لە ئامەد بەهۆی پشتگوێخستنی زمانی کوردی داوای بایکۆتکردنی کۆمپانیای شێل دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان بەهۆی پشتگوێخستنی زمانی کوردی داوای بایکۆتکردنی کۆمپانیای شێل دەکرێت.
ئەو کۆمپانیایە کە بارەگای سەرەکیی لە هۆڵەندایە، لە سەرجەم بەنزینخانەکانیدا لە سەرتاسەری تورکیا، بە دەیان زمانی جیاواز پێشوازی لە کڕیارەکانی کردووە، بەڵام زمانی کوردی پشتگوێخستووە.
شێل کە کۆمپانیایەکی هاوبەشی ئینگلیزی و هۆڵەندییە، لە تورکیا و باکووری کوردستان هەزاران نووسینگەی نەوتی هەیە و بۆ رازیکردنی کڕیارەکانی لەسەر دەرگاکەی، بێجگە لە کوردی بە زۆر زمانی وەک ئینگلیزی، تورکی و عەرەبی و چەندین زمانی بیانی نووسیویەتی "بەخێر بێیت".
شەرفهان ئایدن، سەرۆکی پێشووی ژووری تەلارسازانی ئامەد لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر داوای بایکۆتکردنی ئەو کۆمپانیایەی کرد و نووسی، "کەواتە لە ماڵەکەی خۆماندا بۆ ملیۆنان کەسمان 'بەخێر هاتن'مان نییە! ئەگەر کوردی نەبێت ئیدی شێلیش نییە".