بودجەى خورماتوو لە ئەنجوومەنى پارێزگا یەکلادەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین تاوتاوێى دابەشکردنى بودجەى شارەکە دەکات کە زیاتر لە 300 ملیار دینارە، ئەو پڕۆژانەی بۆ نێو شارى خورماتوو پێشکێش دەکرێت، بەهاکەیان نزیکەى 18 ملیار دینارە.
 
بڕیاردان لەو بودجەیە دەبووایە لە کۆبوونەوەیەکى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى پارێزگا بووایە، یاسین داودى، ئەندامى ئەنجوومەنەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "بەهۆى سەرقاڵیی سەرۆکى لیژنەکانەوە، کۆبوونەوەکە دواخرا بۆ دواى جەژنى قوربان."
 
بودجەى تەرخانکراو بۆ سەلاحەدین لە خشتەى بودجەى 2024ـدا زیاتر لە 300 ملیار دینارە، 82 ملیار دینارى بۆ پڕۆژە بەردەوامەکانى وەبەرهێنانە.
 
یاسین داودى گوتى "زیاتر لە 83 ملیار دینار بۆ تەواوى قەزاى خورماتوو دیاریکراوە، ئەو پڕۆژانەى پێشنیازمان کردووە بۆ نێو شارى خورماتوو بودجەکەى نزیکەى 18 ملیار دینارە، کە تایبەتن بە رێگەوبان، قوتابخانە و کارەبا". 
 
یەکەمجارە لە دواى 2019ـەوە ئەنجوومەنى پارێزگاکان بڕیار لە بارەى بودجەى شارەکانیان بدەن، کە بەگوێرەى سێکتەرى جیاواز بۆ پارەدارکردنى پڕۆژەکان دابەش دەکرێن. 
 
یاسین داودى گوتی "بەرلە کۆبوونەوەى ئەنجوومەن بۆ دەنگدان لەسەر خشتەکە، رەشنووسەکەى دەدرێتە ئەندامانى ئەنجوومەن."
 
بودجەى پارێزگای سەلاحەدین لە خەرجیی وەبەرهێنان، سندووقى ئاوەدانکردنەوە، پەرەپێدانى پارێزگاکان، پشکى پترۆدۆلار پێکدێت. 
 
ساڵى 2023 تەنیا بودجەى وەبەرهێنانی سەلاحەدین بۆ پڕۆژە بەردەوامەکان 433.6 ملیار دینار بووە، بەڵام بۆ 2024 کەمکراوەتەوە بۆ 82.5 ملیار دینار، هەرچەندە ئەو پارێزگایە لە ریزبەندیی دووەمى ئەو پارێزگایانە بوو، کە زۆرترین پارەى وەبەرهێنانى خەرج کردووە، کە 50% بووە.