ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە تاوەکو ئێستا هیچ مووچەیان وەرنەگرتووە، بەهۆى پێکنەهێنانى حکومەتى خۆجێیی مووچەى ئەندامانى ئەنجوومەن لە کەرکووک "فەوتاوە"، بەڵام ئەندامەکانى دیالە چاوەڕێى دەستبەکاربوونى سەرۆکى ئەنجوومەنن بۆ ئەوەى مووچەکانیان پێبدرێت.
لە 29ى کانوونى دووەمى ئەمساڵەوە، 15 ئەندامەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک سوێندى یاساییان خواردووە وەک ئەندامى ئەنجوومەن، بەڵام مووچە و دەرماڵەکانیان وەرنەگرتووە.
ئەو کێشەیە بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنە سیاسییەکان دروست بووە لەسەر پێکھێنانى حکومەتى خۆجێیی و ئەنجامدانى یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا.
پەروین فاتیح، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "چوار مانگە مووچە و دەرماڵەکانمان وەرنەگرتووە، بەهۆى ئەوەى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا نەکراوە".
بەگوێرەى یاسا، 5ی شوبات دوا وادە بووە بۆ کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لەسەر داواى پارێزگار. کۆبوونەوەى ئەنجوومەنەکە پێویستى بە ئامادەبوونی زۆرینەى سادەیە کە نۆ ئەندامە.
پەروین فاتیح گوتى: "بەوپێیەى لە ناو دادگەى پێداچوونەوەى کەرکووک سوێندى یاساییمان خواردووە، دەستبەکاربوونمان بۆ نەکراوە وەک ئەندامى ئەنجوومەن و مووچەى چەند مانگى رابردوومان فەوتاوە، تاوەکو ئەنجوومەنى پارێزگا کۆنەبێتەوە و دەستبەکاربوونمان بۆ نەکرێت مووچەمان پێنادرێت".
لە دیالە هەمان کێشەیە هەیە کە تاوەکو ئێستا حکومەتى خۆجێیی بەهۆى ناکۆکى لەسەر پۆستى پارێزگار پێکنەهێندراوە، بەڵام چارەنووسى مووچەى رابردوویان جیاوازە.
ئەوس مەهداوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کێشەى مووچەکەى ئێمە جیاوازە لە کەرکووک، ئێمە یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگامان کردووە، بۆیە ئەگەر سەرۆکى ئەنجوومەن هەڵبژێردرێت، مووچەى چەند مانگى رابردوومان بەکەڵەکەبوون بۆ خەرج دەکرێت".
5ـی شوبات ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە بە سەرۆکایەتى بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە، بەڵام دواى ئەوە هیچ کۆبوونەوەیەکى دیکەى نەکردووە بۆ ئەوەى سەرۆکى ئەنجوومەن و جێگرانى هەڵبژێردرێن، 28ى کانوونى دووەم هەر 15 ئەندامەکەى ئەنجوومەن سوێندى یاساییان خوارد.
مووچەى مانگانەى ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاکان، بەبێ دەرماڵە دەگاتە سێ ملیۆن و 500 هەزار دینار.