەر دابینکردنی کارەبا بۆ هاووڵاتیتانی هەرێمی کوردستان نەبێت.
لە بەرامبەری ئەو پابەندییانەی هەرێمی کوردستاندا گرنگە هەرێمی کوردستانیش بزانێت ئایا بەغدا بە نیازە شایستەی دارایی هەرێم چۆن دابین بکات؟ ئایا لەسەر ژمارەی دانیشتووانە؟ لە کاتێکدا لە ساڵی 2005ـەوە تاوەکو مانگی شوباتی 2014 ئێمە 17٪ی نەفەقاتی نەک بودجە هەموو بودجەی عێراقمان بۆ دابینکراوە، لەدوای ئەوە بوو بە 12.67% لە کۆتاییدا وای لێهات لەسەر بنەمای نەفەقاتی کردەیی ئێمە پارەمان وەردەگرت، واتە 12.67%یش نەما.
بۆیە ئێمە ئێستا لەگەڵ وەزارەتی دارایی لە گفتوگۆداین تا بزانین ئەگەر ئێمە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەو پابەندیانە بکات، 50% گومرگی خۆی بدات، دەروازە سنوورییەکان رێک بکەوین لەسەر ئەوەی چۆن بەشێوەیەکی هاوبەش بیر لەوە بکرێتەوە کە دڵنیایی بدەین بە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمیش کە دەروازە سنوورییەکان بەشێوەیەکی باش بەڕێوە دەبردرێن، لەبەرامبەری ئەو پابەندیەیدا 250 هەزار بەرمیل نەوتەی رادەستی بەغدا دەکرێت.
لە کاتێکدا ئەو 250 هەزار بەرمیلە رادەست بکەیت و ئەوەی کە دەشمێنێتەوە بیدەیتە خەرجییەکان، کەواتە هەرێمی کورد دەستبەرداری هەموو نەوتەکەی دەبێت و شتێک نامێنێتەوە لە هەرێمی کوردستاندا بە ناوی داهاتی نەوتەوە. ئەوەی دەمێنێتەوە بریتییە لە داهاتی 50%ی گومرگ و ئەو بەشە بودجەیەی لە بەغداوە بۆی دێت لەگەڵ داهاتی باج و رسومات.
رووداو: ئەو کات بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بەم شێوازەی کە باسی دەکەیت لە پرۆژەیاسای بودجەدا زیاد دەکرێت؟
ئامانج رەحیم: لە بودجەی ساڵی 2020ـدا کە لە سۆشیال میدیا بڵاویشکرایەوە لەوانەیە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە ناوەڕۆکەکەی ئاشنا بووبن.
هەتا ئێستا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان رێژەکەی هەر 12.67%ـە، واتە بەداخەوە ئەوەی کە پێشتر رێککەوتنی لەسەر کرابوو کە 17% بێت لە یاسای بودجەی ساڵی 2005 تاوەکو 2014ـەش، بەبێ ئەوەی هیچ سەرژمێرییەکی فەرمی بکرێت لە عێراق، رێژەی هەرێمی کوردستانیان لە 17%ـەوە بۆ 12.67% دابەزاندووە، لە ساڵی 2020ـیشدا دیسان ئەو رێژەیە جێگیرکراوەتەوە.
ئێمە لە مانگی 12ی ساڵی 2019دا رێککەوتنێکی باشمان لەگەڵ حکومەتەکەی پێشووی بەڕێز عادل عەبدولمەهدیدا کرد لەبەرامبەر رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل بە کۆمپانیای سۆمۆ بۆ ئەوەی ئەو نەوتەی دەمێنێتەوە خەرجیی کۆمپانیاکانی نەوتی لێبدرێت.
عێراق ئامادەبوو مانگانە 900 ملیار دینار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان تەرخان بکات، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەو بارودۆخە سیاسییەی لە عێراق رووی دا، ئەوە بوو بەڕێز عادل عەبدولمەهدی دەستی لە کار کێشایەوە، بودجە نەبوو بۆ عێراق لە ساڵی 2020ـدا و ئێمە هەوڵ دەدەین بنەمایەکانی ئەو رێککەوتنەی مانگی 12ی ساڵی 2019 بکەین بە بنەما بۆ رێککەوتن بۆ ساڵی 2021.
رووداو: ئەوەی پەیوەست بێت بە پێشمەرگەوە لە پرۆژەیاسای ساڵی 2021ـدا عێراق بڕوای بەوە کردووە بۆ ئەوەی لە رووی لۆجیستی و پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگەوە لە پرۆژەیاسای ساڵی 2021ـدا جێگیری بکات؟
ئامانج رەحیم: ئەگەر سەیری پێشمەرگە بکەین، جیاواز لە هەموو هێزە سەربازییەکانی دیکەی عێراق لە دەستووردا ناوی هاتووە، بەڵام بەداخەوە لە 2005ـەوە تاوەکو ئێستاش کە ئێمە لە ساڵی 2020ـداین، یەک دینار پارە بۆ پێشمەرگە خەرج نەکراوە.
لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە بەپێی بەشەکەی خۆی تەحەمولی مووچەی سوپای عێراقی کردووە، بۆچی؟ چونکە بودجە و مووچە و دابینکردنی پێداویستییەکانی بەرگری لە چوارچێوەی نەفەقاتی سیادییە.
رووداو: ئەمە لە گفتوگۆکاندا باس کراوە؟
ئامانج رەحیم: بەڵێ باسکراوە. ئێستا دەتوانم بڵێم لەو رێککەوتنەی لە مانگی 12ی ساڵی 2019دا کردمان، هەوڵمان دا و توانیشمان جێگری بکەین کە پارەی تەرخانکراوی پێشمەرگە بێتە سەر کوردستانو لە چوارچێوەی پارەی تەرخانکراوی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا نەبێت.
لە کاتێکدا لە ساڵی 2019 مانگانە 67 ملیار دینار شایستەی پێشمەرگە بوو، بەڵام هیچی لێ خەرج نەکرا. واتە تاوەکو ئێستا هیچ پارەیەک بۆ پێشمەرگە خەرج نەکراوە، بەڵکو هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی تەرخانکراوەکانی خۆیدا کە لە 17% بووبێت یان 12.67% بووبێت، خۆی مووچەی پێشمەرگەی داوە.
نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە پێشمەرگە بەشێکی پەیوەندیدارە بە پرسی چاکسازییەوە، یەکەی 70 و 80 بەشێوەیەکی سەرەکی، چونکە یاسای چاکسازی ساڵی 2020ـیش بە ئاشکرا ئاماژەی پێداوە.
ئێمە مانگانە 138 ملیار دینار بۆ وەزارەتی پێشمەرگە خەرج دەکەین، بەڵام بودجەی وەزارەتی تەندروستی کە دکتۆرێکی نیشتەجێ مانگانە 780 بۆ 800 هەزار دینار وەردەگرێت کە لە شەڕی پێشەوەی کۆرۆنادایە، لە هەرێمی کوردستان وەزارەتی تەندروستی هەموو تەرخانکراوەکەی تەنیا 50 ملیار دینارە، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە 138 ملیار دینارە. واتە 40%ـی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ کەرتی سەربازی و ئەمنی و وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش و دژەتیرۆر خەرج دەکرێت.
بۆیە گرنگە پێداچوونەوەیەک بە کەرتی سەربازی و ئاسایش لە هەرێمی کوردستاندا بکرێتەوە. ئەو کەسانەی شایستەن مووچەی ئێستایان نەک کەمبکرێتەوە، بەڵکو دەبێت زیاد بکرێت.
پێشمەرگەیەکی ئاسایی مانگانە 500 هەزار دینار وەردەگرێت، بەڵام ئەگەر بێین و هێزەکانی پێشمەرگە رێک بخەینەوە لە چوارچێوەی ئەوەی ئێستا هاوپەیمانانیش پاڵپشتی ئەو پرۆژەیە دەکەن.
ئێمە کە لە واشنتن بووین، بەشداریم کرد لە دایەلۆگی ستراتیژیدا و یەکێک لە تەوەرەکان تەوەری بەرگری و ئاسایش بوو کە ئەمریکییەکان زۆر بە گەورەیی دەیانڕوانییە پرسی ئەو هەنگاوانەی هەرێمی کوردستان بۆ چاکسازی لە بواری پێشمەرگەدا. بۆیە بابەتەکە هەر پەیوەندیدار نییە بە بەغداوە.
ئەگەر بمانەوێت کار بکەین لە پێناوی ئەوەی مووچەخۆری ئێمە 30 رۆژ جارێک مووچەی تەواو وەرگرێت، بابەتەکە هەر ئەوە نییە روو لە کازمی بنێین بۆ ئەوەی کە داهاتەکەمان زیاد بکەین، بەڵکو دەبێت خەرجییەکانیشمان رێکبخەینەوە کە خەرجیی نەوت، فەرمانبەران و پێشمەرگە و ئەرکی گشتیشن.
رووداو: بۆ چاكسازی لەنێو وەزارەتی پێشمەرگەدا خۆت دەزانیت كە پرۆژەی هاوپەیمانانیش هەیە. چ لە حكومەت چ لە سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستان چ هەوڵێك دراوە بۆ ئەوەی پەلە لە چاكسازیكردندا بكرێت؟
ئامانج رەحیم: خۆی لە یاسای چاكسازیدا ئێستا پرسی رێكخستنەوەی بووە بە یاسا نەك تەنیا یەكەی 70 و 80، بەڵكو هەموو هێزە چەكدارەكان لە هەرێمی كوردستان ئەوانەی كە رێك نەخراون.
پێشم وایە ئەم كابینەیە لە پرسی جێبەجێكردنی ئەم بابەتەدا جیدیە، بەڵام ئێمە باس لە كێشەیەك دەكەین تەمەنی زۆرە. حیساب بكە ئەوە چەندین ساڵە ئەم بابەتە هەیە و دەكرێت لە بیریشمان نەچێت. بە راستی یەكەی 70 و 80 و پێشمەرگە و سەركردەكانی ئەم دوو یەكەیە رۆڵی گەورەیان لە پرسی شەڕكردن لەگەڵ رێكخراوی تیرۆریستیی داعش و بەرگریكردن لە هەرێمی كوردستاندا هەبوو.
