عەمار حەکیم: خەباتی هاوبەشی کورد - شیعە وەکو هەڵوێستێکی گەواهیدەر و تۆمارکراو دەمێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی رایدەگەیێنێت، خەباتی کوردی - شیعی هاوبەش و هەڵوێستی سەرکردەکانی شیعە و کورد، هەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە وەکو گەواهیدەر و تۆمارکراو هەر دەمێنێتەوە. دەشڵێت، سەرکەوتنی ئەزموونی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت و پشتیوانیکردنی رێچکەکانی حکومەتی نوێی عێراق، پێویستە وامان لێبکەن زیاتر هاوکار بین و کاری هاوبەش بکەین.
عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی رۆژی پێنجشەممە 11-05-2023 لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانیدا لە بارزان گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "خۆشحاڵم جارێکی دیکە لەنێو کەسوکار و خۆشەویست و هاوڕێیانی خەباتم لە هەرێمی کوردستانی خۆشەویستدا کە یادی سەرکردەی نەمری کوردی عێراقی مەلا مستەفا بارزانی دەکەینەوە، کە کاریگەریی گەورەی هەیە بەسەر رێچکەی مێژووی هاوچەرخی وڵاتەکەمان."
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، یادگەی نیشتمانیی بارزانی بە "دەستکەوتێکی گرنگ و جۆری" ستایش کرد، کە هاوکاری نەوەی داهاتوو دەبێت تاوەکو ئاشنای مێژووی خەباتەکەیان بن، بۆ بنیادنانی ئێستا و ئایندەی گەشەسەندوویان. حەکیم گوتیشی، "کەسایەتیی کاریگەری وەکو مەلا مستەفا بارزانی بە مێژووی پرشنگداری نیشتمانییەکەی، خاوەن ئەزموون، بەربەرست و ئاستەنگی بینیوە و هەڵوێست و دەستکەوتی زۆر هەبووە، ئەمەش وامان لێدەکات هەڵوەستەی زۆری لەسەر بکەین بۆ لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی رێبازی ئەو سەرکردانە لە هەڵوێست و رێچکە و سوود وەرگرتن لەو هەگبە و کاریگەرییەکان."
حەکیم باسی لەوەش کرد، "خەباتی دوور و درێژی کورد دژی پەراوێزخستن و نادیدەگرتن و جیاکاری، گرێدراوە بەو قوربانیدانە گەورەی گەلی عێراق بە هەموو ناونیشان داوایانە و لە هەموو شوێنێکی وڵات کاری پێکەوەیی بەدیدەکرێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەمار حەکیم باسی خەباتی هاوبەشی کورد و شیعەی کرد و گوتی، "خەباتی هاوبەشی کورد - شیعە و هەڵوێستی سەرکردەکانی شیعە و کورد و پێکهاتە رێزدارەکانی دیکە، لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە و بە درێژایی سەردەمەکاندا هەر بە هەڵوێستێکی گەواهیدەر و تۆمارکراو دەمێنێتەوە، لە سەرووی هەموویانەوە پەیوەندیی مێژوویی نێوان سەرکردەی کۆچکردوو مەلا مستەفای بارزانی و خێزانە بەڕێزەکەی و لەگەڵ ئیمام سەید موحسین حەکیم و خێزان و دەوروبەرەکەی لە زانا و جیهادکاران، ئەمە ئەوپەڕی مانای برایەتی و وابەستەیی و نیشتمانپەروەری و خەباتی هاوبەشە."
هەروەها جەختی لەوەش کردەوە، ئەمڕۆ لە کاتی بەبیرهێنانەوەیەکی نوێین و جەخت لە پتەویی ئەو پەیوەندییە دەکەنەوە، "پێویستە بەردەوام بێت و ئێستا و ئاییندەی لەسەر بنیادبنرێت لە چوارچێوەی هاوسۆزیی نیشتمانی و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراق، پێموایە گەلی کوردی خۆشەویست ئەم واتایانەی وێنا کردووە لەو مێژووە پرشنگدارەیدا، ئەمەش وامان لێدەکات ئەو پەیوەندییانە پتەوتر بکەن."
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لەبارەی تەبایی و یەکڕیزیدا هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی بە نموونە هێنایەوە و گوتی، "سەرکەوتنی ئەزموونی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت و پشتیوانیکردنی رێچکەکانی حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی برام سوودانی لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پەرەپێدان و خزمەتگوزاری و نیازە باشەکانی لە خزمەتکردنی سەرجەم رۆڵەکانی گەلی عێراقی لە زاخۆوە تاوەکو فاو. سەقامگیری سیاسی و گەشبینیی کۆمەڵگە و کارلێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی، پێویستە وامان لێبکات زیاتر هاوکار بین و کاری هاوبەش بکەین، بۆئەوەی عێراق لە قۆناخ و رێچکەی رابردوو ببەینە قۆناخی چەسپاوی و چالاکی، کار و کاریگەریی ئەرێنی."