گووگڵ زمانی کوردی (سۆرانی) بۆ خزمەتگوزاریی وەرگێڕانەکەی زیادکرد


رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای گووگڵ 24 زمانی دیکەی بۆ خزمەتگوزاریی وەرگێڕانی گووگڵ زیادکرد و یەکێک لەوانە زمانی کوردی (سۆرانی) یە. گووگڵ دەڵێت، نزیکەی هەشت ملیۆن کەس بەو زمانە قسە دەکەن و زۆربەیان لە عێراقن. 
 
لە راگەیێندراوێکدا، ئەمڕۆ چوارشەممە، گووگڵ رایگەیاند، ئامانجی ئەوان ئەوەیە خەڵکی لە هەموو ناوچەکانی جیهان بتوانن پەیوەندی بەیەکەوە بکەن. ئەمڕۆش 24 زمانی دیکەیان زیادکردووە و تەواوی ئەو زمانانەی لە ئێستا خزمەتگوزاریی وەرگێڕانی گووگڵ بەردەستن، 133 زمانن. 
 
پێشتر گووگڵ زمانی کوردی (کورمانجی سەرووی) بۆ خزمەتگوزاریی وەرگێڕانەکەی زیادکردبوو، بڕیارە لە ماوەی داهاتووشدا زمانی کوردی (سۆرانی) بەردەست بێت بۆ بەکارهێنەران.
 
زیاتر لە 300 ملیۆن کەس بەو زمانە نوێیانە قسە دەکەن کە گووگڵ زیادی کردوون، لەوانە زمانی میزۆ کە لەلایەن 800 هەزار کەسەوە لە باکووری رۆژهەڵاتی هیندستان بەکاردەهێندرێت. 
شێوەزاری سۆرانیی زمانی کوردی، زمانی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. بەشێوەیەکی سەرەکی لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین لە هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە باشووری کوردستان بەکاردەهێندرێت. لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەهەمانشێوە شێوەزاری کورمانجیی خواروو بەکاردەهێندرێت. 

 
لیستی بەشێک لەو زمانە نوێیانەی زیادکراون بەمشێوەیەن: 
 
- کوردی (سۆرانی): لەلایەن نزیکەی هەشت ملیۆن کەسەوە بەکاردەهێندرێت.
 
- ئاسامێسێ: لەلایەن نزیکەی 25 ملیۆن کەسەوە لە باکووری رۆژهەڵاتی هیندستان بەکاردێت.
 
- ئەیمارا: لەلایەن نزیکەی دوو ملیۆن کەسەوە بەکاردەهێندرێت لە چیلی و پیرۆ
 
- بامبارا: لەلایەن 14 ملیۆن کەسەوە لە مالی بەکاردەهێندرێت. 
 
- بهۆجپوری: لەلایەن نزیکەی 50 ملیۆن کەسەوە لە هیندستان، نیپاڵ و فیجی بەکاردێت
 
- کریۆ: لەلایەن نزیکەی چوار ملیۆن کەسەوە لە سیێرا لیۆن بەکاردەهێندرێت

- مەیسیلی: لەلایەن نزیکەی 34 ملیۆن کەسەوە لە باکووری هیندستان بەکاردەهێندرێت

- لینگالا: لەلایەن نزیکەی 45 ملیۆن کەسەوە لە کۆماری کۆنگۆ، کۆماری ئەفریقای نێوەڕاست و ئەنگۆلا و باشووری سوودان بەکارەهێندرێت
 
بۆکان حەسەن ئەحمەد، گەنجێکی دانیشتووی هەڵەبجەیە و هەوڵێکی زۆری داوە بۆ زیادکردنی زمانی کوردی (سۆرانی) لە وەرگێڕانی گووگڵ، دەڵێت، "کۆمپانیای گووگڵ بەڕەسمی پیرۆزبایی لە بەندە کرد و لە چەند رۆژی داهاتوودا بە هەموو بەکارهێنەرانی کورد دەگات."