دەبێت كارێكی وا بكرێت كە لە رێكخستنەوەی ئەم هێزانەدا تەنیا ئامانجەكە ئەوە بێت كە پێشمەرگەی شاییستە مەغدوور نەكرێت. پێشم وایە هەنگاوی جیددی نراوە و ئێستا بەڕێز كاك شۆڕش، وەزیری پێشمەرگە خۆی بەپێی یاسای چاكسازی بەرپرسیارە لە پرسی رێكخستنەوەی یەكەی 70 و 80.
وەكو باسیشم كرد ئەمریكا، هاوپەیمانان، بەریتانیا و ئەڵمانیا هەموویان ئێستا پێكەوە پرۆژەیەكیان ئامادەكردوە و ناویان ناوە پرۆژەی پێشمەرگە لە ئاییندەدا.
ئەم پرۆژەیە پڕۆژەیەكی زۆر تێر و تەسەلە لە هەموو بابەتەكانی پەیوەندیدار بە پرسی چۆنیەتیی دروستكردنەوەی یەكەی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان و رێكخستنەوەیان لە چوارچێوەی یەكە سەربازییەكان و رێكخستنەوەی پلەكانی سەربازیدا.
هەروەها پرسی دابینكردنی مووچە ئەگەر بێتو هەرێمی كوردستان چاكسازی لەم بوارەدا بكات، پێم وایە ئەمریكاش كە ئێستا 17 ملیۆن دۆلار مانگانە تەرخان دەكات، ئامادەیە ئەم بڕە پارەیە زیاتر بكات و پشتگیری بۆ پێشمەرگەش زیاتر بكات.
رووداو: ئایا یاسای چاكسازی لە هەرێمی كوردستان دەست بەجێبەجێكردنی كراوە؟
ئامانج رەحیم: بەدڵنیاییەوە دەست بەجێبەجێكردنی كراوە. لە 2/7ەوە كە دەست بە جێبەجێكردنی كراوە، یەكێك لەو خاڵانەی كە دەستی پێكراوە پرسی قۆناخی دووەمی بایۆمەتری بووە کە بۆ خۆی بەشێكە لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كە ئیتر دەكەوینە ئەو قۆناخەی ئێستا لە پرۆگرامی بایۆمەتریدا قۆناخی یەكەم هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تۆماركراون.
ئێستا لە قۆناخی دووەمدا كە دوو-سێ رۆژ پێش ئێستا كۆبوونەوەی یەكەممان كرد، هی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی قۆناخی دووەم ئیتر دەكەوینە ئەوەی لەناو سیستمی بایۆمەتریدا مووچەخۆری شایستە لە مووچەخۆری ناشایستە جیا بكەینەوە كە ئەمە گرنگە و بەشێكی گەورەشە لە یاسای چاكسازی.
پرسی دروستكردنی سندووقی خانەنشینی كە پەیڕەوی بۆ دەرچووە و ئیتر لەم مانگەوە كە مووچەخۆری هەرێمی كوردستان مووچە وەردەگرێت، ئەو بڕە پارەیەی بە تەوقیفاتی خانەنشینی لێی دەبڕدرێت، دەخرێتە ناو ئەم سندووقەوە.
بەشێكی دیکە پرسی رێكخستنەوەی دامەزراندنی پلە باڵاكانە كە پەیڕەوی بۆ دەرچووە و لەمەودوا ئەوانەی لە بەڕێوەبەری گشتی بەرەو ژوورن كۆمەڵێك رێوشوێن و مەرج دانراوە بۆ دامەزرداندنیان.
وەكو باسم كرد لەسەر ئاستی وەزارەتی شەهیدان و وەزارەتی پێشمەرگە و لەسەر ئاستی وەزارەتی ناوخۆ سەرقاڵی ئامادەكردنی پەیڕەوێكن بۆ رێكخستنەوەی پاسەوانان.
بەڕاستی پاسەوانی لە هەرێمی كوردستاندا كەموكورتیی زۆری تێدایە و پێویستی بە رێكخستنەوەیەكی باش هەیە. بۆ نموونە ئێستا پاسەوانی دامەزراوە نەوتییەكان هەیە كە لەناو حكومەت لیوای نەوت و گاز هەیە، بەڵام لەولاشەوە سەیر دەكەیت كۆمپانیا نەوتیەكانیش برە پارەیەك تەرخان دەكەن بۆ خەرجكردنی. ئەمانە بڕە پارەی زۆرن لە كۆتاییدا هەموویان خەرجین لە داهاتی نەوت. ئەگەر ئەمانە رێك بخرێنەوە، لە كۆتاییدا پێم وایە حكومەتی هەرێمی كوردستان بتوانێت ئەم کەرتە رێک بخاتەوە.
رووداو: كۆمپانیاكانی سكیوریتیی نەوت لادەبرێن؟
ئامانج رەحیم: ئەوانە هەموویان ئێستا وەزارەتی ناوخۆ خەریكی ئامادەكردنی پەیڕەوێكە بۆ رێكخستنەوەی پاسەوانی.
