لە هەفتەیەکدا دووجار دارەکانی گۆڕستانی شەهیدان لە ناحیەی رزگاری دەسووتێن
رووداو دیجیتاڵ
لە کەمتر لە هەفتەیەکدا، دووجار دارەکانی رێگەی گۆڕستانی دێ بنە لە ئیدارەی سەربەخۆی گەمیان ئاگریان تێدا دەکەوێتەوە. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە سنوورەکە دەڵێت، "بە ئەنقەست ئاگر بەردراوەتە دارەکان."
نێوان دووسایدی رێگەی گۆڕستانی شەهیدانی ئەنفال لە گوندی دێ بنە لە ناحیەی رزگاریی ئیدارەی گەرمیان بە دار سەوز کراوە. شەوی رابردوو ئاگر لەو دارانە و سیستمی ئاودێرییەکەی کەوتەوە. ئەمڕۆ (یەکشەممە 11ـی ئاب) ئیبراهیم محەممەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئاگرەکە زیانی بە بەشێکی دارەکان و سەوزایی رێگەکە گەیاندووە."
ئاگرەکە ناڕەزایی چالاکڤانان و کەسوکاری شەهیدانی لە گەرمیان لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت لەکاتێکدا جاری یەکەم (7ـی ئەم مانگە) ئاگر لە هەمان شوێن کەوتەوە.
دوای یەکەم رووداوی ئاگرکەوتنەوە، جەبار شەهید محەممەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "رێگەی مەزاری ئەنفالکراوان لەلایەن دەستێکی نادیارەوە ئاگری تێبەردرا و ئەوەش زیانێکی زۆری گەیاندە دارەکان و سۆندەکانی بیری ئاوەکەی. بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی پووش و پاوانی گەرمیان دەستکراوە بە چاککردنەوەی."
هەر ئەمڕۆ (یەکشەممە) جەمال مام ساڵح، بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکان نازانن و هیچ کەسێکیش وەک تۆمەتبار لە رووداوەکان دەستگیرنەکراوە.
گۆڕستانی دێ بنە لە گەرمیان تەرمی بەشێکی شەهیدانی ئەنفالی تێدایە کە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس، لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە گەڕێندرانەوە کوردستان.