خەسرۆ گۆران: تەنیا یەک گرفت لەبەردەم لایەنە سیاسییەکان ماوە بۆ رێککەوتن
رووداو-هەولێر
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، کێشەکانی عێراق تاوەکو دێت قووڵتر دەبنەوە و پارتی پشتیوانی لەو رێگەچارەیە دەکات کە لەڕێگەی یاسا و دەستوورەوە بڕیاری لێبدرێت و لەبارەی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "سەرجەم ناکۆکییەکان چارەسەر کراون و تەنیا گرفتی بەردەممان پرسی بازنەکانە".
هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق
رۆژی پێنجشەممە 11-8-2022 خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حیزبە میوانی بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "دەرچوون لەو دۆخە چەقبەستووەی عێراقی گرتووەتەوە، دەبێت لەڕێگەی یاسا و دەستوورەوە بێت. لە مادەی 64ی دەستووردا ئاماژە بەوە دراوە کە دوو رێگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان هەیە. یەکەمیان ئەوەیە کە یەک لەسەر سێی پەرلەمان داواکاری بدەنە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و بخرێتە دەنگدانەوە و ئەوکات بە 50 کۆ یەکی دەنگی پەرلەمانتاران، پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە. رێگەی دووەمیش ئەوەیە سەرۆکوەزیران داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەڕێگەی سەرۆککۆمارەوە بداتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان".
رەوتی سەدر داوای لە دادگەی باڵای عێراق کردووە بڕیار لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بدات و وەک خەسرۆ گۆران ئاماژەی پێدەدات: "ماوە بۆ دادگە دیاریکراوە بۆ ئەوەی بڕیار لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بدات. دۆخەکە بە رادەیەک ئاڵۆزە کە ناکرێ لێکدانەوەی بۆ بکەیت، بەڵام دادگە بە دڵنیاییەوە دەبێ وەڵامی هەبێت بۆ ئەو داوایانەی لایەنگرانی رەوتی سەدر پێشکێشیان کردووە. لەسەرووی ئەمانەوە، دەبێ لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی مامەڵە لەگەڵ بابەتەکە بکرێت و بڕیاری لێ بدرێت".
لەبارەی هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر هەڵوەشاندنەوە یان بەردەوامبوونی پەرلەمانی عێراق، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەڵێت: "پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ دەستوور و رێکارە یاساییەکانە و بە هیچ شێوەیەک ناڵێ رەش یان سپی. لە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و بەردەوامبوونی، کامیان بەپێی یاسا راستە، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین".
هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان
رۆژی 10-8-2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی کرد بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئامادە بوو. پیشتریش سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە بۆ ئەوەی کێشەکانی بەردەم پڕۆسەکە نەهێڵێت. بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دەڵێت: "دەرفەتێکی مێژووییە بۆ خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان کە یو ئێن پاڵپشتی و سەرپەرشتی و هاوکاریمان دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن؛ نابێ ئەم دەرفەتە لەدەست خۆمان بدەین. هەندێک بۆچوونی جیاواز لەنێوان لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بە هەڵبژاردن هەیە؛ جیاوازییەکان ئەوەندە نین کە چارەسەر نەکرێن".
خەسرۆ گۆران گوتی: "ئێمە لە مانگی دووەوە چەندین کۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنەکان کردووە و چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ یو ئێن کراوە و لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندین کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە. زۆر لە گرفتەکان تاوەکو ئێستا چارەسەر بوون و جیاوازییەکی کەممان ماوە".
گوتیشی: "لەسەر ئەوە رێککەوتووین کە لە نێوان ئاماری هەرێمی کوردستان و عێراق کامیان بەکاردەهێنین و دەکرێ تیمێکی هەرێمی کوردستان و بەغدا دابنیشن و ئامارەکە راستبکەنەوە و کام ئامار راستترینە، ئەو ببێتە پێوەر. لەبارەی تۆماری دەنگدەرانیش، هەندێک لایەن ناڕازین لەو تۆمارەی لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان هەیە و هەموو لایەنەکان لەسەر ئەمە کۆکین کە دوایین تۆماری دەنگدەرانی عێراق ببێتە بنەما بۆ هەڵبژاردن کە ئەویش تۆماری بایۆمەترییە".
لەبارەی پرسی کورسیی کۆتاکان کە یەکێکی دیکە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانە، خەسرۆ گۆران گوتی: "بە بۆچوونی پارتی و زۆربەی لایەنەکانیش، ئەوە مافی ئێمە نییە ئەو بڕیارە بدەین. دەبێ ئەو لایەنە سیاسییانەی کە لە هەرێمی کوردستان کۆتایان هەیە، خۆیان بڕیار بدەن و بڵێن چ جۆرە سیستمێکی هەڵبژاردنیان پێ باشە و یو ئێن و لایەنە سیاسییەکانیش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕە و خۆیشیان بەڕوونی رایانگەیاندووە کە دەیانەوێ سیستمی هەڵبژاردنی ئەوان وەکو خۆی بمێنێتەوە".
بە گوتەی بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسی بازنەکان تاکە گرفتە کە ماوەتەوە و "ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان گوتوومانە کات نەماوە بۆ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن و دەبووایە ئەو دەستپێشخەرییە لە ماوەی دوو تاوەکو سێ ساڵی رابردوودا کرابایە. هەڵبژاردنی پەرلەمان ساڵی 2018 بەڕێوەچوو؛ ئەو لایەنانەی دەیانویست یاساکە هەموار بکرێتەوە، دەکرا دوای هەڵبژاردن کاریان بۆ کردبا، بەڵام ئەوان دوای دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، دەستیانکرد بە هەڵمەتی گۆڕینی یاسا".
خەسرۆ گۆران دەڵێت: "ئێمە پێمانوایە با ئەم هەڵبژاردنە بەڕێوەبچێت و دواتر دەرفەتی زۆرمان لەپێشە بۆ ئەوەی دەست ببەین بۆ هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن. هەندێک لایەن سوورن سیستمی هەڵبژاردن ببێتە فرەبازنەیی و پارتی لەگەڵ ئەوەیە وەکو خۆی بمێنێتەوە تاوەکو دوای هەڵبژاردن".
لەبارەی سیستمی 50 بە 50 کە لە دوای کۆبوونەوەی رۆژی 10-8-2022 لە میدیاکان باسکرا، خەسرۆ گۆران دەڵێت: "پێشنیازکردنی هەڵبژاردن بە دوو لیست تەنیا پێشنیازی پارتی نییە و هەندێک لایەنی دیکەش داوای ئەوە دەکەن. پێشنیازەکە ئەوەیە کە 70 بە 30 یان 50 بە 50 بێت، واتا نیوەی کورسییەکان بە سیستمی نیشتمانی بێت و نیوەکەی دیکەی بە فرەبازنەیی. ئەوەش پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و سەر لە دەنگدەر دەشێوێنێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی لیستی جیا و دوو جۆرە هەڵبژاردن".