روودا: وەزارەتەكانی دیكە كەی دەست دەكەن بە چاكسازی؟
ئامانج رەحیم: خۆی پرسی چاكسازی پرۆسەیەكی بەردەوامە. پێشبینی دەكەم هەندێك بڕگەی یاسای چاكسازی هەبێت لەو كابینەیە و كابینەی داهاتووشدا جێبەجێكردنیان بەردەوام بێت، بەڵام لە بیریشمان نەچێت پرسی چاكسازی پێش هەموو شتێك پێویستی بە جێگیربوونێكی سیاسی هەیە.
جێگیریی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا دەبێت، چونكە لە كۆتاییدا ئەگەر پەرلەمانی كوردستان، ئەگەر رێكخراو و حیزبە سیاسییەكان پشتگیریی چاكسازی نەكەن، لەوانە نییە تەنیا بەدەركردنی یاسا ببێت.
دەركردنی یاسا ئاسانە، بەڵام پێم وایە سەختترین قۆناخی چاكسازی بریتیە لە قۆناخی جێبەجێكردنی. پێم وایە ئەگەر ئێمە كاربكەین لەسەر ئەوەی كە پەیوەندیەكانمان لەگەڵ بەغدا رێك بخەینەوە، چونكە بەغدا ئەگەر سەیری بودجەی 2020 بكەین 148 ترلیۆن خەرجیەتی و 67 ترلیۆن داهاتی نەوت و داهاتی نانەوتییە، 70 ترلیۆنی بریتییە لە كورتهێنان، واتا ئەو رەقەمی 148 ترلیۆنەی ساڵی 2020 هەمووی كاش نییە لەبەردەم حكومەتی فیدراڵدا، واتە 70 ترلیۆنی بریتییە لە كورتهێنان.
كورتهێنان بریتییە لەوەی كە داهاتت بەشی خەرجییەكەت ناكات. حكومەتی عێراق چۆن چارەسەری ئەم كورتهێنانەی كردووە تاوەكو ئێستا 15 ترلیۆنی لە بانكە ناوخۆییەكان وەرگرتووە. ئێستا لە یاسا نوێیەكەی بودجەی 2020ـدا داوا دەكەن 5 ترلیۆنی دیكەش وەربگرن.
ئەگەر هەرێمی كوردستان بتوانێت پەیوەندییەكی باش لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بكات، ئەوە دەتوانێت سوود لەو قەرزانە وەربگرێت، چونكە ئێمە وەكو هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا بەپێی ماددەی 110 مافی ئەوەمان نییە قەرز وەربگرین و وەرگرتنی قەرز ئەركی حكومەتی فیدراڵییە، بەڵام رێكخستنەوەی پەیوەندییەكان وادەكات هەرێمی كوردستانیش بەتایبەتی لە ماددەی 106ـی دستووردا هاتووە كە هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی هەیە مافی خۆی هەبێت لە پرسی قەرزە نێودەوڵەتییەكاندا.
رووداو: بەپێی ئەو رێككەوتنەی كراوە ناردنی ئەو 320 ملیارە دینارە تاوەكو كۆتایی ئەمساڵە، ئەگەر بێتو بودجەی ئەمساڵ تاوەكو ئەم كاتە پەسند نەكرێت رێككەوتنێكی دیكە دەكرێت یاخود ئەم رێككەوتنە درێژ دەكرێتەوە بەو بڕە پارەیە؟
ئامانج رەحیم: ئێمە 3 مانگمان ماوە بۆ ئەوەی بگەینە كۆتایی ساڵی دارایی 2020. ئێساش وەزارەتی دارایی عێراق سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژەیاسای ساڵی 2021ـە. بەپێی ئەو یاسایەی باسم كرد یاسای ئیدارەی دارایی گۆڕانكاری كراوە و دەبێت عێراق لەمەودوا بۆ 3 ساڵ ستراتیژیی خۆی دابنێت بۆ پرۆژە.
ئێمە تیمێكی تەكنیكیمان هەیە پێش ئەوەی شاندە باڵاكە بچێت بۆ بەغدا ئەوان بۆ ماوەی هەفتەیەك لەوێ بوون كاریان لەسەر بابەتە تەكنیكییەكان كردبوو؛ لەسەر پرسی وزە و بودجە و بەتایبەتی پرسی داڕشتنی ستراتیژیەتی 3 ساڵی بودجە.
من پێم وایە تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ هاتنی ئەو 324 ملیار دینارە بەردەوام دەبێت. هیواداریشم حكومەتی هەرێمی كوردستان بتوانێت بە لایەنی كەمەوە لە 30 رۆژ جارێكدا بەپێی ئەو داهاتەی كە لە بەردەستیەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بدات.
رووداو: باشە هیچ هیوایەك هەیە كە تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ بەبێ لێبڕین مووچەی فەرمانبەران بدرێت؟
ئامانج رەحیم: وەڵایی ئەوە پەیوەندیدار نییە بە منەوە. داوای لێبوردن دەكەم، لەوانەیە وەزارەتی دارایی بەوەوە پەیوەندیدار بێت، چونكە بابەتەكە پەیوەندیدارە بەو داهاتەی كە لە بەردەستی وەزارەتی داراییدایە.
هیوادارم گفتوگۆكانمان لەگەڵ بەغدا بگاتە قۆناخێك كە شاییستەی دارایی هەرێمی كوردستان لە بەغدا وەربگیرێت و چاكسازییەكانیش بەتایبەتی لە كەرتی ئەرکی گشتی و لە پرسی كەمكردنەوەی خەرجییەكانی نەوت لە رێكخستنەوەی دەورازە سنوورییەكان و پرسی رێكخستنەوەی باجدا كە زۆر زۆر گرنگن.
