کوردستان

بارهەڵگرەکان لە سێڕیانی هیزۆپ وەستاون و مانیان گرتووە، کە بە شاڕێگەی نێوان سلێمانی و هەولێر و رانیە دادەنرێت
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک شۆفێری بارهەڵگر رەخنە لە سنووردارکردنی هاتووچۆیان دەگرن و بە داخستنی سێڕییانی هیزۆپ، بایکۆتی بار گواستنەوەیان راگەیاندووە، دەشڵێن، "تاوەکو داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێن لە بایکۆت بەردەوام دەبین."
ئەمڕۆ شەممە 11-05-2024 ژمارەیەک شۆفێری بارهەڵگر لە سێڕییانی هیزۆپ، کە شارێگەی نێوان سلێمانی، رانیە و هەولێرە، گردبوونەوە و رێگەکەیان بەسەر بارهەڵگراندا داخستووە.
بۆ رێگری لە رووداوی هاتووچۆ و خراپیی رێگە، هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە هەندێک رێگەی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر لەلایەن هاونیشتمانییان و حکومەتەوە سنووردار کراوە، ئەمەش بەربەستی بۆ شۆفێری بارهەڵگرەکان دروستکردووە و دەڵێن، "ئێستا هیزۆپ تاکە رێگەیە بۆ ئێمە و لۆدێکی زۆری لەسەرە، بە سێ یان چوار رۆژ دەگەینە هەولێر، بۆیە گردبووینەتەوە."
شۆفێر بارهەڵگرێک لە شوێنی گردبوونەوەکە بە ئەبوبەکر ئیسمائیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە لێرە رێگەمان لە خەڵک نەگرتووە و ئۆتۆمبێلی تایبەت هاتووچۆ دەکەن، رێگە لە خەڵک ناگرین، بەڵام رێگەی بارهەڵگرمان گرتووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە رێگەمان نەماوە بچین بۆ هەولێر، سلێمانی یان رانیە، ئەو شاڕێگەیانەی پێشتر هاتووچۆمان پێدا دەکرد، ئێستا هەموویان گیراون. لە کۆیە، سماقوڵی و بالیسان خەڵک رێگریمان لێ دەکەن."
شۆفێرێکی دیکەی بارهەڵگر بە رووداوی گوت، "رێگەکە چاڵی زۆریان تێدایە، تا ئەو کاتەی داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێت، هەر لێرە دەمێنینەوە، بۆ ئەوەی بە هەر شێوەیەک بێت رێگەکانمان بەسەردا بکرێنەوە."
هاوکات خۆپێشاندەرێکی دیکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "تاوەکو ئێستا کەس بەپیر داواکارییەکانمانەوە نەهاتوون، نەک تەنیا ئەمڕۆ بەڵکو زۆربەی کاتەکان کە گردبوونەوە دەکرێت، بەرپرسان چاوەڕێی ئەوە دەکەن خەڵک بۆ خۆی واز بهێنێت و بگەڕێنەوە ماڵەکانیان."
ئەو شۆفێرانەی بارهەڵگرەکان لە سێڕییانی هیزۆپ گردبوونەتەوە، بایکۆتی بار گواستنەوەیان کردووە و رایانگەیاندووە، تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێن، رێگە بە گواستنەوەی سووتەمەنی، کەرەستەی بیناسازی و خۆراک نادەن.
هاونیشتمانییانی کۆیە و سماقوڵی هۆکاری رێگریکردنیان لە هاتووچۆی بارهەڵگرەکان بۆ خراپیی رێگەوبان و مەترسیی دروستبوونی رووداوی هاتووچۆ دەگەڕێننەوە.
دوای رووداوە هاتووچۆکانی 6ی نیسان؛ سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، جێگری سەرۆکوەزیران بەدواداچوونی بۆ رووداوەکان کردووە و هاتووچۆی سلێمانیی راسپارد، رۆژانی هەینی هاتووچۆی بارهەڵگر لە رێگەکانی دەرەوەی شار قەدەخە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