محەممەد شیاع سوودانی: کوردستان قوربانیی زۆری بۆ ئازادی داوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانیدا لە بارزان، گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند "کوردستان قوربانییەکی زۆری بۆ ئازادی داوە... کاتێک بزووتنەوەی کوردی پەرەی سەند، رووبەڕووی تاوانەکانی سەدام بووەوە."
رۆژی پێنجشەممە، 11ی ئایاری 2023، محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بارزان ئامادەی رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی بوو، کە خۆی لە مۆزەخانە و گەلەری و چەند بەشێکی دیکەی کولتووریدا دەبینێتەوە و مێژووی ئەزموونی سیاسی و خەباتی مستەفا بارزانی دەخاتەڕوو.
بەو بۆنەیەوە، سوودانی لەبارەی بارزانەوە لە گوتارەکەیدا گوتی، "ئەمڕۆ پێکەوە لەسەر زەوییەک وەستاوین کە شایەتحاڵی مێژووی گەلێکە و بۆ چەندین دەیە بەرهەڵستیی ستەم و چەوساندنەوەی کردووە و جوانترین جۆرەکانی قوربانیدانی لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتدا پێشانداوە، بۆ ئەوەی لاپەڕەی مێژوویی گەورە لە خەباتی گەلی کوردیمان بەتایبەتی و گەلی عێراقیمان بە گشتی بنووسێتەوە."
سوودانی باسی لەوە کرد، "شەهیدانی گەلی کوردیمان و شەهیدانی تەواوی بزاڤی نیشتمانیی عێراقی ویستیان وڵاتێک بۆ نەوەکانیان بە میرات بهێڵنەوە کە تێیدا دادپەروەری و یەکسانی گەشە بکات و هاووڵاتیی بە رێزلێگیراوی، شکۆمەندی و سەربەرزییەوە تێیدا بژیت،" جەختیشی کردەوە کە حکومەتەکەی لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیان بەردەوام دەبێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق "خەبات و قوربانیدان"ی بزاڤی نیشتمانیی کوردی لە دەیەکانی سەدەی رابردوو و سەرکردایەتیی مستەفا بارزانیی لە دژی "ستەمکاران" و "خۆسەپێنیی بەعسی سەددامیی و تاوانەکانی" وەبیرهێنایەوە و گوتی، ئەوە "سەلماندی کە گەلی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، گەلێکە بندەستی رەتدەکاتەوە و ستەم و چەوساندنەوە قبووڵ ناکات."
لەبارەی باوکی سەرۆک بارزانی و باپیری سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە سوودانی گوتی، "قوربانیدان شتێکی نوێ نییە بۆ باوباپیر و شەهیدەکانمان لە هەموو چین و توێژ، ئایین و مەزهەبەکانی عێراقی خۆشەویست. یەکێک لەو پیاوانەی کە ئەمڕۆ وەبیری دەهێنینەوە و ئەم سەکۆیە گەورەیەی بە ناویەوە دەکەینەوە، کەسایەتیێکی نیشتمانی و مێژووییە، کە ئەوەیش سەرکردەی کۆچکردوو، مەلا مستەفا بارزانییە. هەروەها ئەو ژیاننامە بەخشندەیەی کە بۆ پرسی کورد هەیبوو، وەبیردێنینەوە، کە بریتییە لە پرسی عێراق و ئازادکردنی لە چنگی خۆسەپێنی و ستەم."
لە رێوڕەسمەکەدا، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرپرسانی حکومەتی عێراق، دیپلۆمات و بەرپرسانی بیانیش ئامادەبوون، لە نوێیاندا، سەرۆک بارزانی، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی؛ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق؛ جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و سەرکردەی پارتە سیاسیییەکانی دیکەی عێراق.
لەبارەی یادگەکەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "دروستکردنی سەکۆیێکی لەم شێوەیە بۆ زیندووڕاگرتنی یادی پیاوە مەزنەکان، وەفایێکە بۆ ئەو شتەی لە ژیانیاندا پێشكێشیان کرد، هەر ئەو قوربانیانەش بوون کە بوونە بناخەی ئازادبوون، یەکگرتوویی و سەرکەوتنی عێراق بەسەر داگیرکاران و تیرۆر و هەروەها پێکەوەکارکردنی رۆڵەکانی و یەکخستنی چارەنووسیان. پێویستە ئەم وێنەیە بگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو، کە ئەویش وێنەی بەخشندەیی پیاوانی نیشتمان و هەڵوێستەکانیانە."
دروستکردنی وڵاتی "دادپەروەری، یەکسانی، خۆشگوزەرانی و شکۆمەندی"
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەش کرد، "شەهیدانی گەلی کوردیمان و شەهیدانی تەواوی بزاڤی نیشتمانیی عێراقی ویستیان وڵاتێک بۆ نەوەکانیان بە میرات بهێڵنەوە کە تێیدا دادپەروەری و یەکسانی گەشە بکات و هاووڵاتیی بە رێزلێگیراوی، شکۆمەندی و سەربەرزییەوە تێیدا بژی."
سوودانی ئاماژەی بەوەش کرد، وەکو "بەرپرسیارێتی" بەرامبەر خوێنی شەهیدان، پێویستە بە "رێبازی گەشەکردن و خۆشگوزەرانی و بونیادنان بەرەو پێش بڕۆین و گۆڕانکاری دروستبکەین، دامودەزگاکانی وڵات چاکبکەین، تا دەگەینە ئەو حکومەتە خزمەتگوزارەی کە لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتی تێدەکۆشێت و رەزامەندیی خوای گەورە و باڵادەست و رەزامەندیی رۆڵەکانی گەلەکەی لە باکوورەوە تا باشووریەوە بەدەستدێنێت."
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی، "بەدەستهێنانی رەزامەندی و متمانەی گەل لە هیچەوە یان لە خۆیانەوە دروست نابن، بەڵکو ئاڵنگاریێکی گەورەیە. پێویستە چاوەڕێی کاتێک بۆ کارکردن و بونیادنان نەکەین، چونکە ئەرکەکە هەموو ئێمەی عێراقی دەگرێتەوە، چ لە هەرێمی کوردستان بن، یان لە هەر شار و ناوچەیەکی نێوەڕاست و باشوور و رۆژئاوا بن. ئێمە لە رۆژی یەکەمی پێکهێنانی حکومەتەوە، کارە لەپێشینەکانی حکومەتمان دیاریکردوون، بنەمای هاوتەریبکردنی قسە لەگەڵ کردارمان کردە پەیڕەوی خۆمان بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو دۆسیانە بکەین کە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە هاووڵاتییەوە هەیە."