ئەمانە هەموو پێكەوە وەكو پاكێجێك كار دەكەن بۆ ئەوەی بتوانرێت داهاتێك لە بەردەستی وەزارەتی داراییدا بێت كە مووچەخۆری شاییستە بتوانن 30 رۆژ جارێك تەواوی مووچەكەی خۆیان وەربگرن.
رووداو: ئایا هیوایەك هەیە بۆ ئەوەی كە خەڵك بزانن بەبێ لێبڕین ئەمساڵ مووچە وەردەگرن؟
ئامانج رەحیم: وەڵامی ئەو پرسیارە زیاتر لای وەزارەتی داراییە، چونكە وەكو گوتم پەیوەندیدارە بە پرسی داهاتەوە. زیاتر وەزارەتی دارایی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی ئاگاداری ئەوەن.
رووداو: داهات زیاد بووە یان كەم بووە؟
ئامانج رەحیم: داهات چەندە، بە خوا ژمارەكانم لە بەردەستدا نییە. ئێستاكە داهات چەندە، بەڵام داهاتی نەوت ئەگەر باس بكەین، بێ گومان داهاتی نەوت زۆر كەمی كردووە بەتایبەتی بەهۆی كۆڤید-19وە. نەك هەرێمی كوردستان، بەڵكو عێراقیش و سەرتاسەری دنیاش كاریگەری و لێكەوتە ئابوورییەكانی كۆڤید-19 لەسەر ئابووریی جیهان بەشێوەیەكی بەرچاو دیارە.
رووداو: ئەوەندەی كە بزانیت، ئایا داهاتی دەروازەكان زیاتر بووە؟
ئامانج رەحیم: داهاتی دەروازەكان ئەوەی كە ئێمە لە وەزارەتی دارایی گوێمان لێ بووە لە ساڵی 2019 تاوەكو كۆتایی 2019 و 3 مانگی یەكەمی 2020ـیش بەشێوەیەكی بەرچاو داهاتی گومرگی زیادی كردبوو كە وای لێهاتبوو خەریك بوو نزیك دەبووەوە لەو بڕە پارەیەی نەوت كە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە رەوانەی وەزارەتی دارایی دەكرا، بەڵام دوای ئەوە پرسی کۆرۆنا كاریگەرییەكی زۆری هەبوو لەسەر دەروازە سنووریەكان و جموجووڵی بازرگانی.
پێم وایە بە رێژەیەكی بەرچاو داهاتی نانەوتی دابەزینی بە خۆیەوە بینی، بەڵام هەست دەكەم ئێسا لەدوای ئەوەی هەندێك رێكار وەرگیراوە، ئێستا باشترە لە سەرەتای سەرهەڵدانی كۆرۆنا لە مانگی 3 بەدواوە كاردەكرێت.
ئاشکرایە ئەم بابەتانەشی باسمان كرد پرسی رێكخستنەوەی دەروازە سنوورییەكان و بابەتی داهاتی گومرگی و پرسی باجیش، با ئێمە هەر سەرنجمان لەسەر گومرگ نەبێت، باجیش بۆ خۆی زۆر گرنگە. من خۆم سەرۆكی كۆمیتەیەك بووم بۆ پێداچوونەوە بە باجدا و بە خۆشحاڵیەوە ئەنجوومەنی وەزیران هەموو پێشنیارەکانی ئێمەی پەسندكرد.
بۆ یەكەم جار ئێمە لەمەودوا لە كۆمپانیاكانی نەوتدا هەوڵ دەدەین بەرێككەوتن لەگەڵیان وەریبگرین. كۆمپانیاكانی ئەنتەرنێت و مۆبایل بڕیاردراوە كە لەمەودوا باجیان لێوەربگیرێت. بەڵی ئەو كۆمپانیایانەی پێشتر پرۆژەی وەبەرهێنانیان هەبووە و 10 ساڵی بەخشینیان تەواو بووە، زۆربەی زۆریان ئیتر لەمەودوا نابێت بەخشینی باج بیانگرێتەوە؛ ئەوانە دیسان باج دەدەن.
ئێمە ئەگەر سەرنجمان لەسەر داهاتی نەوت نەبێت و لەپێناو رێكخستنەوەی داهاتەكانی دیکەی وەكو گومرگ، باج و رسومات كاربكەین، ئەمانە كاریگەرییان لەسەر زیادكردنی داهات دەبێت، بەڵام تۆ چەند داهات زیاد بكەیت لە سیستمێكی گەندەڵ و بێسەروبەر و خەڵكی ناشاییستە و لیستەكانی مووچە و خانەنشینیدا پڕ بێت لە خەڵكی ناشاییستە، بێ گومان ناتوانی بڵێی كە كێشەی دارایی چارەسەردەبێت.
رووداو: ئەو بڕیارانە واناكەن كە كۆمپانیاكان كەمتر وەبەرهێنان لە كوردستاندا بكەن، لە كاتێكدا كە پێشتر بەهۆی ئاسانكارییەكانەوە دەیانتوانی زۆرترین وەبەرهێنان لە كوردستاندا بكەن؟
ئامانج: نەخێر، بەپێچەوانەوە.
