سوودانی فەرمانگەکانی راسپارد بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی کوردی ئێزدی
رووداو دیجیتاڵ
لە نووسراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دا کە 5ـی ئەم مانگە ئاراستەی وەزارەتەکانی پلاندانان، دارایی، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بانکی ناوەندی و پارێزگای نەینەوای کردووە، داوا دەکات پارچە زەوی و قەرزی خانووبەرە بە فەرمانبەرانی کوردی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە بدرێت بەشێوەیەک کە نەبێتە هۆی گۆڕانی دیموگرافی.
خەلەف شنگالی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی پشتڕاستکردەوە و گوتی، "نووسراوەکە بە دەست ئەوانیش گەیشتووە و بڕیارەکە گرنگە، چونکە لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا هیچ بڕیارێکی وا نەدراوە."
بەپێی نووسراوەکە، کارمەندانی وەزارەتەکانی ناوخۆ، پەروەردە، تەندروستی، شارەوانی و وەزارەتەکانی دیکە، هەروەها کەسوکاری شەهید و رفێنراوان و نیڤشکان سوودمەند دەبن لە بڕیاری پێدانی پارچە زەوی و قەرزی خانووبەرە. داوای لە فەرمانگەکانی تایبەت و پلاندانان کردووە کار بۆ نەخشەکێشانی ناوچەکان بکەن بەشێوەیەک کە نەبێتە هۆی تێکدانی دیموگرافی ناوچەکان و تایبەتمەندی ناوچەی پێکهاتەکان بپارێزن.
خەلەف شنگالی دەڵێت، بڕیارەکە لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ دەکرێت و هاونیشتمانییانی ئێزدی سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی پارچە زەوی و قەرزی خانووبەرە. ئەم بڕیارەش وەکو رێزلێنانێک بۆ 10 ساڵەی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دراوە.