رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی زانکۆی سەلاحەدین بڕیاری یەکپۆشیی خوێندکارانی بۆ ساڵی نوێ پەسندکرد، زانکۆی سلێمانیش تاوتوێی ئەو بڕیارە دەکات و، هەر یەکە لە زانکۆکانی دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان و چەرموو لەو بارەیەوە چاوەڕوانی ئەنجوومەنی زانکۆکانیان دەکەن.
دکتۆر کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین میوانی بەرنامەی بەرپرسیار بوو کە شەهیان تەحسین پیشکێشی دەکات و گوتی، لە دوای دەستبەکاربوون لە 2/2/2022ـەوە سەردانی قوتابییانی کردووە لە بەشەناوخۆییەکان و زانکۆکان، دەشڵێت، "زۆربەیان داوایان ئەوە بوو کە لە زانکۆ یەکپۆشی جێبەجێ بکرێت، دواتر لە ئەنجوومەنی وەزارەت بیرۆکەی یەکپۆشیم خستە دەنگدان، بڕیارماندا لە ماوەی هەفتەیەک راپرسییەک بکەین لەسەر یەکپۆشیی قوتابییان."
لەبارەی ئەنجامی راپرسییەکەوە کە نزیکەی 15 هەزار کەس بەشدارییان تێدا کرد، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین باسی لەوە کرد، 11 هەزار و 450 قوتابی لەگەڵ بڕیاری یەکپۆشی بوون، هەروەها دەشڵێت، "نزیکەی سێ هەزار کەسمان لە راپرسییەکە دەرهێناوە، چونکە قوتابیی زانکۆی سەلاحەدین نەبوون." باس لەوەش دەکات کە لە ئەنجامدا 70.6%ـی قوتابییان بە یەکپۆشی رازیبوون و رێژەی 29.4%ـی قوتابییان لەگەڵ بڕیاری جێبەجێکردنی یەکپۆشیی نەبوون.
دکتۆر کامەران یونس پێیوایە کە یەکپۆشیی خوێندکاران "ناسنامەی قوتابییان" ـی زانکۆیە و دەشڵێت، "بۆ کەمکردنەوەی چینایەتیی کۆمەڵایەتییە و هاوسەنگیی دەروونیی قوتابییان و بەرزکردنەوەی ئاستی قوتابییانە، قوتابی کوڕ و کچ هەبووە پێی گوتووم شەو بیردەکەمەوە بۆ ئەوەی بزانم بەیانی چ لەبەر بکەم، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر دەروون و ئاستی خوێندنی قوتابی دەکرد، بۆیە لەسەر یەکپۆشی رای مامۆستایانی کۆمەڵناس و دەروونناسمان وەرگرتووە، دوای دەرچوونی بڕیارەکەش، خانەوادەی قوتابییان تەلەفۆنمان بۆ دەکەن و دەستخۆشیمان لێدەکەن."
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین ئاماژە بەوەش دەکات کە بەشێک لە قوتابییان داوا دەکەن جلوبەرگی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆش یەکپۆش بێت، "ئەو داواکارییەش لە بەرنامەمان دایە بۆ ئەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆش یەکپۆش بکەین." دەشڵێت، "دەوامی فەرمیی زانکۆ لە 4/9/2022ـەوە دەستپێدەکات و ئێمە لە 1/10/2022 بڕیاری یەکپۆشی جێبەجێ دەکەین."
د. مەریوان حوسێن، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی چەرموو بۆ کاروباری خوێندکاران دەڵێت، تاوەکو ئێستا راپرسییان بۆ یەکپۆشی نەکردووە، بەڵام لە هەوڵی دانانی فۆرمێکی راپرسین و دەڵێت، فۆرمی راپرسیی زانکۆی چەموو لە سۆشیاڵمیدیا بڵاوناکرێتەوە، "بۆ بڕیاردان لەسەر یەکپۆشی، چاوەڕوانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی زانکۆ دەکەین."
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی چەرموو بۆ کاروباری خوێندکاران دەشڵێت، لە ساڵانی رابردوو بەشێک لە خوێندکاران داوای یەکپۆشییان کردووە، "بە یەکپۆشی دەتوانیت خوێندکار لە کەسانی دەرەوە جیابکەیتەوە و لەگەڵ ئەوەش نین کۆلیژەکان جلوبەرگیان جیاواز بێت، هەر چۆن ئاڵاکانیان جیاوازە، ئەگەر یەکپۆشی جێبەجێکرا، هەر خوێندکارێک پارەی کڕینی جلوبەرگەکەی نەبێت، بۆی دەکڕین."
د. کارزان کازم، مامۆستای زانکۆیە و پێیواییە کە باشتر بوو راپرسییەکەی یەکپۆشی بە مەیدانی کرابوایە و لەکاتی دەوامیش بوایە بۆ ئەوەی زۆرترین قوتابی بەشداری بکردایە، "ئەوەی جێگەی سەرنجە راپرسی لە کۆمەڵگەی کوردی نەگەیشتووتە ئەو رادە هۆشیارییەی کە بە شێوەی ئۆنلاین داتایەکی باش وەربگریت وەکو وڵاتانی روژئاوا، بەڵام لە وڵاتانی رۆژئاوا لە زانکۆکانی پەکپۆشییان جێبەجێ نەکردووە."
د. کارزان کازم ئاماژە بەوەش دەکات کە تاوەکو ئێستا یەکلانەبووەتەوە کە یەکپۆشی بڕیارە یان پێشنیاز، "لەبەرئەوەی میکانزمی جێبەجێکردنی یەکپۆشی لەناو کۆمەڵگەی ئێمە ئەستەمە، چونکە قوتابی لە زانکۆ و لە خوێندن توڕەیە و دەبێت ئاشت بکرێتەوە، پێویست بوو رەنگی جلوبەرگەکە دیارینەکرابا، بەڵکو شێوازەکەی دیاریکرابوایە، بڕیاری یەکپۆشی لە زانکۆ زوو بوو، چونکە هیچ توێژینەوەک لەسەر یەکپۆشی نەکراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