رووداو: رەنگە هەندێكیان بەهۆی ئەو بڕیارانەوە كوردستان جێبهێڵن؟
ئامانج رەحیم: نا، یاسای وەبەرهێنان بەردەوامە. یاسای وەبەرهێنانی ساڵی 2006 ژمارە 4 تاوەكو ئێستا لە هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت. من باسم لەو پرۆژانەیە كە لە 10 ساڵی پێشوودا باجەكانیان تەواو بووە، واتە بەپێی یاسای وەبەرهێنان پرۆژەیەكی وەرەهێنان بۆی هەیە 10 ساڵ لە باجدان ببەخشرێت، دوای تەواوبوونی 10 ساڵەكە دەبێت لە یەكەم رۆژی دوای 10 ساڵەكەوە باجی لەسەر هەژمار بكرێت.
ژمارەیەكی زۆری پرۆژەمان هەبوو ئێستا هەموویان كەوتنەوە بەر پێدانی باج، بۆیە من ئومێدم وایە لە ساڵی 2021ـدا داهاتی باجیش بەشێوەیەكی بەرچاو رێك بخرێتەوە. ئێستاش هەوڵدراوە كە ئاسانكارییش بۆ باجدەر بكرێت، واتە ئێمە لەو حكومەتەی خۆمان زۆرجار خەڵك هەبووە ویستویەتی بچێت باج بدات، بەڵام ئەوەندە سیستمێكی رۆتین هەبووە نەیتوانیوە باجەكە بگەیەنێت.
خەڵك هەبووە تەلەفۆنی بۆ كردووم گوتویەتی ئەوە چەند رۆژە دەچم بۆ بەڕێوەبەرایەتیی باج دەمەوێت باج بدەم، حكومەت لێم وەرناگرێت، رۆژێك فایلەكەم ونبووە رۆژێك كێشە هەیە لە ناوەكەمدا.
ئێستا خەریكی بەئەلیكترۆنیكردنی فەرمانگەکانی باجن، بە جۆرێك كە باجدەر بتوانێت لە رێگەی خزمەتگوزارییەكانی ئینترنێتەوە بابەتی پێدانی باجی خۆی رێكبخاتەوە.
بە دڵنیاییەوە ئەو پرۆژانەی باسم كردن هەموویان پرۆژەی چاكسازین و ئەگەر چارەسەری گەندەڵییش نەكرێت، هەمیشە گەندەڵی دوژمنی سەرەكیی چاكسازییە. تۆ چەند هەنگاوی گەورەی چاكسازی بنێیت، ئەگەر گەندەڵی سنووردار نەكەیت پێم وانیە بتوانیت سەركەوتووبیت.
پرسی چاكسازی گرنگە. ئەم پەیكەرە قەبەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا بە بڕیاری ژمارە 33ـی ئەنجوومەنی وەزیران كۆمیتەیەك ئیش لەسەر ئەوە دەكەن چۆن هەوڵ بدەین ئەو پەیكەرە گەورەیە رێك بخەینەوە. واتە ژمارەی پلە تایبەتەکان لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی زۆر بەرچاوە. ژمارەی پلەی سەربازی لە لیوا و لە عەقید و لە نەقیب لە هەرێمی كوردستان بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان ژمارەكەیان لە ستاندارد دەرچووە، بۆیە ئەو حكومەتە هەم دەبێت چاكسازیی ئیداری بكات، چاكسازی لەلایەنی دارایی بكات، هەم چاكسازی لە بواری ئابووریدا بكات، چونكە بواری درایی و ئابووری جیاوازییان هەیە.
ئێستا بوارە ئابوورییەكە یاسای وەبەرهێنان چاوی پێدا خشێندراوەتەوە و بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا بچێتە پەرلەمانی كوردستان، چونكە ئیدی ئەو یاسایە لەوانەیە بۆ سەردەمی خۆی باش بووبێت، بەڵام دەبێت ئێستا بیر لەوەش بكرێتەوە ئەو یاسایە بەشێوەیەك بێت كە ئەو هەموو ئاسانكارییەی لە یاساكەدا هاتووە بدرێتە پرۆژەیەك كە شایستە بێت.
رووداو: باشە باسی وەرگرتنی باجت كرد لە كۆمپانیاكان. سێكتەری كارەبا گرنگە بەتایبەتی بۆ هەرێمی كوردستان، ئەحمەد ئیسماعیلیش كە لە كوردستاندا لەو بوارەدا كاردەكات، ئێوە رازین بەوەی كە ئەوان باج بدەن بە حكومەت بەو شێوەیەی كە تۆ باسی دەكەیت؟
ئامانج رەحیم: پرۆژەكانی كارەبا وەكو باسم كرد وەكو پرۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان لە دەستەی وەبەرهێنان وەرگرتووە. هەر شتێك لەو یاسایە هاتبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێت لێی لاببات، واتە پرۆژەیەكی وەكو وێستگەی كارەبا كە پرۆژەیەكی وەبەرهێنانە، مۆڵەتی وەبەرهێنانی وەرگرتووە و مافی خۆیەتی بۆ 10 ساڵ لە باج ببەخشرێت تاوەكو 10 ساڵەكەی خۆی تەواو دەكات.
