بڕیار رەشید: بۆ هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان لیژنەی هاوبەش لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکدەهێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، بڕیارى پێکهێنانى لیژنەیەکى هاوبەش لەنێوان بەغدا و هەولێر دەرکراوە، بۆ ئەوەى مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان هاوتاى خانەنشینانى عێراق بکرێت و دەبێت لیژنەکە لە 60 رۆژدا کارەکانیان تەواو بکەن.
بڕیار رەشید، ئەندامى لیژنەى ئابووریى و پیشەسازیى و بازرگانى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە 22ى حوزەیرانەوە فەرمانى پێکهێنانى لیژنەیەکى هاوبەش لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ مووچەى خانەنشینانى عێراق.
بڕیار رەشید گوتى، "ئەو لیژنە هاوبەشە کار لەسەر دانانى میکانیزمێک دەکات بۆ ئەو هاوتاکردنە و بەگوێرەى بڕیارەکە دەبێت لە ماوەى 60 رۆژ لەدەرچوونى بڕیارەکەوە کارەکان ئەنجام بدەن".
ئەو زانیارییانەى پەرلەمانتارەکە لە دواى ئەوە بووە لەگەڵ ماهیر حوسێن، سەرۆکى دەستەى خانشینى عێراق کۆبووەتەوە.
بڕیار رەشید گوتى، "ئەو هەنگاوە بۆ جێبەجێکردنى بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵیە لەبارەى هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان".
23ی تشرینی دووەمی 2022 دادگەی باڵاى فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە 27ی ساڵی 2006 و پابەندکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەموارکراوی عێراق.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازیی هەن؛ کەمترین مووچە لە هەرێمی کوردستان 220 هەزار دینارە، بەڵام لە عێراق 500 هەزار دینارە، جگە لەوەی لە عێراق 100 هەزار دیکەیان بەناوی گرانیی بژێوی پێدەدرێت.
بۆ زانینی وردەکاری و چۆنێتی زیادبوونی مووچەی خانەنشینان، سەیری ئەم ڤیدیۆیەی خوارەوە بکەن؛ محەممەد شێخ فاتیح باسی دەکات