فەوزی هەریری: جێنشینی ئەبوزەبی متمانەی بە خوێندنەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە


رووداو دیجیتاڵ 

ئێوارەی رۆژی هەینی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئیمارات، لە ماوەی دوو ساڵدا ئەوە دووەم جارە سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەو وڵاتە دەکات. فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، جێنشینی ئەبوزەبی متمانەی بە تێڕوانینەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. 
 
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ محەممەد بن زاید، جێنشینی ئەبوزەبی سبەی شەممە بەڕێوەدەچێت. 
 
ئیمارات بە نزیکەی سێ ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەکات و "متمانەی پێی هەیە." ئێستاش کە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە ئارادایە و کۆمەڵێک پرسی دیکەی سیاسی هەن، محەممەد بن زاید "بە گرنگییەوە" لەو رووداوانە دەڕوانێت و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی تاوتوێیان دەکات.
 
لە رێوڕەسمی پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاڵای کوردستان لەپاڵ ئاڵای عێراق دانرابوو. سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "دانانی ئاڵای کوردستان بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی پێگەی بەرز دەبیندرێت و حیسابی بۆ دەکەن.. ئەوەی کرا پێشوازییەکی گەرم بوو و ئێمە هەر چاوەڕوانی ئەوە لە دۆستەکانمان دەکەین."
 
هەڵکەوت عەزیز، نێردراوی رووداو بۆ ئیمارات لە فەوزی هەریریی پرسی، ئامانجی محەممەد بن زاید لە بانگهێشتکردنی نێچیرڤان بارزانی چییە؟ ئەو وەڵامی دایەوە، "خاڵی هاوبەشی زۆر لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەن لەوانە: رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم، تووندوتیژی و بیروبۆچوونی تووندڕەویی، سەقامگیریی و گەشەپێدانی ئابووری، بەرزکردنەوەی ئاستی بژێویی خەڵک، ئەو گۆڕانکارییانەی لەوانەیە بێنەئاراوە بەهۆی گۆڕانی ئیدارەی ئەمریکا، ئەو گفتوگۆیانەی لەنێوان ئەمریکا و ئێران هەن... ئەو بانگهێشتەش بانگهێشتێکی تایبەتمەندە لەبەر ئەوەی بۆچوونی ئیمارات و بۆچوونی محەممەد بن زاید ئەوەیە کە دەتوانێت زیاتر لە خوێندنەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تێبگات. متمانەی بەوە هەیە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاگاداری زۆربەی کارەکانە و زۆربەی داهاتووەکانە، ئەوەش بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە و سەرکردە جیهانییەکان."
 
ئەمڕۆ ئیمارات بووە ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش، فەوزی هەریری لەوبارەیەوە رایگەیاند، ئیمارات توانیویەتی لە ماوەیەکی کورتدا وڵاتەکە ببووژێنێتەوە و ئاوەدانی بکاتەوە. "بەردەوام حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستانیش ئامانجەکەیان ئەوە بووە، بەڵام ناوچەکەمان سەقامگیر نەبووە و بەردەوام کێشە دەمانگرێتەوە." گوتیشی، ئەوان بەردەوام دەبن لە بانگهێشتکردنی وەبەرهێنەرانی ئیمارات بۆ هەرێمی کوردستان و سوود لە پەیوەندییەکانیان وەردەگرن. 
 
فەوزی هەریری ئەوەشی گوت، پرۆسەی سیاسیی عێراق بە گشتی "تەوەرێکی سەرەکییە" لە گفتوگۆی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێنشینی ئەبوزەبی. گوتی، "سەقامگیریی عێراق سەقامگیریی ناوچەکەیە... وڵاتانی دراوسێ و ئەمریکا هەموویان بەرژەوەندییان هەیە لە سەقامگیریی عێراق. بۆیە تەوەرەکە تەوەرێکی سەرەکی دەبێت."
 
هەر لە کۆبوونەوەکەیاندا، نێچیرڤان بارزانی و محەممەد بن زاید وەکو فەوزی هەریری ئاشکرایکرد، باسی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن. ئەو گوتی، "نێچیرڤان بارزانی ئاگاداریان دەکاتەوە لە کۆسپەکانی بەردەم هەڵبژاردنەکان... هەڵبژاردن دەبێت، بەڵام ئەگەرەکان زۆرن و کێشەکانیش زۆرن."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەند بانگهێشتنامەیەکی لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەوە پێگەیشتووە، فەوزی هەریری لەبارەی سەردانەکانی داهاتووی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی پێویست سەردانەکان دەکەن، کاتێک سەردانێک دەکەن کە بزانن سوودی بۆ هەردوولا دەبێت. ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ماوەی دوو سێ هەفتەی داهاتوو، دوو سێ دیداری دیکە کە ئێمە بە گرنگی دەنرخێنین، بە تایبەتی لە وڵاتانی عەرەبی ئەنجامدەدرێن."
 
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، مەترسییەکانی دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش بۆ ئیمارات وەکو هەرێمی کوردستان "مەترسیدارن" بۆیە ئەوەش دەبێتە تەوەرێکی کۆبوونەوەکە.