پێم وانییە لە رووی یاساییەوە كەس دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت كە لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا باجی لەسەر بسەپێنێت، بەڵام كاتێك كە 10 ساڵەكە تەواو دەبێت و پێویستە ئەو پرۆژە پیشەسازییە دەستبكات بە دانی باج بە وەزارەتی دارایی.
رووداو: بەڵام لە بڕیارەكەدا وا نوسرابوو كە ئەو لێبوردنە هەڵوەشاوەتەوە.
ئامانج رەحیم: نەخێر من خۆم لە بڕیارەکەم کۆڵیوەتەوە و باسی ئەوە نەكراوە كە لێبوردن هەڵوەشاوەتەوە. دەڵێت ئەو جۆرە لێبوردنانە هەڵبوەشێندرێتەوە كە لە دەرەوەی یاسای وەبەرهێناندا دراون. واتە بەپێی دستوور لێخۆشبوون لە باج تەنیا بە یاسا دەبێت.
رووداو: واتە بۆ كارەبایش؟
ئامانج رەحیم: بۆ هەموو كەس. ئێستا دەتوانین پرۆژەیەكی وەبەرهێنان لە دانی باج ببوورین لەبەر ئەوەی یاسای وەبەرهێنانمان هەیە كە دەسەڵاتی داوە بە وەزارەتی دارایی لێبوردن بكات بۆ ئەو پرۆژەیە، بەڵام بەداخەوە یاسای وەبەرهێنانیش لە ساڵانی رابردوودا زۆرجار هەندێك پرۆژە كراوە بە پڕۆژەی وەبەرهێنان بەڕاستی هی ئەوە نەبووە ئەو هەموو ئاسانكارییەی بۆ بكرێت 10 ساڵ بیبەخشێت و زەویی بۆ تەرخان بكرێت بێبەرامبەر و بۆی هەبێت هەموو پێداویستییەكی پرۆژەكە هاوردە بكات بەبێ گومرگ، ئەمانە ئاسانكاریی زۆر گەورەن پێویستە بدرێنە ئەو پرۆژانەی.
رووداو: ئەوەی تۆ باسی دەكەیت لە چ سێكتەرێکدایە؟
ئامانج رەحیم: من پێم وایە بە بۆچوونی کەسیی خۆم پرسی سێكتەری نیشتەجێبوونە. پێم وانییە پرۆژەی وەبەرهێنان بێت. لەوانەیە بۆ ئەو سەردەم گرنگ بووبێت، بەڵام بۆ لەمەودوا پێویستە چاوپێداخشاندنەوەی پێدا بكرێت كەسێكی وەبەرهێنەر دێت پارە لە كڕیارەكە وەردەگرێت، پارە لە سندووقی نیشتەجێبوون وەردەگرێت، لە حكومەت زەوییەكە بە خۆرایی وەردەگرێت، 10 ساڵ لە باجدان دەیبەخشیت و هەموو پێداویستییەكانی پرۆژەكە هاوردە دەكات بەبێ ئەوەی دینارێك گومرگ بدات، لە كۆتاییشدا هەمووی دەكاتە تێچوویەکی زیادە و دەیفرۆشێتەوە بەنرخێك كە نرخی زەوییەكەش هەژمار دەكات بە نرخی رۆژ.
ئەمە پێم وایە زیاتر پرۆژەیەكی بازرگانییە. پرۆژەی وەبەرهێنان ئەو پرۆژانەن كە هەلی كار دروستدەكەن. ئێمە ساڵانە نزیكەی 120 هەزار كەس لە هەموو بەشەكان دەردەچن كە بێكارییەكی گەورە هەیە. بۆیە یەكێك لە سیماكانی پرۆژەی وەبەرهێنان ئەو پرۆژە پیشەسازییە گەورانەن كە دەتوانن هەلی كار دروستبكەن و دەتوانن سەرمایەی بیانی لە دەرەوە بۆ هەرێمی كوردستان بهێنن، نەك تۆ بێیت پارەی هەرێمی كوردستان بەریتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان.
رووداو: ئەو وەبەرهێنەرانە بەشێكی زۆریان پارەیان لە حكومەت وەرگرتووە و كاتی دانەوەی پارەكەشیان كۆتایی هات. حكومەت دوو بڕیاری دەركرد بۆ ئەوەی كە قەرزەكانی وەربگرێتەوە. تاوەكو ئێستا چەند كۆمپانیا پابەند بوون بەوەی كە قەرزەكانیان بە حكومەت بدەنەوە؟
ئامانج رەحیم: پرسی تا چەند كۆمپانیا پابەند بوون، ئەوە وردەكارییەكەی لای من نییە، زیاتر لە وەزارەتی دارایی و ئابووریە، بەڵام جگە لەوەی حكومەت بڕیاری دەركرد، لەناو یاسای چاكسازیش بووەتە دەقێك بە ماددەیەك چەسپێنراوە، لە كاتێكدا خەڵكی هەرێمی كوردستان كێشەی زۆریان هەیە. مامۆستایەك چەندین مانگ پێش ئێستا مووچەی چەندین مانگ پێش ئێستا مووچەی مانگی 3 و مانگی 4 وەردەگرێت، بەڵام سەیر دەكەیت نزیكەی 740 ملیار بەرەو ژوور كە زیاتریش بووە ئێستا بەهۆی ئەوەی قازانجەکەی زیاد دەكات لای ئەو بازرگانانە كە باسم كرد، سوودیان وەرگرتووە لە وەبەرهێنان لە كوردستان، بەڵام تا ئێستا نەیانگەڕاندووەتەوە.
