تۆمەتبارانی سەرەکیی شەڕەکەی نێو بازاڕی دهۆک دەستگیر کران
رووداو - دهۆک
شەش لە تۆمەتبارە سەرەکییەکانی شەڕەکەی شەوی رابردووی نێو بازاڕی دهۆک دەستگیر کران.
زێرەڤان بەرۆشکی، بەڕێوەبەری ئاسایشی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەلایەن هێزەکانیانەوە شەش کەس کە تۆمەتباری سەرەکیی شەڕەکەی ناو بازاڕی دهۆک بوون، دەستگیر کراون و رادەستی هێزەکانی پۆلیسیان دەکەن.
بەڕێوەبەری ئاسایشی دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، دوای شەڕەکە دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەو کەسانە دەرکردووە و "لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا هێزەکانمان توانییان دەستگیریان بکەن، یەکێک لە تۆمەتبارەکان چەکی بەکارهێناوە و دەست بەسەر چەکەکەشدا گیراوە."
شەوی رابردوو لە نێو بازاڕی دهۆک شەڕ لە نێوان چەند کەسێکدا دروستبوو، کە لە ئەنجامی شەڕەکەدا پێنج کەس بریندار بوون، سێ لەوانە بە گوللە و یەکێکیان بە چەقۆ و ئەوی دیکەش بە دار و بەرد.
بە گوتەی هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک، ئەوانەی شەڕیان کردووە، ناسیاوی یەکدی بوون و "شەڕەکە لەسەر قەرز بووە."
لەسەر رەوشی بریندارەکان، دکتۆر مستەفا شوکری، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، دۆخی تەندروستییان جێگیرە و زۆربەیان بەشی خوارەوەی جەستەیان بریندار بووە.
گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک ئەوەشی خستەڕوو، دوای رووداوەکە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە پەڕاویان بۆ رووداوەکە کردەوە و بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەکانیان.