کەشناسی: لە هەولێر و دهۆک نمەباران دەبارێت

 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ ئاسمان هەور دەبێت، لە شەودا ئەگەری نمەباران لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییە بەرزەکانی پارێزگای هەولێر هەیە.
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەینێوە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی ئاسمان هەور دەبێت و پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ یەک بۆ دوو پلە دادەبەزێت.
 
ئەمڕۆ شەممە محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رۆژانی دووشەممە و سێشەممە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و سۆران تاوەبارانی کورتخایەن دەبارێت. گوتیشی، "لە سنووری هەولێر و دهۆک تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکان نمەباران دەبارێت."
 
ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەش کرد، لەو شوێنانەی ئەگەری بارانبارین هەیە تەپوتۆزیشی لەگەڵدا دەبێت. گوتیشی، "لەو دوو رۆژەدا لە هیچ شوێنێک باران چوار ملـلیمەتر تێناپەڕێنێت."
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای سبەی یەکشەممە بەم شێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 31 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 29 پلەی سیلیزی
دهۆک: 28 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 34 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 29 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 29 پلەی سیلیزی
سۆران: 27 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 20 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 36 پلەی سیلیزی