بەڵام ئەوەی كە من ئاگادار بم وەزارەتی دارایی هەنگاوی جیددی ناوە و ئێستا سەرقاڵی ئەوەیە كە چۆن وابكەن لە موڵكی ئەو وەبەرهێنەرانە لە رێگەی وەزارەتی دادەوە بەو شێوەیەی كە لە یاسادا هاتووە بۆ زیادکردنی ئاشكرا ئەو موڵكانە بفرۆشرێت و قەرزەكانی هەرێمی كوردستانی لێ وەربگیردرێتەوە.
رووداو: راستە كە نووسراوێك لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ئاراستەی وەزارەتی دارایی كراوە بۆ ئەوەی ئەو مووچەیەی ماوە وەكو پاشەكەوت مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت یاخود حیساب بكرێ؟
ئامانج رەحیم: هیچ نوسراوێكی لەو جۆرەم نەبینیوە.
رووداو: ئایا لەو مانگەی لە ئێستاوە بێت، ئەو مووچانە نادرێن؟
ئامانج رەحیم: نووسراوی لەو شێوەیەم نەبینوە وەزارەتی دارایی پێشنیازی وای كردبێت.
رووداو: واتە نووسراوی وا نەكراوە؟
ئامانج رەحیم: نەخێر.
رووداو: با جوتیارانیش لەبیر نەكەین، چونكە ئەوانیش چاوەڕێی ئەوەن پارەكانی خۆیان وەربگرن. لەگەڵ بەغدا چی كراوە؟
ئامانج رەحیم: پرسی جووتیاران بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ لەگەڵ خالید شوانی ماوەیەك پێش ئێستا گەشتی بەغدایان كرد و لەگەڵ وەزیری نوێی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لە دانوستاندندان و بابەتەكەش زیاتر پەیوەندیدارە بە وەزارەتی بازرگانییەوە، چونكە سایلۆكان بەشێكن لە وەزارەتی بازرگانی.
هەرچەندە دەرماڵەكە هەیە، وەزارەتی دارایی دەرماڵەكەی تەرخان كردبوو، بەڵام تا ئێستا بەداخەوە نەتوانراوە. ئەمەش بووەتە بەشێك لە دۆسیەی قەرزەكانی ئێمە لەلای حكومەتی عێراق. پێشم وایە هەم وەزارەتی كشتوكاڵی خۆمان هەم كاك كەمال وەكو وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی داراییش زۆر بە جیددی كار لەسەر ئەم دۆسیەیە دەكەن.
رووداو: هەر لەسەر گفتوگۆكانی ئێوە لەگەڵ بەغدا، بەتایبەتی لەسەر ناوچە جێناكۆكەكان، ئەو ناوچانەی بە ماددەی 140 ناسێنراون لە گفتوگۆكان گەیشتوون بە ئەنجامێك؟
ئامانج رەحیم: كاتی خۆی لە ئەنجوومەنی وەزیران دوو كۆمیتە دروستبوون. كۆمیتەیەكیان كە كۆمیتەی تایبەت بوو بە پرسی بودجە و وزە و پرسی نەوت و گاز و كارەبا و كۆمیتەیەكی دیكە دروستبوو بە سەرۆكایەتی وەزیری ناوخۆ كە وەزیری ئاوەدانكردنەوەی تێدایە وە كاك خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی پێم وایە رۆڵێكی سەرەكیی لەم بابەتەدا هەیە.
لە هەموو سەردانەكانی ئێمەدا بۆ بەغدا كاك خالید شوانی وەكو وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لەگەڵماندا بووە. ئەم دۆسییەیە ئەمجارەش كە لەوێ بووین قسەی لەسەر كراوە، هەم لەگەڵ مستەفا كازمیدا کە جارێكی دیكە بینیمانەوە كە لە بەغدا بووین و قسەی لەسەر كراوە.
ئێستا خەریكی دروستكردنی لیژنەی هاوبەشن لە كەركووك لەسەر پرسی رێكخستنەوەی ئەمنیەتی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان. پێم وایە ئەو بابەتەش گرنگە و حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوشان لەگەڵ بابەتی بودجە و مووچە و نەوت كۆمیتەی بۆ دروستكردووە.
ئەم بابەتەش كاری لەسەر دەكرێت، بەڵام بۆ ئێستا خەڵكی هەرێمی كوردستان لە بارودۆخێكی دارایی زۆر قورسدایە، بۆیە هەرچی زووە هەرێمی کوردستان دەیەوێت رێككەوتن لەگەڵ بەغدا بكات و لە كۆتاییدا بتوانێت بەچاكسازییەكانی خۆشی پێكەوە داهاتێك لە بەردەستی وەزارەتی داراییدا بێت كە بتوانێت مووچەی مووچەخۆری شایستە دابین بكات.